بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت پاراستنی سنوور لەگەڵ سوریا تەحەدایەکی سەرەکییە بۆ حکومەتی عێراق دوای لەناوبردنی چەکداران و شوێن و پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە رۆژئاوای عێراق.
سەرهكوەزیران حەیدەر عەبادی لە کۆنفرانسێكی رۆژنامهوانیدا 5 کانونی یەکەم رایگهیاند كه بۆ مامهڵهكردن لهگهڵ ئهم کێشەیه حكومهتی عێراق "پلانێکی گشتگیر"ی داڕشتووه بۆ ئهمینكردنی سنووری نێوان عێراق و سوریا.
سەرۆکی بەشی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق، عەمید تەحسین خەفاجی، وتی وەزارەتەکە ئێستا "کۆنترۆڵی زۆری بەسەر سنوورەکەدا هەیە و سیستمی پاراستنیش نوێدەکاتەوە لە رێی میتۆد و کەلوپەلە پێشکەوتووەکانی چاودێریەوە."
خەفاجی بە دیارونای وت: "ئێستا چەندین رەبییە و خاڵی چاودێریمان هەیە لەسەر سنوورەکە ... هێزەکانی پاسەوانانی سنوور هەموو ئامێرە پێشکەوتووەکانیان پێیە، کە توانای ئاشکراکردنی هەموو جۆرە دزەکردنێکیان هەیە لە كورتترین كاتدا."
وتی چاودێری ئاسمانیش بەکاردەهێنرێت بۆ باشترکردنی ئەمنییەت لەسەر سنوورەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ چاودێریکردنی خەڵك و شوێنی گومانلێکراو لە ناوچە دوورەدەستەکاندا.
وتیشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەیە لە هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی چاودێری لە رێگای "بەئامانجگرتنی حەشارگەی چهكداران و بەرپەچدانەوەی هێرشەکانیان، کە لە قوڵایی بیابانەکەوە یان بە درێژایی سنوورەکە ئەنجامدەدرێن."
بونیاتنانی سوپایەکی بەهێزتری عێراقی
خەفاجی وتی هاوپەیمانان راهێنان بە سوپای عێراق دەکەن و "پڕچەکیان دەکەن هاوشانی تەکنەلۆژیا بۆ پرۆفێشناڵتركردن و ئاوێتهكردنی ئهدای هێزەکانمان، بەتایبەتی ئەوانەی بەرپرسن لە ئاسایشی سنوورەکان".
وتیشی: "ئەم پشتگیرییه بەندە بە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیهوه بۆ هاوکاریکردنی عێراق و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارە تیرۆریستەکان و كهمكردنهوهی چالاکییەکانیان و لەناوبردنیان."
خەفاجی وتی حکومەت پلانی دووبارە دروستکردنەوە و رێکخستنەوەی هەموو یەکەکانی سوپای عێراقی هەیە بۆ راهێنانی هێزەکان لەسەر چالاکی پیشکەوتووی سەربازی و سیستمە نوێکان.
وتیشی: "پلانەکە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان جێبەجێدەکرێت و بە گشتی ئامانجی زیادکردنی توانای هێزەکانمانە بۆ پاراستنی وڵات و بنیاتنانی تواناکانیان لە بواری پاراستنی سنووردا."
هێزەکانی عێراق 19 تشرینی دووەم هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ لەناوبردنی شوێن و پاشماوەکانی چەکدارانی داعش لە فوراتی سەروو لەگەڵ ناوچە بیابانییەکانی نزیك سنووری سوریا.
ئەمڕۆ، زۆر لە یەکە سەربازییەکان نێردراونەتە ناوچە سنووریەکانی نێوان دەروازەی سنووری وەلید لە شاری قائیم لە پارێزگای ئەنبار و خاڵی سنووری رەبیعە لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، کە بە درێژایی 600 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە.
دامەزراندنەوەی پاراستنی سنوورەکان
هێزە عێراقیەکانبهربهستی بەرزیان ههڵچنیوه لەگەڵ بورجی چاودێری بۆ ئهمینكردنی هێڵه سنوورییەكه و دامەزراندنەوەی ئەو خاڵانەی سنوورەکه دیاریدەکەن، چونکە داعش لایبردوون دوای ئەوەی بەناو "خەلافەتەکەی" راگەیاند.
خەفاجی وتی ناوچە سنوورییەکه هێشتا سەرچاوەی نیگەرانییه لەبەرئەوەی زۆر بەرفراوانە و شوێنە دژوارەکانیشی بوونەتە پەناگەی ئارام بۆ چەکدارەکان.
شارەزای بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی، بە دیارونای وت هێڵی سنووری لەگەڵ سوریا "ئاڵوزترین ناوچەی عێراقە".
