هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دانیشتوانی راوە شارەکە لە پاشماوەکانی داعش پاکدەکەنەوە

خالید تائی

دەسەڵاتی خۆجێیی راوە لەگەڵ دانیشتوان کاردەکات بۆ پاککردنەوەی شارەکە لە هەموو پاشماوەیەکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی بەڕێوەبەرێتی شارەوانیەکانی ئەنبارەوە وەرگیراوە]

دەسەڵاتی خۆجێیی راوە لەگەڵ دانیشتوان کاردەکات بۆ پاککردنەوەی شارەکە لە هەموو پاشماوەیەکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی بەڕێوەبەرێتی شارەوانیەکانی ئەنبارەوە وەرگیراوە]

لەوەتەی هێزەکانی عێراق رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دەرکرد لە شاری راوەی خۆرئاوای ئەنبار لە 17 تشرینی دووەم، دانیشتوان کاردەکەن بۆ سڕینەوەی پاشماوە و یادەوەرییەکانی داگیرکاریی گروپەکە.

لە 24 کانونی یەکەم، شارەکە دەستیکرد بە هەڵمەتێك بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندیی به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێت تا شەقامەکان لە هەموو ئاماژەیەکی شەڕ پاکبکرێتەوە.

قائیمقامی راوە حسێن عەلی بە دیارونای وت: "ئیدارەی خۆجێی سەرەتا بانگێشتی دانیشتوانی کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتێك بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شارەکە."

وتی به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی دەستبەجێ و فراوان له‌ چاوەڕوانی به‌ده‌ربوو.

وتیشی: "هەرکە بانگێشتەکە دەرکرا، زۆر هاوڵاتی هاتن یارمەتیمان بدەن، [ئامێری قورس]یان هێنا و دەستیانكرد بە کارکردن لەگەڵ تیمەکانمان."

هه‌روه‌ها وتی هەموو پۆستەر و ئاماژەکانی پروپاگەندەی داعش لە دیوارەکان دەکەنەوە بە ئاڵاکانی گروپەکەشەوە، کە لەسەر شەقامەکان دانراون و بەسەر بینا حکومییەکاندا بەرزکراونەتەوە.

عەلی وتی نوسینه‌كانی سەر دیوارەکان سڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌و چاڵانه‌ی بەهۆی بۆمبی دەستکردەوە هه‌تبوونه‌كایه‌وه‌ پڕکراونەتەوە و شەقامەکان پاککراونەتەوە لە داروپەردووی شەڕ.

وتیشی: "دەمانەوێت هەموو ئەو ئاماژانە بسڕینەوە کە ئەو سەردەمە تاریکەمان بیردەخاتەوە كه‌ شارەکەمان پیایدا تێپەڕی."

بۆمبی دەستکرد: 'گەورەترین میراتی تیرۆریستان'

خۆبەخشان و ئەندامانی کەرتی گشتی پێکەوە کاردەکەن بۆ لابردنی داروپەردووی بینا روخێنراوه‌كان لە گەڕەکەکاندا، لەنێویاندا راوە جەدیدە، راوە قەدیمە، قەلعە و سەلام.

عەلی وتی: "ستونه‌كانی کارەبا بەگەڕخراونەتەوە دوای ئەوەی دانیشتوان بەشدارییانکرد لە بەرزکردنەوەیان و جێگیرکردنەوەی سیمەکان."

وتی ئەندامانی حەشدی خێڵەکی کە راهێنانی دروستیان پێکراوە خۆبەخشانە کاری پوچەڵکردنەوەی بۆمبی دەستکرد و ماڵە بۆمبڕێژکراوەکان ئه‌نجامده‌ده‌ن.

وتی ئەم تەقەمەنییە جێماوانە "گەورەترین میراتی تیرۆریستانن" و گەورەترین بەربەستن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان.

وتیشی: "13 ماڵی بۆمبڕێژکراومان پاککردۆتەوە، بەڵام هێشتا زۆر ماڵ ماوە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت بۆمبی دەستکردیان تێدابێت."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی وتی: "لانیکەم 200 ماڵ هەیە کە ئەگەری بۆمبڕێژکرانیان هەیە و مەترسییان بۆ سەر خەڵك هەیە."

وتیشی هەڵمەته‌كه‌ بۆ نەهێشتنی هەموو ئاماژەکانی داعش ته‌عبیرده‌كات له‌ "رەتکردنەوە و تۆڵەسه‌ندنه‌وه‌ لە تیرۆریستان" له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌وه‌ و "حەزیان بۆ ژیان لە ئاشتیدا" و جه‌ختده‌كات له‌ خواستیان بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی شارەکەیاندا.

'ئەمە ئەرکی ئێمەیە'

سەرکردەی خێڵەکی لە حەدیسە و سەرۆکی ئەحرار فورات، شێخ عەبدوڵا جوغەیفی، وتی: "نەهێشتنی شوێنپەنجەی داعش هەنگاوێکی باشە."

جوغەیفی بە دیارونای وت: "دیارترین رووی ئەم بەشدارییە جەماوەرییە خۆبەخشانەیە ئەوەیە کە سووربوونی خەڵك دەردەخات بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌ك به‌سه‌ر تیرۆریزمدا."

وتی خەڵکه‌كه‌ چالاکانە بەشدارن لە هەوڵەکاندا بۆ پاککردنەوە و بنیاتنانەوەی شارەکەیان، كه‌ ئاماژەیه‌كه‌ بەوەی قۆناغێكی نوێ دەستیپێکردووە بۆ پێکەوەکارکردن و هاریکارییکردن لە بەهێزکردنی سەقامگیریدا.

وتیشی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وه‌رده‌وورده‌ دەگەڕێندرێنەوە بۆ راوە و دۆخی ئەمنی لەوێ سەقامگیر و ئارام بووە.

قاسم محەمەد، دانیشتوویەکی راوە کە لە هەڵمەتەکەدا بەشدارە، بە دیارونای وت شانازیده‌كات بە بەشداریکردنیەوە لە هەوڵەکاندا بۆ سڕینەوەی هەموو پاشماوەکانی داعش.

وتی: "ئەمە ئەرکی ئێمەیە. تیرۆریستانمان نەهێشت و ئێستا دەمانەوێت هەرشتێك هی ئەوان بێت نەیهێڵین."

وتیشی: "ئەو کارەساتانەی ئەزمونمانکردن لەگەڵ تیرۆریزم دەبێت هاندەرمان بن بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا. ئێستا رێگە كراوه‌ته‌وه‌ له‌بەردەمماندا بۆ خزمەتکردنی شارەکەمان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500