شارە ئازادکراوەکانی عێراق دهبوژێنهوه لهكاتێكدا دوكانوبازاڕ و قوتابخانەکان كهوتوونهتهوه گهڕ و دانیشتوانی ئاوارەش دهستیانكردووه به گهڕانهوه بۆ ماڵەكانیان.
سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی لە 9 کانونی یەکەم سەرکەوتنی رایگەیاند لە شەڕی سێ ساڵەدا دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و گێڕانەوەی دهسهڵات بەسەر تەواوی خاكی وڵاتەکەدا.
لە شارەکانی راوە و قائیمی دراوسێی لەوپەڕی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بازارەکان جمەیان دێت لە کڕیار و خەڵك کارەکانیان وەك رۆژانی ئاسایی دەکەن سەرەڕای ئەو وێرانکاری و تێکدانەی بەجێماوە لهدوای فەرمانرەوایی چەند ساڵەی داعش.
بەرپرسانی نێوخۆیی دەڵێن قوتابخانەکان جارێکی تر خوێندکاران وەردەگرن و فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگەڕێنەوە سەر کارەکان سەرەڕای هەموو ئەو زهحمهتانهی شارەکان رووبەڕووی بوونەتهوە دوای ئازادکردنیان.
ئەو دوو شارە کە دەکەونە ئەوپەڕی بەشی رۆژئاوای وڵاتەکە و بە بیابان دەورەدراون، بۆ ماوەیەکی درێژ بووبوونە حەشارگەی گروپە تیرۆرستیەکان. بەڵام ئێستا پاککراونەتەوە لە داعش و سەقامگیری و ئاسایش بەهێواشی دەگەڕێنەوە.
هێزەکانی عێراق ئازادکردنی راوەیان راگەیاند لە تشرینی دووەمی 2017 تەنیا دوو هەفتە دوای وەدەرنانی ئەندامانی داعش لە شارۆچکەی قائیمی نزیك راوە.
خزمەتگوزاریەکان دەستپێدهكنەوە
قائیمقامی راوە، حسێن عوكهیدی، بە دیارونای وت: "ژیان گەڕاوەتەوە باری ئاسایی لە راوە و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەك ئاو و کارەبا و چاودێری تەندروستی بەرەبەرە دەستپێدەکەنەوە بەپێی سەرچاوەی بەردەست."
وتی کرێکارانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا دەستیانکردووە بە لابردنی بۆمبی دەستکرد لە وێستگەی کارەبای نیشتیمانی لە شارەکەدا و هەروەها کاردەکەن بۆ چاککردنەوەی تاوەرە تێکشکاوەکانی گواستنەوەی کارەبا.
عوكهیدی وتی دانیشتوان بەمدواییانە کارەبایان بۆ دابینکراوە لە مۆلیدەکانەوە رۆژانە 24 کاتژمێر.
وتیشی فەرمانگەی ئاو سەرکەوتووبووە لە گەیاندنی ئاو بە دانیشتوان لەکاتێکدا وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەیەکی سەفەری پڕ لە کارمەندی دابینکردووە لەگەڵ بنکەیەکی تەندروستی کە بەردەوام خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی شارەکە دابیندەکەن.
فەرمانگەکانی شارەوانیش لهلای خۆیانهوه دەستیانکردووە بە هەڵمەتێك بۆ لابردنی داروپهردووهكان و کردنەوەی رێگاکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری شارەوانی بۆ دانیشتوان.
ئاستەنگەکان ماون
عوكهیدی وتی لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین تهحهدا کە رووبەڕووی شارەکە بووهتهوه خانووە بۆمبرێژکراوەکانن کە بۆ خاوەنی ئەو خانوانە سەختە بگەڕێنەوە.
وتیشی نزیکەی 310 خێزان مابوونهوه یان گەڕاونەتهوە بۆ راوە لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا، بەڵام زۆربەیان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان ماونهتهوه کە بۆی هەڵهاتبوون دوایئەوەی داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرت.
بەرپرسی ئەنومەنی نێوخۆیی قائیم، نازم بەردان، بە دیارونای وت قەیرانی ئاوارەبوون توشی قائیمیش هاتووە کە بهڕادهیهكی زۆر بهخاڵی ماوەتەوە لە دانیشتوان.
