فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چوارشەممە (3 کانونی دووەم) رایگەیاند "هەموو توانا سەربازییەکانی خۆی بەگەڕدەخات" بۆ رێگرتن لە دزەکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە نێو خاکی سوریاوە.
وتەبێژی فەرماندەییەکە، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق "کۆنترۆڵی تەواوەتی خۆیان دەسەپێنن" بەسەر سنوردا لەگەڵ سوریا.
وتی: "هێزمان بەپێی پێویست هەیە لە سوپا و فەرماندەیی پاسەوانی سنور بۆ بەچڕی جێگیربوون لەسەر سنوور و ناوچە هاوسێکانی بیابان، بهپاڵپشتی هێزی ئاسمانی."
وتیشی دهوریه سەربازییەکان و سوڕانهوهی هێزی ئاسمانی زیادکراون و ئۆپەراسیۆنی شوێنپێهەڵگرتن و چاودێری ئەنجامدەدرێن بەشێوەیەکی رێكوپێك و بە هەماهەنگی هەموو یەکەکان.
رەسوڵ وتی: "هێزەکانمان تەڵە و کەمینیان بۆ ئەندامانی داعش داناوە و هەڵمەتی گەڕان و هەڵکوتانەسەر بۆ حەشارگەکانیان و بنکە نهێنیەکانیان بەردەوامدەبێت بەبێ وەستان لەسەر سنور و لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا."
وتیشی هێزەکانی سەر سنوری سوریا رۆژانە هەوڵەکانی دزەکردنی چەکداران شکستپێدەهێنن و زۆرێکیان دەکوژن و دەستگیریاندەکەن.
وتی: "هەموو توانا سەربازییەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سنوورەکان، بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی تیرۆریستان بۆ دزەکردن و رێگرتن پێشئەوەی بێن."
بەرپەرچی خۆکوژەکان درایەوە
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عەزال فەهداوی، چوارشەممە بە دیارونای وت: "ئەو هێزانەی لەسەر سنوری عێراق و سوریا جێگیرکراون ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی پیشەیی و چالاکانە جێبەجێدەکەن."
وتی سێشەممە، ئەم هێزانە هەوڵێکی دزەکردنی گەورەی داعشیان تێکشکاند.
فەهداوی وتی: "دوای دەستگەیشتن بە زانیاری هەواڵگری، توانیان دەستنیشانی ئەو تیرۆریستانە بکەن کە پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان پێوەبوو، هەوڵیاندەدا بە پێ سنوور ببڕن لە خاکی سوریاوە."
وتیشی: "دەستبەجێ هەر 15 خۆکوژەکەیان کوشت کە ناسراون بە 'ئینغیماسی' (ئەوانەی خۆیان دەخزێننە قوڵایی ریزەکانی دوژمنەوە)."
یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا عەقید فازل سەعدی بە دیارونای وت هێزە هاوبەشەکانی سوپا و حەشدی شهعبی درکیان بە هەوڵێکی دزەکردن کرد لەلایەن 15 چەکدارەوە لە سوریاوە بۆ گوندێكی عێراق نزیك بە قائیم.
وتی: "لە دوورەوە تەقەیان لێکرا، بەڵام بەردەوامبوون لە پێشڕەوی، وایانکرد هێزەکانمان تەقەیان لێبکەن بۆ ماوەی کاتژمێرێك بە هەموو جۆرە چەکێك. دوای ئەوەی کۆپتەری عێراقی هاتنەناوەوە بۆ بەرپەرچدانەوەیان، هەموو تیرۆریستان کوژران."
سەعدی وتی دزەکاران هەوڵیاندەدا "بگەنە یەکەم گوندی عێراقی سەرسنوور بۆ هێرشکردنەسەر یەکەکانی سوپای عێراق کە لەوێ جێگیرن".
پاراستنی سنوری عێراق
فەهداوی وتی هەوڵی دزەکردنەکەی سێشەممە "بەدوای چەندین هەوڵی پێشتردا دێت کە دوژمن سەرکەوتوو نەبوو لە شکاندنی سنوورەکانمان و دەستکەوتنی شوێنپێیەك بۆخۆی".
وتیشی پاراستنی سنوور و بایابان رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە بۆسەر دۆخی ئەمنی لە ئەنبار و پارێزگاکانی دیکەی وڵات.
وتی: "هیچ هەوڵێکی دزەکردنی تیرۆریستانمان تۆمارنەکردووە لە جاڕی رۆژی 9 کانونی یەکەم بۆسەرکەوتنی هەمیشەیی بەسەر داعشداو ئەمەش مانای وایە بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆین." وتیشی: "هەوڵەکانمان لەمبارەیەوە ئاکامی باشیان لێکەوتۆتەوە."
فەهداوی وتی هاریکاریی خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ یەکەکانمان کە بەرپرسی کۆنترۆڵکردنی سنورن فاکتەرێکی گرنگە لە پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە.
خۆبەخشانە پەیوەندی بكه بە سوپای عێراقەوە.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت