هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق گروپە چەکدارەکان دەخاتەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە

خالید تائی

ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و بلدۆزه‌ره‌كانی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی تەلەعفەر، خۆرئاوای موسڵ، پێشڕەویدەکەن، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شارۆچكه‌كه‌ی لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) راگەیاند لە 26 ئاب 2017. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و بلدۆزه‌ره‌كانی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی تەلەعفەر، خۆرئاوای موسڵ، پێشڕەویدەکەن، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شارۆچكه‌كه‌ی لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) راگەیاند لە 26 ئاب 2017. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

حکومەتی عێراق ژمارەیەك هەنگاوی راگەیاند بۆ خستنه‌ژێر کۆنترۆڵی ئەو گروپە چەکدارانەی پاڵپشتی حکومەتی عێراق بوون لە شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا و رێکخستنی چەکدارییان.

بەرپرسان بە دیارونایان وت ئەم هەنگاوانە گرنگن بۆ دڵنیاییدان لە سەقامگیری دوای ئەوەی داعش لە عێراق دەرکرا.

بڕیارە نوێکە چەکەکانی حەشدی شەعبی دەخاتەژێر کۆنترۆڵی حکومەتەوە بەجۆرێك دەتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی یاسایی دەزگاکانی دەوڵەتدا بەکاربێن.

سەرەكوەزیران حەیدەر عەبادی لە 15 کانونی یەکەم پشتڕاستیکردەوە حکومەت "دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ستراتیژی کۆنترۆڵی چەك".

لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ حکومەتی عێراق "پابەندە بە پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتییه‌وه‌ لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی ره‌گوڕیشه‌كانی تیرۆریزم و شەڕی دژی گەندەڵی".

وتی: "حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ هێنانی حەشدی شەعبی بۆ ناو چوارچێوەی یاسایی حکومەت." وتیشی: "بوونی خۆبەخشان [چەکدارانی حەشدی شەعبی] شانبەشانی هێزە ئەمنیەکان سیاسەتێکی جێگیری حکومەتە."

لە وتارێکی 9 کانونی یەکەمدا، عەبادی باسی لە گرنگی کارکردنی داهاتووی کرد بە ئاراستەی "دامەزراندنی حوکمی یاسا و رێگرتن لە خاوەندارێتی چەك لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا".

حکومەت هەوڵی چەسپاندنی 'حوکمی یاسا' دەدات

پەرلەمانتاری عێراقی، حامد موتڵەك، کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە له‌ په‌رله‌مان، بە دیارونای وت کۆنترۆڵکردنی چەك "بڕیارێکی گونجاوە".

وتی: "ئەم هەنگاوە بە ئەرێنی دەبینین چونکە ئاماژەیە بۆ هۆشیاریی تەواو بە [ئاکامەکانی] داهاتو و حەزی چەسپاندنی حوکمی یاسا تا یەکێتی و سەقامگیریی وڵاتەکە بپارێزرێت."

موتلەك وتی: "پشتگیری ئەم بڕیارە دەکەین و دەمانەوێت دەستبکەین بە قۆناغێكی نوێی بنیاتنانەوە دوای كۆتاییهێنان به‌ قۆناغی تیرۆریزم."

پێشنیازی ئەوەشیکرد كه‌ ئەو چەکدارە ناوخۆییانەی پشتگیریی هێزە ئەمنیەکانیان کرد لە شەڕی دژی تیرۆریزمدا بخرێنە نێو "هێزی نیزامی"یەوە وەك هەنگاوی داهاتوو.

وتی: "چەکدارانی لێهاتوو پەیوەندیده‌كه‌ن بە هێزە ئەمنیەکان و دەزگاکانی دەوڵەتەوە، لەکاتێکدا پیر و چەکدارە نەشیاوەکان لەکارخستنی شەرەفمەندانەیان پێدەبەخشرێت و خانەنشینییان پێدەدرێت."

هێزی زیاتر پێویستە

پەرلەمانتاری عێراقی ماجد غەڕاوی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، وتی: "حکومەت دەیەوێت مافی هەموو خۆبەخشان بپارێزێت وەك پێزانینێك بۆ ئەو خزمەتگوزاری و قوربانیەی لە شەڕی دژی داعشدا داویانە."

وتی ئەو خۆبەخشانە پێویستە ببن به‌ "بەشێك لە دەزگا ئەمنیەکان بەگوێرەی چوارچێوەی یاسایی و لەژێر سەرپەرشتی حکومەتدا".

غەڕاوی بە دیارونای وت: "وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ پێویستیان بە هێزی زیاترە کە ئەزمونی راستەقینەی شەڕیان هەبێت تا بتوانن پارێزگاری لە ناوچە رزگارکراوەکان بکەن و سنورەکانیان بپارێزن."

وتی هێرشی ئەندامانی داعش کە لەڕێی سنوری سوریاوە دزەدەکەنە نێو عێراق بەتەواوی نەوەستاوە و وتیشی هێشتا پاشماوەی داعش و شوێنپێیان لە وڵاتەکەدا ماوە.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەم هەڕەشەیە پێویستی بە هێزی زیاتر و چەکی نوێ و تەکنەلۆژیای سەربازی هەیە، لەگەڵ مەشقی چڕوپڕتر."

غەڕاوی هۆشداریدا دژی "سوودبینین لە بەشداریی هێزەکانی [حەشدی شەعبی] لە شەڕی دژی تیرۆریزمدا بە مەبەستی پڕوپاگه‌نده‌" بۆ هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە ئایاری 2018 بکرێن و نزیکدەبنەوە.

'ناسه‌ربازیكردنی کۆمەڵگە'

توێژەر هیشام هاشمی کە تایبەتمەندە لە بواری بزوتنەوە توندڕەوەکاندا، وتی دوای سەرکەوتنی بەسەر داعشدا، حکومەت ئێستا دەیەوێت هەموو چەکەکان بێنێتەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە.

هاشمی بە دیارونای وت: "حکومەت بە ئاراستەی ناسه‌ربازیكردنی کۆمەڵگە دەڕوات تا دڵنیاییبدات بە شەقامی عێراقی و تەواوی جیهان کە گروپی سەربازی و چەکی بێمۆڵەت قەدەغەدەکات."

وتی بوونی ئه‌و جۆره‌ گروپانه‌ "ستراتیژی سەقامگیری و بنیاتنانەوە لاوازده‌كات".

هاشمی وتی: "هەندێك لە گروپە چەکدارە گەورەکان کە بەمدواییانە پێکهێنراون چەکەکانیان، بەتایبەتی چەکە قورسەکانیان، خستۆتەژێر کۆنترۆڵ و کارگێڕیی هێزە ئەمنیەکانەوە."

وتی جگه‌ لەوەش، حکومەت لە پرۆسەی رێکخستنی حەشدی شەعبیدایە، بۆ دەستنیشانکردنی ژمارەیان و دابەشبوونی جوگرافییان، لەگەڵ بنكه‌ سەربازیه‌كان و دەزگاکانی ئەمبارکردنی شتومەکیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500