حکومەتی عێراق پشكنینێكی ئەمنی بۆ هەموو فەرمانبەرانی حکومی دەکات لەو ناوچانەی لەدهست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون.
حکومەتی عێراق لە 2015 موچەی وەستاند لەو ناوچانەی لە ژێردەستی داعشدا بوون.
بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی ئاوارەبوون بە بەردەوامی موچەکانیان وەردەگرت دوای ئەوەی ئامادەی ئەرکەکانیان بوون لەو ناوچانەی بۆی ئاوارە ببوون.
لەو کاتەدا لیژنهیهكی حکومی پێكهێنرا بۆ پێدانی موچەی ئەو فەرمانبەرانە.
لەدوای گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ زۆربەی ناوچەکان، ئێستا فەرمانبەرانی حکومی دەتوانن داوای موچەکانیان بکەن لە دەزگا و بەڕێوبەرێتیە پەیوەندیدارەکان.
حکومەت ئێستا داوادەکات ئەو فەرمانبەرانە پشكنینێكی ئەمنییان بۆ بکرێت وەك بەشێك لە هەوڵەکان بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریزم و دڵنیابوونەوە لەوەی پارەکانی حکومەت ناچنە دەستە خراپەکانەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابووریی سەرهكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، وتی حکومەت ئەم هەنگاوە بە "ئاسایی" دەبینێت، چونکە رێگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی "هەموو شتەکان بە ئاسایی بەڕێوەبچن".
ناوبراو بە دیارونای وت: "چەندین شار لەژێردهستی تیرۆریستەکاندا بوون و ئێمە ناتوانین دڵنیابین لەوەی پێگەی ئەو فەرمانبەرانە لەو شوێنانە چیبوون -- لەگەڵ دوژمندا بوون یان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بوون."
وتی: "بۆ ئەم مەبەستەش بیرمانکردەوە پاکژی ئەمنی بۆ فەرمانبەرانی حکومی پێویستە، چونکە دەمانەوێت پاشماوەکانی تیرۆریزم دەرپەڕێنین."
پرۆسەی پێداچوونهوهكه لێکۆڵینەوە لە ناوی فەرمانبەرانی حکومی دەکات و بەراوردیان دەکات لەگەڵ بانکی زانیاری ئەمنی کە ناوی ئەو داواکراوانەی تێدایە کە ناسراون بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.
ساڵح دووپاتیکردەوە كه هەوڵەکانی حکومەت بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە بۆ ئەوەیە موچە بەبێ دواکەوتن دابەشبکرێت.
وتیشی: "هەموو کەسێك ئەوەی پێدەدرێت کە [حکومەت] قەرزارێتی."
پرۆسەیەكی خێرا
بهگوێرهی بەیاننامەیەکی حکومەت لە کۆبوونەوەیهكی 19 کانونی یەکەمدا کابینەی حکومەت داوای لە دهزگاتی ئاسایشی نیشتمانی کردووە پەلەبکات لە پرۆسەی پێداچوونهوهدا بۆ فەرمانبەرانی حکومی لە ناوچە رزگارکراوەکاندا بۆ ئەوەی موچە دابەشبکرێت.
سادق بەهادلی، کە مامۆستای دارایی و كاروباری بانکە لە زانکۆی موستەنسرییە، وتی پرۆسەی پێداچوونهوهكه نیشاندەری "پابەنبوونی حکومەتە بە نەهێشتنی خراپەکارانی تیرۆریزم".
بەهادلی بە دیارونای وت:" ئەم هەنگاوە هاوکاردەبێت بۆ جیاوازیکردن لەنێوان ئەوانەی دڵسۆزی حکومەت بوون و ئهوانهی لەگەڵ داعش هاوکاربوون یان چوونەتە ریزەکانیەوە، ئەم گروپەی دووەم دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بۆئەوەی بزانرێت تا چەند هاوکاریی تیرۆریستەکانیان کردووە لە ئەنجامدانی تاوانەکانیاندا."
وتی ئەم هەنگاوە رێگایەکی زۆر گرنگە بۆ "بڕینی ئهو سەرچاوە داراییانهی دەدرێنە تیرۆریستان، کە بەشێوەیەك لە شێوەکان هاوکاریکردنی چالاکیە تاوانکاریەکانیانە".
وتیشی: "ئەمە هاوکاردەبێت بۆ گێڕانەوەی ئاسایش لە تەواوی وڵاتدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە تیرۆریزم پاککراونەتەوە."
'سەردەمێکی نوێ لە سهقامگیری'
بە وتەی بەهادلی، پشكنینه ئەمنیەکە دانراوە بۆ "هێنانهكایهی سەردەمێکی نوێ لە سهقامگیری لەسەر ئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دروستکردنی متمانە و نیەتی باش لەنێوان هاونیشتمانیان و دەزگا فەرمیەکاندا".
پەرلەمانتاری عێراقی، نایف شەمەری، کە نوێنەری پارێزگای نەینەوایە لە پەرلەمان، بە دیارونای وت پێداچوونهوه ئەمنیەکە بەشێکی گرنگە لە هەوڵە نیشتمانیەکان بۆ سهقامگیركردنی باری ئهمنی و پارێزگاری وڵات لە هەڕەشەی تیرۆریزم.
وتی لەهەمانکاتدا پێویستە هەموو رێکارەکانی لەبەردەستدان بەکاربهێنرێن بۆئەوەی موچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا بدرێت و دوانەخرێت.
وتیشی: "فەرمانبەرانی یەکە حکومییەکان لە نەینەوا و پارێزگا رزگارکراوەکانی تر زۆر کاریگەری خراپیان لەسەربووە بەهۆی راگرتنی موچەوه."
"دەبێت لە پرۆسەی پێداچوونهوهكه دوانەکەوین بۆ ئەوەی دڵنیابین موچە لەکاتی خۆیدا و بەبێ بەربەست بدرێت."