هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بنیاتنانەوە به‌خێرایی هەنگاودەنێت لە شارەکانی ئەنبار

خالید تائی

ئەم وێنەیە کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووه‌وە لە 14 تشرینی دووەم کرێکاران پیشاندەدات کە قوتابخانەیەکی زیانبەرکەوتوو چاکدەکەنەوە لە فەلوجە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی قائیمقامی فەلوجە وەرگیراوە]

ئەم وێنەیە کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووه‌وە لە 14 تشرینی دووەم کرێکاران پیشاندەدات کە قوتابخانەیەکی زیانبەرکەوتوو چاکدەکەنەوە لە فەلوجە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی قائیمقامی فەلوجە وەرگیراوە]

لە شارەکانی رەمادی و فەلوجە حکومەتی خۆجێیی و فیدراڵی کاردەکەن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان بۆ چاککردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاریەکان کە زیانیان بەرکەوتووە لە کاتی شەڕەکانی وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.

قائیمقامی فەلوجە، عیسا سائیر، بە دیارونای وت دەسەڵاتدارانی نێوخۆیی "هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی بنیاتنانەوە" و ئاماژەشی دا بەوەی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لەلایەن سندوقی ئاسانکاری بۆ سەقامگیرییەوە چاودێریدەکرێن.

سندوقەکە کە لە 2015 لەلایەن پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزرا لەسەر داوای سەرەکوەزیرانی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وادانراوە یارمەتی خێرای سەقامگیری بدات لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان.

ئامانجی ئەوەیە متمانه‌ بگێڕێتەوە بۆ رۆڵی سەرەکی حکومەت لەو ناوچانەی لەده‌ست داعش رزگاركراون و هەستێکی بەرەوپێشچوون بدات بە دانیشتوان و بەمدواییانە پاڵپشتی بەدەستهێناوە بۆ کارکردن لە 28 ناوچە، لەنێویاندا فەلوجە.

کرێکارانی شاری رەمادی پارێزگای ئەنبار کاردەکەن بۆ چاککردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ لەم وێنەیەدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووه‌وە لە 2 ئاب. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی قائیمقامی رەمادی وەرگیراوە]

کرێکارانی شاری رەمادی پارێزگای ئەنبار کاردەکەن بۆ چاککردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ لەم وێنەیەدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووه‌وە لە 2 ئاب. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی قائیمقامی رەمادی وەرگیراوە]

سائیر وتی: "لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا ئێمە توانیومانە 3,000 خانو لە کۆی 8,000 خانو چاکبکەینەوە تا ئەم بەروارە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە زیانیان بەرکەوتبوو."

وتیشی پرۆژەکە هەروەها سێکتەری تەندروستیش لەخۆدەگرێت لەگەڵ 5,000 بنکەی تەندروستی زیانلێکەوتوو لەگەڵ نەخۆشخانەی فەلوجە کە لە پلانی بنیاتنانەوەکەدایە.

هەروەها وتی: "سێ کۆلێژ لەکۆی پێنج کۆلێژی شارەکەش زیادکراون و بەمدواییانە چاککراونەتەوە" و "53 قوتابخانە لەکۆی 175 قوتابخانە کە بەکەمی یان بەتەواوی زیانیان بەرکەوتبوو بنیاتنراونەوە".

چاککردنەوەی کارەبا و پردەکان

سائیر وتی: "وێستگەی کارەبای شیمالیە کە وێستگەی سەرەکی شارەکەیە بەتەواوی چاککراوەتەوە لەگەڵ وێستگەکانی کارەبای شەرقیە و ناسر."

"هەرچەندە ئەو وێستگانە ئێستا کاردەکەن چەند گەڕەکێك هێشتا کارەبای سنوردایان پێدەدرێت بەهۆی زیان بەرکەوتن بە هێڵی سەرەکییه‌وه‌ کە چاکدەکرێتەوە."

سائیر وتی: "لە بەشی باکوری شارەکە کە چەند گەڕەکێك لەخۆدەگرێت وەك شورتە و سوبات و جۆلان، پێدانی کارەبا باشە و لە توانای له‌سەدا 85 دایە. بەڵام ئەو رێژه‌یه‌ داده‌به‌زێت بۆ لەسەدا 33 لە گەڕەکەکانی باشور وەك جوبەیل و نەزال و ریسالە."

وتی: "تۆڕی پێدانی ئاویش بەسەختی زیانی بەرکەوتووە بەڵام ئێمە بەردەوامین له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌."

