هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ئامادەیە دەستبكات بە بنیاتنانەوەی خۆرئاوای موسڵ

خالید تائی

کارمەندێکی شارەوانی موسڵ داروپەردووه‌كان لەسەر شەقامەکانی موسڵی کۆن لادەبات لە بەری خۆرئاوا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی بەڕێوبەرێتی شارەوانی موسڵەوە وەرگیراوە]

کارمەندێکی شارەوانی موسڵ داروپەردووه‌كان لەسەر شەقامەکانی موسڵی کۆن لادەبات لە بەری خۆرئاوا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی بەڕێوبەرێتی شارەوانی موسڵەوە وەرگیراوە]

حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ دەستپێکێکی خێرای هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە موسڵی کۆن له‌ بەری خۆرئاوا و شاندێکی حکومی نێردراوە بۆ ئەوێ، سێشەممە (5 تشرینی دووەم) بۆ پشکنینی ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕەکانی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە هاتۆته‌كایه‌وه‌.

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین عه‌بار وتی شاندەکە بەرپرسانی لە چەندین کەرتی جیاواز تێدایە، وەك شارەوانیەکان و ئاو و پلاندانانی شار.

عه‌بار بە دیارونای وت هاتن "ئاستی زیانەکان بپشکنن کە بەر گەڕەکەکانی موسڵی کۆن کەوتووە، تا راپۆرتی خەمڵاندنی زیانەکان ئامادەبکەن و پلانێکی گونجاو و دیدگای بنیاتنانەوە دابڕێژن".

وتی ناوچەکە لە شەڕەکاندا وێرانکراوە و ئاماژەی بەوەشکرد كه‌ ماڵەکان و ژێرخان و مۆنومێنتە مێژوییەکان هەموویان تێكدرابوون.

وتی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی حکومەتی خۆجێی نەینەوا بەهای بنیاتنانەوە بەرز دادەنێت بەڕادەی یەك ترلیۆن دیناری عێراقی (800 ملیۆن دۆلار).

وتیشی: "ئەوە بڕێکی گه‌وره‌یه‌ و پارێزگاکە ناتوانێت ته‌نانه‌ت دە-یەکی ئەو بڕەش دابینبکات."

هه‌روه‌ها وتی ئۆپەراسیۆنەکانی بنیاتنانەوە لە موسڵ و شارەکانی دیکەی پارێزگاکە نەگەیشتوونەتە ئاستی پێویست بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دارایی و پشتگیرییەوە.

عه‌بار وتی: "خزمەتگوزارییە گشتیەکان لە دۆخێکی خراپدان و زۆرکەس کە موڵكوماڵیان لەدەستداوە لەمڕۆدا پێویستییه‌كی دەستبەجێیان بە یارمەتی و قەرەبووکردنەوە هەیە."

پەرلەمانی عێراق لە 26 کانونی دووەمدا دەنگی دا بە ناساندنی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا وەك ناوچەی کارەساتبار بەهۆی ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداوە لەکاتی فەرمانڕەواییدا لە پارێزگاکە.

بەیاننامەیەکی پەرلەمان رایگەیاند: "ئەو بڕیارە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانە خێراتردەکات لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی کتوپڕ بۆیان."

لە 12 ئەیلول، پەرلەمان موسڵی کۆنی له‌ بەری خۆرئاوا بە ناوچەی کارەساتبار لەقەڵەمدا و به‌وشێوه‌یه‌ ئەولەویەتی بەخشییە ناوچەکە لە سودمەندبوون لە بەرنامەکانی حکومەت بۆ بنیاتنانەوە.

عه‌بار هیوای خواست کە سەردانی شاندە حکومیەکە بۆ موسڵی کۆن خاڵی دەستپێك بێت بۆ بنیاتنانەوە و کۆتاییهێنان بە مەینەتیی دانیشتوان کە ئێستا لە کەمپی ئاوارەکاندا لە دۆخێکی زۆر سەختدا ژیان بەسەردەبەن.

موسڵی کۆن شایەتی یەکێك لە سەختترین شەڕەکانی داعش بوو پێشئەوەی هێزە عێراقیەکان تێکیانبشکێنن و رزگارکردنی تەواوی شاری موسڵ لە 10 تەمموزدا رابگەیەنن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500