ئاساییش

بەرپرسان: قائیم 'بەتەواوی پاککراوەتەوە' لە پاشماوەی تەقەمەنیه‌كانی جەنگ

خالید تائی

image

سەربازانی عێراقی شمەکی کۆمەك کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە هاتووە، دەدەنە دەست دانیشتوانی قائیم، لەم وێنەیەدا کە 5 تشرینی دووەم 2017 پۆستکراوە لەسەر ئینتەرنێت. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە وەرگیراوە]

شاری سنووریی قائیم لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار تۆزی جەنگ لەخۆی دەتەکێنێت و دەستدەکات بە پێشوازیکردن لە دانیشتوانه‌كه‌ی دوای چەندین ساڵ لە ئاوارەیی.

قایمقامی قائیم ئەحمەد جدیان دوله‌یمی بە دیارونای وت هەموو هەفتەیەك، نزیکەی 400 خێزان رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان دوای ئەوەی پشکنینی ئەمنی توندیان بۆ دەکرێت.

وتی شارەکە، کە لە 3 تشرینی دووەم لە دەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکرا لە هەڵمەتێکی خێرادا، بەتەواوی لە تەقەمەنی پاککراوەتەوە و خزمەتگوزارییەکان گەڕێندراونەتەوە.

وتیشی خێزانە ئاوارەکان چوار هەفتە لەوەوبەر دەستیانکرد بە گەڕانەوە بۆ قائیم و ئاماژەشیکرد بەوەی نزیکەی 1,500 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان تا 9 کانونی دووەم.

هه‌روه‌ها وتی هێزە ئەمنیەکان هەموو دووشەممە و هەینییەك رێ بە خێزانەکان دەدەن بگەڕێنەوە و وتیشی پشکنینی ئەمنی دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ ئەندامێکی داعش لەنێویاندا نیە کە هەوڵی دزەکردن بدات بۆ نێو شارەکە.

دوله‌یمی وتی فایلی ئاوارەکان "ئەولیەویەتی تەواو"ی هەیە بۆ بەرپرسانی ناوچەکە.

لەکاتێکدا پێشتر قائیم 180,000 کەسی تێدابوو، ئێستا ژمارەکە لە 40,000 کەس زیاتر نیە کە لە شارەکە و لە دەوروبەریدا دەژین.

دوله‌یمی وتی: "هەوڵدەدەین هەموو ئەو ئاستەنگانە لابدەین کە لەڕێی گەڕانەوەی ئاوارەکاندان بۆ ماڵەکانیان. شارەکە بەتەواوی پاککراوەتەوە لە مینی زەمینی و بۆمبی نێو ماڵەکان بەهۆی هەوڵە ئازاکانی سوپا و خێڵەکانەوە."

وتیشی: "توانیمان بەسەر ئەم ئاستەنگە زەبەلاحەدا سەربکەوین و دڵنیایی بدەینەوە بە خێزانە ئاوارەکان کە لەئێستادا گەڕەکەکانیان تەقەمەنییان تێدانیە و دۆخی ئەمنی سەقامگیرە."

گەڕانەوەی خزمەتگوزاریه‌كان

دوله‌یمی وتی ماڵەکانی قائیم تەنیا زیانێکی کەمیان بەرکەوت لە شەڕی دژی داعشدا و وتیشی کە "ئەمە هاندەرە و یارمەتی خێرا گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدات بۆ ماڵەکانیان".

هه‌روه‌ها وتی کێشەی سەرەکی ئەو زیانە گەورەیەیە بەر ژێرخان کەوتووە، کە کاریگەریی دەبێت بۆ سەر دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بەتایبەتی کارەبا و ئاو.

وتیشی: "لەئێستادا کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەنگاوی گەورەمان ناوە بۆ ئەو ئامانجە، بەڵام پرۆسەی بنیاتنانەوەی بیناکان و ژێرخان کە تیرۆریستان تێکیانشکاندووە و تاڵانیانکردووە هەم کاتی زۆر و هەم پاڵپشتی بەرچاوی دەوێت."

توندڕەوان هێرشیانکردۆتە سەر زۆربەی تاوه‌رەکانی گواستنەوەی کارەبا، کە کاریگەری بۆ سەر دابینکردنی کارەبا هەبووە.

وتەبێژی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار عه‌ید عەماش وتی: "تۆڕی کارەبا و وێستگەکانی وزەی وەك وێستگەی گازی عوکاز بەتەواوی تێکدراون."

عەماش بە دیارونای وت سێ هێڵی بۆریی گاز، به‌درێژایی 100 کیلۆمەتر لەنێوان قائیم و راوەدا، تاڵانکراون و تێکشکێنراون.

دوله‌یمی وتی بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی کارەبا، شارەکە 40 محەویلەی گەورەی کارەبایی بۆ دابینکراوە.

وتیشی وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە دووبارە کاردەکەن، بەڵام تەنیا بەنیوەی توانای خۆیان.

هه‌روه‌ها وتی "چەندین خوێندنگە دەرگاکانیان کردۆتەوە بۆ خوێندکاران، بەڵام کورتهێنانی ستافی خوێندنگەمان هەیە" بەهۆی ئەوەی زۆربەیان هێشتا ئاوارەن.

وتیشی هەندێك خوێندنگە کەوتوونەتە کەنارەکانی رومانە، عوبێدی و سەعدە "تەنیا بە دوو یان سێ مامۆستاوە" کاردەکەن.

دوله‌یمی وتی ئەمە بۆ هەموو دەزگاکانی خزمەتگوزاری تەندروستیش راستە. نەخۆشخانەی گشتی قائیم و عوبێدی چاککراونەتەوە و ئامادەن بۆ کردنەوەی دەرگاکانیان، بەڵام ژمارەی دکتۆر و ستافی خزمەتگوزاری تەندروستی بەپێی پێویست نیە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای قائیم حەمید نەوار بە دیارونای وت کە حکومەتی خۆجێی هەوڵدەدات هەموو بەربەستەکان لابدات و ژینگەیەکی خزمەتگوزاری گونجاو پێشکەش بە دانیشتوان بکات.

وتی بەڕێوبەرێتیەکانی کەرتی گشتی لە شارەکە، لەنێویاندا دەسەڵاتی خۆجێی و بیناکانی ئەنجومەنی خۆجێی کراونەتەوە و چالاکی نێو بازاڕ گەڕاوەتەوە، هەرچەندە هێشتا هێواشە چونکە هەموو ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە.

نەوار جەختی كرده‌وه‌ لە گرنگیی گەشەپێدانی "پرۆسەیەکی ئاسانتر و چالاکتر بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەکان".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)