دۆخی پاشاگەردانی بەردەوام برەوی هەیە لەنێو و دەوروبەری شاری ئیدلیبی باکوری سوریا، کە بەدەگمەن رۆژێك تێپەڕدەبێت بەبێ تیرۆر و تەقینەوە و دەستبەسەرکردن.
چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف، کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا لەترسی سەلامەتی خۆی، وتی ترس گەیشتۆتە ئاستی ئەوپەڕی لە ئیدلیب، کە لهژێردهستی تەحریر شامدایه، هاوپەیمانێتیەکی توندڕەو كه لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشوەوە کۆنترۆڵکراوە.
عەساف بە دیارونای وت: "پاسەوانەکانی تەحریر شام هیچ کارێك ناکەن بۆ وەستاندنی پاشاگەردانیەکە."
ئەندامی ئەنجومەنی شاری ئیدلیب تەریف سەید عیسا ووتی دووشەممە (15 کانونی دووەم) کرایە ئامانجی هەوڵێکی تیرۆرکردن، کاتێك بۆمبێکی دەستکرد نزیك ئۆتۆمبیلەکەی تەقیەوە لە فولكهی جەڕا.
![چەند بینایەکی نێو شاری ئیدلیب زیانی گەورەیان بەرکەوت کاتێك بۆمبێکی دەستکرد لە سەرەتای ئەم مانگەدا تەقیەوە. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]](/cnmi_di/images/2018/01/17/11145-Idlib-damaged-buildings-600_384.jpg)
چەند بینایەکی نێو شاری ئیدلیب زیانی گەورەیان بەرکەوت کاتێك بۆمبێکی دەستکرد لە سەرەتای ئەم مانگەدا تەقیەوە. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساف]
بەڵام عیسا رزگاری بوو لهو هێرشه بۆسهر ژیانی و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە کە لەوێ نەشتەرگەریی بۆ کرا.
عەساف وتی عیسا یەکێك بوو لەوانەی دەسەڵاتی تەحریر شامی رەتکردەوە و بەمدواییانە رووبهڕووی هەوڵەکانی بووهوه بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەنجومەنەکە بە دەستنیشانکردنی کەسانێکی سەر بە گروپهكه بۆ بهڕێوهبردنی شارەکە.
وتیشی عیسا پێشتر هەڕەشەی راستەوخۆی پێدەگەیشت لەلایەن هاوپەیمانێتیەکەوە.
عەساف وتی تیرۆركردنەکانی ئەمدواییە نەك تەنیا هەر دژەکانی تەحریر شام، بەڵکو ئەندامان و ئەمیرەکانی هاوپەیمانێتیەکە خۆیشی کردۆتە ئامانج.
وتی لەنێویاندا ئەمیرێکی توندڕەوی تەحریر شامی تێدابوو کە ناسرابوو بە ئەبو حەمزە تورکی، کە لە شەڕی راستەوخۆدا کوژرا بە گوللەیەك بۆ سەری لە ناوچەی بیرەت ئەرمەناز لە باکوری ئیدلیب له بەیانی دووشەممەدا.
وتیشی: "هێرشبەرەکان نەدۆزراونەتەوە، بەڵام سروشتی دەستەویەخەی تیرۆرکردنی تورکی ئاماژە بەوە دەکات خەڵکێکی نزیك بەخۆی کردوویانە."
هەفتەی رابردوو، تەقینەوەیەکی گەورە لە شەقامی سەلاسین بووە هۆی كوشتن و برینداربوون و زیانی گەورەی گەیاند به دەوروبەری بیناکە.