هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

رووخانی 'خەلافەتی' داعش لە رۆژهەڵاتی ناوین لەناوچونی گروپەکە خێراتردەکات لە شوێنانی تر

کاروانسەرای

ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات، ئاڵایەکی داعش لادەبات لە تەبقە لە سوریا، مانگی نیسان بەر لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشڕەوی بکەن بۆ رەققە، بەناو پایتەختی داعش. [دەلیل سلێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات، ئاڵایەکی داعش لادەبات لە تەبقە لە سوریا، مانگی نیسان بەر لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشڕەوی بکەن بۆ رەققە، بەناو پایتەختی داعش. [دەلیل سلێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

شرۆڤەکاران دەڵێن هەڵوەشاندنەوەی "خەلافەتی" بەناو "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە عێراق و سوریا داڕوخانی پشتگیری گروپەکە لە ئەفغانستان و پاکستان و ئاسیای ناوەڕاست و شوێنانی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

داعش لە 2014 خەلافەتە تەمەن کورتەکەی راگەیاند دوای ئەوەی ناوچەیەکی زۆری لە عێراق و سوریا خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

بەڵام دوای زنجیرەیەك شکستی كوشنده‌، تەنیا چەند پۆلێك له‌ چەکداره‌كان ماونەتەوە له‌ سوریا كە چالاکی بێکاریگەر ئەنجامدەدەن یان ده‌لكێن بە گرتنی چەند مۆڵگه‌یه‌كی بچوكەوە کە تیایدا بەتەواوەتی گەمارۆدراون.

سەرکەوتن بەسەر داعشدا

سەره‌كوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادیسەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند له‌ 10 کانونی یەکەم .

هێزەکانی عێراق تابلۆیەك لادەبەن کە لۆگۆی داعشی پێوەیە لەکاتی پێشڕەویەکانیاندا بەرەو حەویجەی کۆنە قەڵای داعش له‌ 4 تشرینی یەکەم. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی عێراق تابلۆیەك لادەبەن کە لۆگۆی داعشی پێوەیە لەکاتی پێشڕەویەکانیاندا بەرەو حەویجەی کۆنە قەڵای داعش له‌ 4 تشرینی یەکەم. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەربازێکی عێراقی و پۆلیسێك ئاڵای نیشتمانی دەشەکێننەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا 10 کانونی یەکەم لە کاتی ئاهەنگێکی سەرکەوتندا لە شەڕی سێ ساڵەی دژی داعشدا. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەربازێکی عێراقی و پۆلیسێك ئاڵای نیشتمانی دەشەکێننەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا 10 کانونی یەکەم لە کاتی ئاهەنگێکی سەرکەوتندا لە شەڕی سێ ساڵەی دژی داعشدا. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: "هێزەکانمان کۆنترۆڵی تەواوەتی سنوورەکانی عێراق و سوریایان کردووە و هەربۆیەش کۆتایی شه‌ڕ دژی داعش رادەگەیەنم." وتیشی دوژمنەکەمان ویستی شارستانیمان بکوژێت بەڵام ئێمە بە یەکێتی و ئیرادەمان سەرکەوتین".

چاودێران ده‌ڵێن گروپەکە لە سوریاش بەرەو هەمان چاره‌نوس دەڕوات.

سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدول رەحمان، وتی داعش ئێستا زۆر سەری لێشێواوە و ئەو یەکانەش کە ماونەتەوە هەریەکە و خەریکی مانەوەی خۆیەتی.

عەبدولرەحمان، کە چاودێری شەڕی سوریای کردووە لە دوای دەستپێکی شەڕە ناوخۆییەکەوه‌، وتی "ئیتر یەك ناوەندی بڕیار بۆ دەرکردنی فەرمان نەماوە" و داعش بە گروپی زۆر بچوكی لە یەكتر دابڕاو لە سوریا ماون.

لەگەڵ رووخانی "خەلافەتەکی" داعشیشدا، بەرپرسان و شرۆڤەکاران چاویان بڕیوه‌ته‌ ئەوەی کە رەوشەکە چی مانایەکەی دەبێت بۆ داهاتووی گروپەکە لە بەشەکانی دیکەی جیهاندا.

