هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ئاهەنگی هێزە چەکدارەکان و سەرکەوتن بەسەر داعشدا دەگێڕێت

خالید تائی

سەربازانی عێراق بەبه‌رده‌م بەرپرساندا تێده‌په‌ڕن لە نمایشێكی سەربازیدا 10 کانونی یەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنی تەواوەتییانەوە بەسەر رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرەکوەزیرانی عێراق]

سەربازانی عێراق بەبه‌رده‌م بەرپرساندا تێده‌په‌ڕن لە نمایشێكی سەربازیدا 10 کانونی یەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنی تەواوەتییانەوە بەسەر رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرەکوەزیرانی عێراق]

رۆژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە ساڵانە 6 کانونی دووەم یادیدەکرێتەوە، ئەمساڵ بۆنەی 97 ساڵەی چالاکبوونی سوپای عیراق و سەرکەوتنی تەواوی وڵاتەکەیە بەسەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.

دوای تێپەڕینی سێ ساڵ، سەربازانی عێراق رۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە گەڕاندنەوەی ئەو شارانەدا كه‌ کەوتبوونە دەست گروپەکە، بەجۆرێك حکومەت سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر داعشدا لە 9 کانونی یەکەم راگەیاند.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، عەمید تەحسین خەفاجی، بە دیارونای وت: "ئەوەی سەربازەکانمان بەدەستیانهێناوە شانازییە بۆ هەموو جیهان."

وتی: "ئەمڕۆ جیهان پارێزراو و ئارامترە بەهه‌وڵی ئەو هێزانە کە دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستییان بنەبڕکرد و ژیانی خۆیان بەخشی بۆ بەرگریکردن لە شوناسی عێراق و مرۆڤایەتی بەگشتی."

هه‌روه‌ها وتی هێزەکانی عێراق پاڵپشتی نێودەوڵەتیشیان هەبوو لە شەڕی دژی داعشدا.

وتیشی هێزەکانی هاوپەیمانان توانیان "هەموو سەرچاوەکانی هێزی دوژمن تێکبشکێنن بە هێرشی ئاسمانی ورد"، لەگەڵ راهێنان و پڕتفاقکردنی هێزەکانی عێراق بۆ یارمەتیدانیان لە سەرکەوتن دژی توندڕەواندا.

راوەدونانی پاشماوەکانی داعش

خەفاجی وتی سەرەڕای جاڕدانی سەرکەوتنه‌كه‌ی ئەمدواییانە، سوپا هێشتا ئەرکی ماوە بۆ ئەنجامدان و ئاماژەی به‌وه‌ش کرد کە یەکەم کار دەبێت زانیاری و کاری هەواڵگری بێت بۆ بنەبڕکردنی شانە نوستوەکانی داعش.

وتی: "لەئێستا ئۆپەراسیۆنی جۆرێتی ئەنجامدەدەین بۆ بەئامانجگرتنی ئەمبارەکانی چەك و تەقەمەنی و حەشارگەی تیرۆریستان."

ئەمەش ئۆپەراسیۆنێكی 23 کانونی یەکەمی لەخۆگرت کە لەلایەن بەڕێوەبەرێتی هەواڵگری سەربازییەوە ئەنجامدرا لە دوورگەی هیتی ئەنبار، دوای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە تونێلێکی 30 مەترییان دۆزییەوە لەژێرزەویدا کە شانەیەکی داعش خۆی تێدا شاردبۆوە و هۆشدارییان دا.

هێزەکانی عێراق هەشت ئەندامی داعشیان کوشت کە خۆیان لە تونێلەکەدا شاردبووه‌وە و 43 بۆمبی دەستکردی چه‌كداره‌كانیان تێکشکاند.

خەفاجی وتی رزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش و شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعش یارمەتی بەهێزکردنی ئاسایشی هەموو بەشەکانی وڵاتی داوە و ئاماژەیکرد بەوەی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە کردە تیرۆریستیه‌كاندا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق (یونامی)، 2,885 کەس کوژراون لە کردەی توندوتیژی و تیرۆریزمدا لە تشرینی دووەمی 2016.

