حکومەتی عێراقی کۆتایی بە بنیاتنانەوەی 15 پرد هێناوە کە روخێنرابوون لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لەکاتی دهستگرتنی بهسهر چەند بەشێکی پارێزگای ئەنباردا، بەرپرسێکی عێراق دووشەممە (4 کانونی یەکەم) رایگەیاند.
بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی رێگاوبان و پردی ئەنبار، مەهدی عەبدولفەرحان، وتی نزیکەی 100 پرد لە ئەنبار زیانیان بەرکەوتووە لە ئەنجامی هێرشەکانی داعشدا.
عەبدولفەرحان بە دیارونای وت لە تەمموزی 2016، بەڕێوبەرێتیەکە دەستی بە پلانێك کرد بۆ بنیاتنانەوەی هەموو پردە زیانپێکەوتووەکان بە پاڵپشتی دارایی لە سندوقی بنیاتنانەوە بۆ ئەو ناوچانەی بەر زیانی كردهوهی تیرۆریستی کەوتوون و ههروهها به پاڵپشتیی بانکی جیهانی و پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان.
وتی: "تائێستا، بنیاتنانەوەی 15 پردی گرنگمان تەواوکردووە لە شارەکانی رەمادی، خالیدیە، فەلوجە، حەدیسە و قەزای محەمەدی بە هەوڵی هاوبەشی کۆمپانیا تایبەتمەندە ناوخۆییەکان."
لەنێو ئەو پردانەدا پردی پۆڵاینی فەلەستین، پردی کاتی سەرئاوی مەئمون و پردی نوێی فەلوجەهەن.
بنیاتنانەوەی شەش پردی دیکە -- پردی ئاسنینی هیت، پردی جەببە لە قەزای بەغدادی، پردی سەقلاویە، پردی سککە لە ئەلبو عەلون له خۆرئاوای حەویجە و پردەکانی حیلوە و عەناز لە خۆرهەڵاتی رەمادی -- چاوەڕواندەکرێت بەمزوانە دەستپێبكات.
فەرحان وتی ئەمانە بەمدواییانە دراونەتەوە دەست ئەو کۆمپانیایانەی سەر بە وەزارەتی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە بوون لەگەڵ گرێبەستکارە ناوخۆییەکان.
وتیشی عێراق پێویستی بە نزیکەی 180 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ بنیاتنانەوەی تەواوی پردە روخاوەکانی دیکە.
وتی: "نەبوونی پاڵپشتی ماددی بنیاتنانەوەی پردی زیاتر دوادەخات." ئاماژەشیکرد بەوەی پاڵپشتی دارایی لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە نرخی بنیاتنانەوەی پردەکان دابیندەکات "چونکە سەرچاوەکانی دەوڵەت بەدەگمەن بەشی کاری کتوپڕیش دەکەن".
ههروهها وتی زۆر رێگەی سەرەکی لە پارێزگاکە کراونەتەوە بۆ ئۆتۆمبیل، دوای هەوڵی چڕوپڕ بۆ لادانی پاشماوە و چاککردنەوەی ئەو زیانەی بەهۆی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی دەستکردی چێنراوهوه لەلایەن چەکدارانەوە کەوتبوونەوە، بۆ ئاستەنگ خستنە بەردەم پێشڕەویی هێزە سهربازیهكان.