وتیشی پردەکانی فەلوجە زیانی زۆریان بەرکەوت لەکاتی شەڕی وەدەرنانی داعشدا و ئاماژەشی دا بەوەی پردی نوێی کۆنکرێتی فەلوجە کە بەستەرەوەی سەرەکی نێوان شارەکە و رەمادیە ئێستا چاکدەکرێتەوە.

هه‌روه‌ها وتی: "چاککردنەوەی پردی یابانی و پردی ئاسنینی فەلوجەش لەژێر پرۆژەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکاندان بۆ سەقامگیری."

وتی پردی تریش هەن وەك سەقلاویە، تەقسیم، سەرسار، حیلوە و عەنەز لە دەوروبەری فەلوجە کە لەلایەن سندوقی بنیاتنانەوەی نیشتیمانیەوە سەرپەرشتیدەکرێن بۆ ناوچە ئازادکراوەکان بەڵام هێشتا کارکردن دەستیپێنەکردووە.

ژێرخانی سەرەکی چاککراوە

قائیمقامی رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، بە دیارونای وت لە رەمادی زۆربەی ژێرخانی سەرەکی شارەکە چاککراوەتەوە بەڵام هێشتا به‌ توانای تەواویه‌وه‌ کارناکات.

وتیشی خزمه‌تگوزارییه‌كان بەزۆری زیانیان بەرکەوتووە.

هه‌روه‌ها وتی: "165 یه‌كه‌ی ئاوی خواردنەوە هەن لەناو و دەوروبەری رەمادیدا کە بەشی زۆریان چاککراونەوە بەڵام بە نیوەتوانا کاردەکەن. سیستمی ئاوەڕۆ کە بەهۆی بۆمبه‌ چێنراوه‌كانی تیرۆریستانەوە زیانیان بەرکەوتووە لەگەڵ وێستگەی کارەبا چاککراونەتەوە."

وتیشی بەپێچەوانەوە نزیکەی لەسەدا 80 رێگا سەرەکی و لاوەکیەکانی شارەکە کە زیانیان بەرکەوتبوو بە بۆمبی چێنراو بەتەواوی چاککراونەوە.

وتی لە 200 قوتابخانەی زیانبەرکەوتوو 23 قوتابخانە چاککراونەوە.

وتیشی: "لە هەوڵێکدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە، قوتابخانەی سەفەریمان دابینکردووە به‌شێوه‌یه‌كی كاتی."

عەوسەج وتی: "کۆلێژەکانی زانکۆی ئەنبار ئێستا کراونەته‌وە و پۆلەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەبرێن، هەرچەندە چوار کۆلێج=ژ لەکۆی 13 کۆلێژ هێشتا دەبێت بەتەواوی چاکبکرێنەوە."

'رێگایەکی دورودرێژ له‌به‌رده‌مدایه‌'

سەبارەت بە پردەکانی رەمادی، عەوسەج وتی سەرجەمی 32 دانەیان زیانیان بەرکەوتووە.

سێ دانەیان بە پشتیوانی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چاککراونەته‌وە لەکاتێکدا پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ بنیاتنانەوەی دوانەکەی تر.

عەوسەج داوای لە حکومەت کرد بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ دانیشتوانه‌كه‌ تا بتوانن ماڵەکانیان بنیاتبنێنەوە و ئاماژەشیدا بەوەی "لەکۆی 65,000 خانوی زیانبەرکەوتوو تەنیا ژمارەیەکی کەمیان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بنیاتنراونەتەوە."

وتیشی: "پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە بەڵام رێگایەکی درێژمان لەپێشە و پارە و پشتیوانی زیاترمان پێویستە."

نەعیم كه‌عود لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بە دیارونای وت: "هەوڵەکانی بنیاتنانەوە هەنگاوی خێرا دەنێن."

"شتیکی تەواو سەرسوڕهێنەرە کە ئەو پێشکەوتنە دەبینیت لە شارەکانی پارێزگای ئەنباردا، لەنێویاندا فەلوجە و رەمادی، بە بەراورد بەوەی شتەکان ساڵی رابردوو چۆن بوون."

وتیشی: "هێشتا ماومانە بگەینە ئاستی پێشکەوتنی خوازراو. لەگەڵ ئەوەشدا بواره‌كانی خزمەتگوزاری گشتی چاککردنەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە بەخێراییەکی بێوێنە بە سەرچاوەی سنورداری دارایی، کە مایەی گەشبینییە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500