وتی: "شەڕی سهندنهوهی ئەو ناوچانە لەدهست تیرۆریستەکان تەواوبووە لە روانگەی سەربازییەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە هەڕەشە ئەمنییەکان بەتەواوەتی لەناوبراون."
شەریفی وتی جێبەجێکردنی هەر پلانێک بۆ ئاسایشی بیابان و ناوچە سنوورییەکان دەبێت له پاڵپشتیکردنی دانیشتوانەكهوه دەستپێبکات.
دانیشتوانەکە و پیاوانی خێڵهكان هاوکاری دامەزراندنی ئەمنییەت و پاراستنی ناوچەکانیان دەکەن لەسەر سنوورەکە.
وتیشی: "لێرهدا توانایی بە ژمارەی ئەو هێزانە ناپێورێت کە ناوچەکە دهپارێزن، بەڵکو بهو [ئامێرانەی] لهبهردهستیاندایه."
ئەوانهش بریتین له دووربینی شەوانە، سیستمی پەیوەندیكردنی پیشکەوتوو، ئامێرەکانی چاودێری و ئاشکراکردنی جوڵە لە دوورەوه و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لهدوورهوه کۆنتڕۆڵدهكرێت.
هاوپەیمانێتی عێراق و هیزەکانی سوریای دیموکرات
سوپای عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەمدواییانە رێککەوتن بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی بکەن بۆ پاراستنی سنووری عێراق و سوریا لە دزەکردنی داعش.
وتەبێژێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی فەرماندەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبوونەوە یەکشەممە (11 کانونی یەکەم) لە ناوچهی سنووریی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و عێراق بۆ راوێژکردن و هاوئاهەنگیكردن بۆ ئەمینكردنی سنوورەکە.
فەرماندەی حەشدی عەشایەری له بەغدادی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، بە دیارونای وت هەردوولا رێککەوتوون لەسەر هاوئاهەنگی لە ناوچە سنوورییەکان بۆ ئەوەی رێبگرن لە هەوڵەکانی دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ هەردوو وڵاتەکە.
وتی ئهو ناوچانهی عێراق كه لهتەنیشت سنوورهكهوهن، کە لە قائیمەوە لە ئەنبار درێژدەبنەوە بۆ رەبیعە لە نەینەوا، ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و سەلاحەدین و نەینەوادایە.
وتیشی سوپا دەوری ناوچەکەی گرتووە بە هاوکاری خۆبەخشانی خێڵهكان.
ههروهها وتی: "سوپا دەستیکردووە بە هەڵکەندنی خەندەق و دانانی تەلی دڕکاوی و دانانەوەی بەربەسته خۆڵەکان، کە لە ساڵانی هەشتاکاندا درووستکرابوون و لە 2014 داعش هەندێکی لابردبوون بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبیلەکانیان."
سەرۆکی خێڵی جهغایفه لە حەدیسە، غازی نافق جوغەیفی، وتی: "ئێمە لە خزمەتی حکومەت و فهرمانده ئەمنییەکانداین."
جوغەیفی بە دیارونای وت: "ئاستی ئامادەیی ئێمە بەرزە و ئامادەین سنوورەکانی رۆژئاوامان بپارێزین."
هاوئاههنگی کارێکی پێویستە
شارەزای بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی، بە دیارونای وت هاوئاهەنگی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات رێکارێکی پێویستە و داوایکرد هاوئاهەنگی و دیالۆگ بەردەوامبێت.
وتی رەوشەکە لەسەر سنووری سویا "پێویستی بەوەیە لەگەڵ ئەو هێزانە بەردەوام بین لە دیالۆگ. هەر رێککەوتنێکی هاوئاهەنگی لەگەڵیاندا بۆ پاراستنی سنوورەکان بابەتێکی پێویستە".
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، فەرحان محەمەد دولەیمی، بە دیارونای وت چەکدارانی داعش "هێشتا مەترسین لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سوریا و عێراق".
وتی: "کاری پاراستنی سنوورەکە زۆر گرنگە و پێویستە فشار بهێڵدرێتەوە لەسەر تیرۆریستەکان لەوێ و رێگەنەدرێت بە ئازادی بگەڕێن."
وتیشی شەڕ بەردەوامە لە بهری سوریا لەو شوێنانەی بەدەست داعشەوە ماون لە شاری ئەلبوکەمال و ناوچە سنوورییەکانی دیکە لە پارێزگای دێرەزوور.
دولەیمی وتی باشکردنی هاوئاهەنگییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات "پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردن و پاراستنی سنوورەکە".
هۆکاری سەرەکی نەبوونی ئەمنیەت فەرامۆشکردنی دەوڵەتانه بۆ سنورەکانیان و بوونی درزە له هاریکاریی هەواڵگریدا.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت