دەسەڵاتدارانی پارێزگای سەڵاحەدین چهند کۆنفرانسێكی کۆمەڵایەتییان رێکخستووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاشتەوایی لەنێوان هۆزەکاندا و رێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی سەدان خێزانی ئاوارە، بەرپرسانی نێوخۆیی بەدیارونایان وت.
پارێزگاکە کە ساڵی رابردوو ئازادکرا لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، شوێنی تیرە و گروپی ئێتنیی جۆراوجۆره کە وایکردووە گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی کارێك بێت پێویستی بە کۆبوونەوەی ئاشتەوایی بێت.
چەند کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە لەنێوان خێڵە سونە و شیعەكاندا ئەنجامدراون بە میانگیری بەرپرسانی حکومی و هەندێكجار دەسەڵاتدارانی ئایینی لە نەجەف وەك ئامادەکارییهك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
کۆنفرانسەکانی ئاشتەوایی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، عەلی فازڵ دوجەیلی، وتی: "کۆنفرانسی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی کە سەرکردەی خێڵەکان بەشداریی تێدادەکەن راستەوخۆ لەلایەن قائیمقام و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدینەوە سپۆنسەر دەکرێت."
دوجەیلی بە دیارونای وت ئامانجەکە بۆ چاککردنی درزی نێوان دانیشتوانی پارێزگاکەیە لەگەڵ بنیاتنانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەهێز.
وتیشی: "کۆنفرانسەکان لەو بەشانەی پارێزگاکە ئەنجامدراون کە رووبەڕووی شەپۆلی زۆری ئاوارە بوونهتهوه لە چەند ساڵی رابردوودا."
لەنێویاندا ناوچەکانی عەزیز بەلەد، ئەلبو هیشام، سلێمان بەگ، بێجی، سینییه و گوندەکانی نزیك ئامەرلی هەن.
هەروەها وتی: "ئاشتەوایی یارمەتی داوە بۆ رێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان لە تایهفهی جیاواز بۆ ماڵەکانیان." ئاماژەشی دا بەوەی یارمەتی دانیشتوانی داوە لەسەروی جیاوازی ئێتنی و تائیفییهوه بیربکەنەوە.
دوجەیلی وتی سەڵاحەدین کە ماڵی خێڵەکانی سونە و شیعە و تورکمان و کوردە "دەتوانرێت وەك بچوکكراوهیهكی عێراق ببینرێت."
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، حەردان فەرەجی، بە دیاررونای وت ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاریداوە لە هەوڵەکانی بەردەوامبێت بۆ ئاشتکردنەوەی خێڵەکان و گەڕاندنەوەی دانیشتووە ئاوارەکان.
وتیشی: "دەسەڵاتی نێوخۆیی سەرکەوتووبووە لە رێکخستنی چەندین کۆبوونەوە لە پارێزگاکانی بەغدا و سەڵاحەدین لەنێوان سەرکردەی خێڵه جیاوازهكاندا."
رێككهوتننامهی ئاشتی كۆمهڵایهتی
فەرەجی وتی ئەو هەوڵانە پێکەوە بوونههۆی هێنانهكایهی رێككهوتننامهیهك بۆ ئاشتی كۆمهڵایهتی کە هەنگاوە سهرهكیهكان دەستنیشاندهكات بەرەو ئهو ئاشتەواییهی پێویستە ئەنجامبدرێت پێش گەڕانەوەی ئاوارهكان.
وتیشی: "خاڵێكی گرنگی ئەم رێككهوتننامهیه حکومەت ناچاردەکات قەرەبووی پاره دابینبکات بۆ [ئەو خێزانانەی] بوونە قوربانی داعش لە بەلەد و یەسریب و باشوری سامەڕا" پێش گەڕانەوەیان.
وتی ئەمە دانراوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییان و وەلاوهنانی هەر کینەیەکی ماوە لەنێوان ئەو خێزانانەدا له بوونە قوربانی داعش و ئەو خێزانانەی ئەندامانیان پەیوەندییان کردبوو بە ریزەکانی داعشەوە.
دەسەڵاتی نێوخۆیی سەڵاحەدین پێنج ملیار دینار (4 ملیۆن دۆلار)ی تەرخانکردووە بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان کە هەندێك لەو پارەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆریزم دەڕوات.
فەرەجی وتی: "ئەوە بووە ئەنجامی ئەوەی 108 خێزان کە ئەندامانیان لەدەستداوە لە شەڕدا قەرەبووی پاره وەربگرن." ئاماژەشی دا بەوەی وەجبەیەکی تری خێزانەکان دانراون بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکە بەمزوانە.
روونیشیکردەوە كه رێككهوتننامهكهی ئاشتی ئەندامانی داعش و پشتیوانانیان قەدەغەدەکات لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لەکاتێکدا خێزانەکانیان لەم قەدەغەیە دەبەخشرێن.
وتیشی: "هەموو شتێك بەپێی پلان دەڕوات کە هەندێك خێزان گەڕاونەتهوە و هەندێکیشیان بەڕێگاوەن."
خێزانەکان دەستدەکەن بە گەڕانەوە
فەرەجی وتی قەزای عەزیز بەلەد لە باشوری سەڵاحەدین ئێستا شوێنی تەرکیزی هەوڵەکانه بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ماڵەکانیان.
وتی: "بەڵام بەربەستەکە تەنیا پەیوەندی بە ئاشتەواییەوە نیە بەڵکو ژێرخانی وێرانکراویش." ئاماژەشی دا بەوەی بەتەنیا لە عەزیز بەلەد لە 3,600 ماڵی ئاوارەکان کۆی 4,000 ماڵ وێرانبوون.
وتیشی وێستگەی کارەبا تاڵانکراوە و چەندین وێستگەی پاککردنەوەی ئاو و 11 مزگەوت و 15 خوێندنگە تێكدراون.
ههروهها وتی: "بونیاتنانەوە پێویستی بە پارە هەیە بەڵام خێزانەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناو ئهو ئاسته له وێرانه، چونکە تەنانەت ئەمە باشترە لە ژیان لە کەمپی ئاوارەکاندا."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، خالید خەزرەجی، وتی پرۆسەی ئاشتەوایی ئەنجامدەدرێت لە کەشێکی گونجاوی دۆستانەدا.
خەزرەجی بە دیارونای وت: "پرۆسەکە لەلایەن دەسەڵاتی نێوخۆییهوه پاڵپشتی دەکرێت کە پشتیوانی حکومەتی فیدراڵی هەیە لە بەغدا."
خەزرەجی سەرکەوتنی هەوڵەکانی ئاشتەوایی و هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی بەستەوە بە سروشتی پەیوەندی دۆستانەی خێڵەکانهوه لە پارێزگاکەدا و ئاماژەشی دا بەوەی لەسەدا 90 خێڵەکان دژی تایهفهگهریین.
وتیشی ژنوژنخوازی شتێکی باوە لەنێوان خێڵه جیاوازهكاندا.
هەروەها وتی زۆربەی خێزانە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لەئەنجامی هەوڵەکانی ئاشتەواییدا و ئاماژەشی دا بەوەی دەکرێت هەموو خێزانە ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە سەڵاحەدین پێش کۆتایی ئەمساڵ.