لە ناوه‌ندێكی چاکسازی لە باکوری سوریا، پیاوانی گەنج ئاپۆرەیان بەستووە لە دەوری یارییەکی شەترەنجی بێ‌زیان و هەندێك جگەرە -- چالاکوانان دەڵێن ئەوانە کاتی خۆی به‌توندی ده‌چه‌وسێندرانه‌وه وەك چەکداری رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
ناوه‌ندی سوری بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی لە شارۆچکەی مارعی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، نزیکەی 100 چەکداری پێشوی داعش له‌خۆده‌گرێت كه خه‌ڵكی سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوروپاشن.
محەمەد حاجی ئەحمەد، 23 ساڵ، وتی: "پێشتر خەونم دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو... بەڵام ئێستا، به‌شداری له‌و خولانه‌دا ده‌كه‌م کە روونیدەکه‌نه‌وە هەڵەی بیرکردنەوەی پێشوومان چی بوو."
ئەحمەد خەڵکی رەققەیە، کە شارێکی باکورە و پایتەختی "خەلافەت"ەکەی داعشی تێکشاو بوو کە لە سوریاوە درێژدەبووه‌وە بۆ عێراق.
ئەو لە 2014 پەیوەندیکرد بە داعشەوە و بەشداریکرد لە یەکێك لە قێزەونترین شەڕەکاندا لە فڕۆکەخانەی تەبقەی نزیك رەققە، کە لەوێ توندڕەوان زیاد لە 200 سەربازی سوپایان لەسێدارەدا.
وتی: "بەتەواوی باوەڕم بە دروشمەکانیان کرد دەربارەی جیهاد و ئه‌وه‌ی گوایە ئه‌وان ته‌نها كه‌س بوو بەدروستی ئایینیان جێبەجێدەكرد و هەموو ئەوانیدی زەندیق و کافر بوون."
"باوکم دەترسا لەوەی قایلبم بەوەی خۆم بتەقێنمەوە."
ئێستا ئەحمەد و هاوڕێیانی چەکداری پێشووی داعش بە خولێکی چاکسازی چڕوپڕدا دەڕۆن لە مارع کە ئامانجی نەهێشتنی خووی توندڕەوانەیە تا بتوانن بەتەواوی تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە.
ئەحمەد نازانێت چی بکات ئەوکاتەی بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن مۆڵەتی بدەن ناوه‌نده‌كه جێبهڵێت.
شان رادەوەشێنێت: "رەنگە دەستبکەم بە كاروكاسبی، بەردەوام بم لە خوێندن یان بڕۆم بۆ ئەوروپا."
چاره‌سه‌ری دەروونی و مافە مەدەنیەکان
ئەم ناوه‌نده دوو نهۆمییە لە 27 تشرینی یەکەم لە مارع کرایەوە.
سەرۆکی ناوه‌نده‌كه، حسێن ناسر، وتی: "ناوه‌نده‌كه‌مان کردەوە لەبەرئەوەی زۆر چەکدار دەهاتن بۆ بەشەکانی باکوری پارێزگای حەلەب دوای رووخانی داعش، کە کێشەیەکی ئەمنی دروستکردبوو."
هەندێك لە بەشداربووان خۆبەخشانە هاتن، لەکاتێکدا ئەوانیدی له‌ژێر چاره‌سه‌ری دەروونیدان وەك بەشێك لە سزاری زیندانیكردنیان کە لەلایەن بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆنەوە دەرکراوە له‌سه‌ر پەیوەندیکردن بە داعشەوە.
ئەوانە بۆ سێ بەش دابەشکراون: چەکداری کورتمەودای داعش، ئەوانەی به‌سه‌ختی یان بۆ ماوەیەکی درێژ شەڕیانکرد و بیانییەکان لە تونسەوە بۆ ئوزبێکستان.
ناسر وتی چارەسەر بۆ شەش مانگ بەردەوامدەبێت، کە دەکرێت نوێبکرێتەوە.
کارگێڕان و پزیشکان و چالاکوانان کە ناوه‌نده‌كه بەڕێوەدەبەن لەنزیکەوە هەماهەنگی دەکەن لەگەڵ بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی له‌گه‌ڵ سیستمی دادوەری.
ناسر وتیشی: "وانەبێژه‌كانی ناوه‌ندەکە راپۆرتی هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌ده‌ن به ده‌سه‌ڵاته دادوەریه‌كان، کە بڕیاردەدەن ئایا کەسەکە دەتوانێت تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببێتەوە یان نا."
وتی ناوه‌نده‌كه پاڵپشتیی ماددی له ناوخۆوە کراوە بەڵام هەوڵی دەستخستنی پارەی زیاتر دەدات بۆ لەخۆگرتنی بیانی زیاتر و کردنەوەی لقێك بۆ ئەندامانی مێینەی داعش.