كاربه‌ده‌ستانی ئەفغان بەڵێنی لەناوبردنی توندڕه‌وه‌كانی داعش دەده‌ن

شکستی گروپەکە هۆشداریدەدات لە ئەگەری هاتنەوەی ژمارەیەکی زۆر چەکدار بۆ ئەفغانستان، هەرچەندە هێزەکانی ئاسایش و بەرگری نیشتمانی و هێزەکانی هاوپەیمانان لەوێ چالاکانە شەڕی لقی خۆراسانی داعش دەکەن.

عەقیدی خانەنشین، محەمەد ئەنوەر سوڵتانی، کە شرۆڤەکارێکی سەربازییە لە جەلالئاباد لە ویلایەتی نه‌نگەرهار، وتی: "دوای ئەوەی داعش توشی شکستەکان بوو لە عێراق و سوریا، نیگەرانی جێگۆڕکێی گروپەکە بۆ ئەفغانستان درووستبووە."

ئاژانسی فرانس پرێس سەرەتای ئەم مانگە رایگه‌یاند چەکدارانی جەزائیری و فەرەنسی، هەندێکیان کە لە سوریاوە هاتوون، چونەتە ریزەکانی داعشەوە لە ویلایەتی جوزجان.

شرۆڤەکاران دەڵێن ئەو چەکدارانە لەوانەیە بڕۆن بۆ ئەفغانستان دوای ئەوەی لە سوریا و عێراق وەدەردەنرێن.

بەڵام هێزەکانی ئاسایش و بەرگری نیشتمانی ئەفغانستان و هێزەکانی هاوپەیمانان لە دوو ساڵی رابردوودا تواناکانی داعشیان زۆر بەتوندی کەمکردۆتەوە و هێزە ئەمنیەکانیان لەسەر پێی خۆیانن بۆ ئەوەی بەرپەچی چەکدارە نوێکان بدەنەوە.

سوڵتانی وتی چەکدارانی داعش لەسەر دوا پێی خۆیانن لە ئەفغانستان لەبەرئەوی "ئەوان ئیتر هیچ پەیوەندییەکیان بە عێراق و سوریاوە نەماوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرچاوە داراییەکانی وەستاند و لەناوبردن."

وتیشی: "داعش ئەو توانایەی نەماوە کە پێشتر هەیبوو، لەبەرئەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەفغانستان شەڕێکی باشیان دژی گروپەکە کرد."

وتی دانیشتوانی ویلایەتەکانی کونار و نه‌نگەرهار ئێستا لە داعش ناترسن، "چونکە هەبوونیان سنووردارە و به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ هەڵمەتە نێودەوڵەتیەکە لە دژیان بەردەوامە."

گروپەکانی هاوپەیمانی داعش لە پاکستان پشتگیری لەدەستدەدەن

شرۆڤەکاران دەڵێن رووخانی "خەلافەت"ەکەی داعش پشتیوانی بۆ گروپەکە لە پاکستانیش لاوازدەکات.

موقەدەمی خانەنشین تەڵعەت مەسعود، کە شرۆڤەکاری سەربازی و بەرگرییە لە ئیسلامئاباد، وتی: "شکستی داعش لە عێراق و سوریا گورزێکی توندە بۆ هەوادارانیان لە پاکستان."

وتی هەوادارانیان دوای داعش کەوتوون بۆ "مانەوەی ئابووری و جەستەیی" بەڵام شکستی گروپەکە لە عێراق و سوریا مانای وایە " ئیتر هیچ پاڵپشتییەکی دارایی و هاوکاری ماددیان بۆ نایەت لە داعشەوە."

مەسعود وتی: "پێکهاتەکەی داعش لەم هەرێمەش دەڕوخێت."

رۆژنامەوان و شرۆڤەکاری ئەمنی دانیشتووی پیشاوەر، عەقیل یوسەفزای، وتی: "شکستەکەی لە عێراق و سوریا دواجار نیشانەیەکی روونی کەوتنی داعشە لە ناوچه‌كانی پاکستان و ئەفغانستانیش."

وتیشی: "هەندێك هەوادار و ئەندامی تەحریکی تاڵیبان پاکستان و چەند گروپێکی دیکەی چەکدار کە بەیعەتیان دابوو بە [سەرۆکی داعش ئەبوبەکر] بەغدادی [لەمەودوا پشتگیری داعش ناکەن] لەبەرئەوەی هیچ پەیوەندیەکی ئایدۆلۆژییان لەگەڵیدا نەبوو، بۆ قازانجی تایبەت و پێویستییەکانیان پشتگیرییان ده‌کرد."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەو ژمارە کەمەی هەوادارانی داعشیش گورزی جدییان [بەردەکەوێت] لە پاکستان و ئەفغانستان [ئەگەر هەردوو وڵاتەکە] رێککەون بۆ لەناوبردنی دوژمنە هاوبەشەکەیان."