بەڵام بەگوێرەی ئامارە نوێکانی یونامی، لە هەمان مانگدا له‌ 2017، ژمارەی کوژراوان نزمبووه‌وە بۆ 381.

لێهاتویی و توانای نوێ

خەفاجی وتی: "2018 دەبێتە ساڵی راهێنانی سوپا وەك بەشێك لە پلانی کاری هاوبەشمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ زیادکردنی توانا بەرگرییکاری و هەواڵگرییەکانی."

شیکاروانی ئەمنی، فازل ئەبو رەغیف، وتی: "لەکاتی شەڕە سەرەکیەکانیدا لەگەڵ تیرۆریستان، سوپای عێراق کارامەیی و توانای نوێی بەدەستهێناوە لەدەرەوەی چاوەڕوانیەکان."

ئەبو رەغیف بە دیارونای وت: "سوپا سێ ئەرکی لە یەك کاتدا ئەنجامدەدا."

ئەو ئەرکانەی ناوزەدکرد بە "شەڕی سەخت"، پاراستنی مەدەنیەکان و رێگری لە داعش لە بەکارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی و پاراستن و یارمەتیدانی شەپۆلی ئاوارەکان کە لەدەست داعش و شەڕ هەڵاتبوون.

وتی شەڕی موسڵ نۆ مانگ دواکەوت بەهۆی نیگەرانی لەبارەی سەلامەتی دانیشتوانەوە و ئاماژەشیکرد بەوەی سوپا توانی بە هەزاران مەدەنی بپارێزێت لە هێڵی شەڕ و رزگاریانبکات لە ئابڵۆقەکانی داعش.

وتیشی سوپا توانی شەڕێكی پاکیش بکات، کە توانی شارە گەورەکان بەدەستبهێنێتەوە بەبێ رێدان بە ئەندامانی داعش بەوەی زیانی بەرچاو بە ژێرخان بگەیەنن، وەك له‌ فەلوجە روویدا.

'قوربانی بەهادار' بۆ پاراستنی عێراق

ئەبو رەغیف وتی هێزەکانی سوپای عێراق ئەزمونێکی بەهێزیان بەدەستهێنا لە شەڕی تیرۆریزمدا و ئامادەن یارمەتی ئەو وڵاتانەی جیهان بدەن کە شەڕی ئەم بەڵایە دەکەن.

وتیشی: "لەئێستادا چەکی پێشکەوتویان پێیە و راهێنانیان بە دواییان سیستمی سەربازی پێکراوە." داوای لە عێراق کرد بەردەوامبێت لە گەشەپێدانی سوپاکەی و خوێنی نوێ بهێنێتە نێو ریزەکانیەوە.

وتیشی داعش زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بەجۆرێك لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمان خەمڵاندی کە 70,000 چەکداری داعش کوژراون، لەنێویاندا چەکدارە بیانیەکان و 5,000ی دیکەش دەستگیرکراون.

پەرلەمانتاری عێراقی ئەسکەندەر ویتویت کە ئەندامی ئەو لیژنەیەیە، وتی: "سەرکەوتن خەونە گڵاوەکانی ئەو گروپە خوێنمژەی نەهێشتووە، کە وێنای خۆی وەك هێزێکی تێکنەشکاو دەکرد."

ویتویت بە دیارونای وت: "سوپا ده‌رسێكی ئەو گروپەی داداوە کە بیرناچێتەوە و ئەوەی ماوە ئەندامی ترساون کە لێرە و لەوێ دەگەڕێن بۆ کونوکەلەبەر تا خۆیانی تێدابشارنەوە لە ترسی هەڵمەتی شوێنپێهەڵگرتنیان."

ویتویت پیرۆزبایی لە سوپا کرد بەبۆنەی یادی دامەزراندنیەوە و داوای لە حکومەت و هەموو ئەوانیدی کرد کە "تەرکیزی مادی و مەعنەوی بخەنە سەر ئەندامانی ئەم دەزگایە، کە قوربانی بەهاداریان داوە بۆ پاراستنی خاکی عێراق".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500