بەردان ژمارەی ئاوارەکانی قائیمی له کەمپەکان و شارەکانی تری عێراق خهمڵاند بە 120,000 کەس و مهزهندهی كرد كه 20,000 کەسیش بۆ ناوچە بیابانیەکانی تری دەوروبەری شارەکە ههڵهاتوون و هیواشی خواست کە زۆربەیان خۆبەخشانە بگەڕێنەوە لە رۆژانی داهاتوودا.
وتی: "لەگەڵ ئەوەشدا ژیان گەڕاوەتەوە باری ئاسایی و بازاڕەکان دەرگایان کردۆتەوە لەو گەڕەکانهدا کە لەلایەن دانیشتوانەوە بەجێنەهێڵرابوون و لەگەڵ ئەوانەش کە دانیشتوانە ئاوارەکانی بۆ گەڕاونەوە لەدوای ئازادکردن."
وتیشی لهوانه گەڕەکەکانی عوبێد و سەعادە و جرێجی.
هیچ ترسی دزەکردنی داعش نیە
بەردان وتی دانیشتوانی قائیم لەوە ناترسن داعش بگەڕێتەوە شارەکەیان سەرەڕای نزیکی لە سنوری سوریا و ناوچەیهكی بیابانی فراوان.
هێزەکانی عێراق دۆڵی بیابانی جەزیرەیان کۆنترۆڵکردووە کە لە ئەنبارەوە درێژدەبێتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا و دەستیانکردووە بە دانانی بەربەستی لمین و تەلی دڕكاوی لەسەرانسەری سنوری سوریا بۆ رێگیکردن لەهەر هەوڵێکی دزەکردنی له سنورهكانهوه.
بەردان وتی داعش له داڕماندایه و ئاماژەشی دا بەوەی گروپەکە "چیتر بنکەی بەهێزی گەورەی نیە کە لێیەوە هیچ هێرشێکی نوێ ئەنجامبدات."
بهڵام هێشتا هۆشداریدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی هەڕەمەکی بۆسهر رۆژئاوای ئەنبار و ئاماژەشی دا بەوەی ئاسایش لە قائیم لەلایەن فیرقەی 18، لیواکانی پاسەوانی سنوری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێزە خێڵەکیەکان و یەکەکانی بەرپەچدانەوەی بەپەلە و پۆلیسی ئەنبار و پۆلیسی قائیمەوە پارێزراوە.
نههێشتنی دووبهرهكییه كۆمهڵایهتیهكان
چالاکوانی مەدەنی، عوسمان جومعە، کە سەرپەرشتی رێکخراوی نوێبوونەوەی پێشەنگەکان دەکات بۆ گەشەپێدان و کاری خزمەتگوزاری، بە دیارونای وت سیاسەتی چەوسێنەری داعش و زۆری توندوتیژی لە قائیم و راوە وانەیەکی لەبیرنەکراوی فێری دانیشتوان کردووە سەبارەت بە راستیی سروشتی گروپەکە.
وتی: "لەژێر فەرمانرەوایی داعشدا ئەو دوو شارە رووبەڕووی کێشەی زۆر بوونهوه کە هەندێك لە خێزانەکان هەڵخەڵەتێنران بۆ هاوکاریکردنی گروپەکە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی کێشە لەنێوان ئەوان و خێزانەکانی تردا."
وتی: "ئەوە بە خراپی کاریکردە سەر پێكهاتهی کۆمەڵایەتی [ناوچەکە]."
وتیشی: "ئەمڕۆ دانیشتوان بەتەواوی دەزانن کە ئەو گروپانە بۆ ئەوە نەهاتن خزمەتی خەڵکی بکەن، بهڵكو بۆ رژاندنی خوێنی ئەوان، زیانپێگەیاندنیان لەڕووی دارایی و ئابوریهوه، تاڵانکردنی پارەی گشتی و تایبەت و تێكدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی."
جومعە داوای هەوڵی هاوبەشیشی کرد لەگەڵ نەتەوەکانی تر بۆ نههێشتنی دووبهرهكییه كۆمهڵایهتیهكان و هیواشی بهوه خواست كه ئەنجامی ئەرێنی بەدەستبێت لە قۆناغی داهاتوودا.