عەمیدی خانەنشین، مەحمود شا، لە پیشاوەر و سکرتێری ئەمنی پێشووی ناوچەکانی ئیدارەی فیدراڵی خێڵه‌كان، وتی پاکستان پێشتر سەرکەوتووبووە لە شکستهێنان بە تیرۆریزم لە بەشی مەلاکەند لە پارێزگای خیبەر پەختونخوا و ناوچەکانی ئیدارەی فیدراڵی خێڵه‌كان.

وتیشی: "شکستپێهێنانی داعش [لە پاکستان و ئەفغانستان] مسۆگه‌ره‌ لە دوای شکستە راگەیاندراوەکەیان لە عێراق و سوریا."

گەڕانەوەی چەکدارانی داعش دەبێتە هۆی مەترسی لە ئاسیای ناوەڕاست

لە ئاسیای ناوەڕاست یەکەم مەترسی ئەگەری گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیانەیە کە رۆشتبوون بۆ ئەوەی لە پاڵ داعشدا شەڕبکەن لە سوریا و عێراق.

مورات ته‌لیبیکۆڤ، سەرۆکی یەکێتی موسڵمانانی کازاخستان لە ئاڵماتی، وتی شکستی داعش لە سوریا و عێراق "بەبێ گومان کاریگەریی لەسەر ئاسیای ناوەڕاست ده‌بێت."

وتیشی: "ئەگەری زۆر هەیە چەکدارەکان ئێستا بۆ شوێنێکی دیکە بۆ چالاکی بگەڕێن و زۆر دوورنیە ئاسیای ناوەڕاست ئەو شوێنە بێت."

پرۆفیسۆری یاسا لە بیشکێك و ئەندامی کۆمسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان لە کیرگیزیستان، کایرات عوسمانالیێڤ، وتی: "زۆر خراپە كه‌ ناوچه‌یه‌كی نائارامت هەبێت و ببێته‌ خاكێكی به‌پیت و پەناگەی ئارام بۆ رادیکاڵەکان." وتیشی: "دوای ئەوەی ئەو شوێنە گەرمە پاکدەکەیتەوە کەچی ئەو ترسە هەیە کە [چەکدارەکانی] ماون لە شوێنێکی دیکە بنکە بکەنەوە."

هه‌روه‌ها وتی: "هاونیشتمانیانی ئاسیای ناوەڕاست [کە لە سوریا شەڕ دەکەن] لەوانەیە بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵەوە لە رێگای تورکیا و ئەفغانستانەوە. ئاژانسە ئەمنییەکانی ئێمە لە ئێستاوە بەڵگەیان لەبەردەستدایه‌ کە خەریکن دەگەڕێنەوە."

"بۆ کوێ دەڕۆن؟" شرۆڤەکاری سیاسی دانیشتووی ئاڵماتی، تەڵگەت ئیسماگامبیتۆڤ، پرسیی لەسەر ئەو چەکدارانەی داعش کە ماون.

وتی: "بۆ ئەفغانستان یان شوێنێكی دیکە یان دەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە؟ ده‌بێت چی جۆرە [رێنماییەکی] ناوخۆییان پێبگات لە پاشماوەی سەرکردایەتی [چەکدارەکانەوە]؟ پشتگیری دەرەکییان چەندە به‌هێزه‌؟"

ئیسماگامبیتۆڤ وتی: "بەشێكی خراپ ئەوەیە كه‌ چەند چەکدارێك دەگەڕێنەوە و دەبێت چاودێری بکرێن بەڵام هەواڵی خۆشیش ئەوەیە كه‌ لەئێستادا هەرێمەکەمان ناوەندی سەرنجی بزووتنەوەی ئیسلامیی جیهانی نییە."

[خالید خیرای لە نه‌نگەرهار، محەمەد ئەهیل لە پیشاوەر و ئارمان کالیێڤ لە بیشکێك و ئاڵماتی بەشداری ئەم راپۆرتەیان کردووە.]

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

حه‌زم له‌ هه‌واڵه‌

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