لەناو ناوه‌نده‌كه‌دا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ژێر چاره‌سه‌ردان ده‌چنه پۆلەکانەوە بۆ وانه‌كانی چاره‌سه‌ری دەروونی به‌كۆمه‌ڵ و تاك هه‌روه‌ها وانە ده‌رباره‌ی یاسای ئیسلامی و مافه مەدەنییه‌كان و دەروونناسی.
هەندێك ریشیان هەیە و ئەوانیدی تراشیانکردووە. زۆربەیان جلی هاوتای نافەرمییان لەبەردایە کە بریتیه له بلوزێكی سپی لەژێر چاکەتێكی رەشی بێقۆڵەوە.
دەروونناسی ناوه‌نده‌كه، عەبدولکەریم دەروێش، وتی: "وانەکان هاوشێوەی چاره‌سه‌ری چاکسازییانه كه وێنایه‌كی ئەرێنییان پێده‌به‌خشێت ده‌رباره‌ی خۆیان و تواناکانیان."
دەروێش گوێ بۆ چیرۆکەکانی ژیانیان دەگرێت، پاشان خولێکی چاره‌سه‌ری دەروونییان بۆ دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی چ فاکتەرێکی کۆمەڵایەتی بۆتەهۆی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە.
لەکاتی پشووەکاندا، چەکداره‌كانی پێشوو نوێژدەکەن، ژەمێكی ئاسایی دەخۆن لەسەر بەڕەیەك کە لە ژوورێکی بێپەنجەرەدا راخراوە و شەترەنجدەکەن -- یەکێك لەو چه‌ندان شێوازانه‌ی کاتبەسەربردن کە داعش بە نائیسلامی لەقەڵەمی دابوو -- یان کاتبەسەردەبەن لەگەڵ ژن و منداڵەکانیان کە ئەوانیش لە ناوه‌نده‌كه دەمێننەوە.
'لە مەریخەوە نەهاتووم'
حەواس عەلی، 26 ساڵ، کە لە 2016 وازی لەئیشەکەی هێنابوو وەك چێشتلێنەر لە باکوری عیراق و هاتبووه خۆرهەڵاتی سوریا، وتی: "هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووه‌وە دەبمە جیهادی."
پەیوەندیکرد بە یەکەیەکی پۆلیسی داعشه‌وه کە جێگیرکرابوو بۆ بەهێزکردنی ئه‌و کەتیبە شه‌ڕكه‌ره توندڕەوانه‌ی به‌ره‌و لاوزای ده‌چوون.
عەلی وتی: "ئامانجم سەرکەوتنی ئیسلام بوو، بەڵام دوای ماوەیەك بیرمکردەوە لە گەڕانەوە بۆ ژیانی مەدەنی و کۆمەڵگە و كه‌سوكار و منداڵەکانم."
خۆی په‌یوه‌ندییكرد به ناوه‌نده‌كه‌وه و وتی ئێستا خۆشحاڵە بە گەڕانەوە "بۆ ژیانه‌كه‌ی پێش داعشم".
عەلی دەترسێت لەوەی ئه‌گەر بگەڕێتەوە بۆ عێراق دەستگیربکرێت، بۆیە ئێستا لە باکوری سوریا گیریخواردووە و رەنگە گەشتبکات بۆ تورکیا.
ئەشرەف ناسر، 24 ساڵ، وتی ئامادەیە دووبارە ببێتەوە به ئەندامێکی چالاکی ئەو کۆمەڵگەیەی پێشتر داعش دەیتۆقاند.
وتی: "من بەشێکی گرنگم لە کۆمەڵگە -- لەژێر بەردەوە نەهاتووم یان لە مەریخەوە، هەرچەندە پەیوەندیشمکرد بە داعشەوە."
ناسر وتی کێشەکە ئەوەیە کە "چۆن کۆمەڵگە په‌سه‌ندمان دەکات".
گەڕانەوە بۆ وڵات زۆر سەختتریش دەبێت بۆ بیانیەکانی وەك موسلیم گادژیمێتۆڤ.
ئەم ئۆکرانیە لە 2016 هاتە سوریا لە تورکیاوە بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە وله‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە دەستبەسەرکرا.
گادژیمێتۆڤ وتی بڕیاریدا جیابێتەوە کاتێك بە چەوساندنەوەکانی داعشی زانی دژی موسڵمانانی دیکە.
وتی: "خۆم بە تاوانبار دەزانم بۆ ئەمە."
"بەدڵنیاییەوە دەمەوێت تێکەڵببمەوە و بەردەوامبم، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ژیانی مەدەنی. خەون بەو ژیانەوە دەبینم."