بەرپرسانی خۆجێی بە دیارونایان وت هێزە عێراقیەکان هەفتەی رابردوو ئهمبارێكی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دۆزییهوه لە قائیم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، كه بڕێكی زۆر ماددهی کیمیایی تێدابوو.
وتیان چەکدارەکان ئەو شوێنەیان وەك ناوەندی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی مادده کیمیاییهكان بەکارهێناوە بۆ درووستکردنی هەزاران چەکی کوشندە.
ئهمبارهكه 19 تشرینی دووەم دۆزرایەوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی پشکنین و پاککردنەوەدا لە ناوچەی پیشەسازی قائیم له گهڕاندا بهدوای پاشماوەکانی داعش.
فەرماندەی حەشدی خێڵهكی له بەغدادی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، وتی لەكاتی داگیکردنی ئەنباردا لە کۆتایی 2014 ەوە داعش دهستیگرت بهسهر ئەو ئهمبارهدا لەگەڵ چەند كارگهیهكی تردا بۆ دروستکردنی پەین و فسفۆڕ کە پێشتر موڵكی وەزارەتی پیشەسازی بوون.
سەمەرمەد بە دیارونای وت داعش ئەو دوو ماددانهی كه دهكرا به دوو شێواز بهكاربهێنرێن، بەکارهێنا لە درووستکردنی بۆمبه دەستکردەکان و بۆمبی زۆر بەهێزی وەك سی فۆر (C4).
وتی: "توانییان بە پشتبەستن بەم ئهمباره ستراتیژیە هەزاران تەقەمەنی درووستبکەن و لە چهندان شوێن بیچێنن لە شاری قائیم و لە هێرشهكانیشدا دژ به مەدەنی و هێزە سەربازیەکان بهكاریانبهێنن."
سەمەرمەد وتی: "ئهمبارهكه سەرچاوەی سەرەکی بووە بۆ درووستکردنی تەقەمەنیەکان و چەکە قەدەغەکراوەکان لەلایەن تیرۆریستەکانەوە."
وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاند كه هێزە عێراقیەکان لە ناو ئهمبارهكهدا 3,000 کیسە (هەریەكهی 50 کیلۆ) لە تهقهمهنیی یوریا نیتراتیان دۆزییهوە، کە بەکارهێنرابوون بۆ زیاترکردنی کاریگەری تەقەمەنیەکان.
بهگوێرهی وەزارەتەکە، ئامێر و کەلوپەلی درووستکردنی تەقەمەنیش دۆزراونەتەوە.
سەمەرمەد وتی: "هێزە ئەمنیەکان چەندین تەقەمەنییان لابرد و پوچەڵکردهوه کە لەلایەن چەکدارەکانەوە لەسەر شەقام و ناو ماڵەکان و بینا حکومییەکاندا دانرابوون لە قائیم و ناوچەکانی دیکە."
وتی بەڵام ئهركێكی پڕ ئاستهنگه، لەبەرئەوەی ئهو ناوچانهی كهوتوونهتهژێر کاریگەریی ئهو ماددانهوه بهرینن و کاری زۆری پێویسته.
وتیشی بۆمبه دەستکردەکان چەندین قوربانییان لێکەوتۆتەوە لە چەند رۆژی رابردوودا، لهنێوێندا 15 مەدەنی و ستافێکی سەربازی هەیە.
بەڵگەی نوێی تاوانەکانی داعش
فەرماندەی هێزی خێڵهكانی حەدیسە، شێخ عەواد سەعید جوغەیفی، وتی دۆزینەوەی ئهمبارهكه بەڵگەی نوێی دەرخستووە کە داعش بۆمبی کیمیایی درووستکردووە.
جوغەیفی به دیارونای وت كه داعش دهیتوانی ئەو قەبارە زۆرەی یوریا کە لە ئهمبارهكهدا دۆزرایەوە بگۆڕێت بۆ چەکی کوشندە.
لە کۆتایی 2016وه چەکدارانی داعش چەندین هێرشیان ئەنجامداوە بەو تەقەمەنی و چهکانهی ماددەی کیمیاییان تێدابوو، وەك گازی کلۆر و خەردەل، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ رێگریکردن لە پێشڕەویی هێزە ئەمنییەکان.
رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان، لهنێویاندا رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، چەندین وتەی کارمەندانی تەندروستی فریاکەوتنیان بە بەڵگە هەڵگرتووە کە پشتڕاستیدەکەنەوە داعش هێرشی کیمیایی ژەهراویی ئەنجامداوە لە دژی مەدەنی و ستافە سەربازییەکان لە شارۆچکەکانی باکوردا، وەك گەیارە و توزخورماتوو.
رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ له تشرینی دووەمی 2016 رایگهیاند كه چەکدارانی داعش لانیکەم 3 هێرشی کیمیاییان ئەنجامداوە لە شاری گەیارەی عێراق.
دۆزینەوەی حەشارگەی چەكەکان
جوغەیفی وتی هێزە عێراقیەکان بەپشتیوانی خێڵه ناوخۆییهكان بەردەوامن لە گەڕان و خاپورکردنی پاشماوەی حەشارگەکانی چەك و تەقەمەنی داعش.
وتیشی ئەوان تا ئێستا توانیویانە لانیکەم 6,000 تەقەمەنی پوچەڵبکەنەوە لە شارەکانی قائیم و عەنە و راوە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار فەرحان محەمەد دولەیمی بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنی ورد ئەنجامدەدەن بۆ دۆزینەوەی حەشارگەکانی چەك و شوێنی خۆشاردنەوەی داعش لە قائیم و ناوچەکانی دەوروبەری.
دولەیمی، کە خۆی چاودێریی ئەو ناوچانەی کردووە کە هێزە عێراقیەکان چالاکن تیایدا لە رۆژئاوای ئەنبار، وتی: "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە هەبوونی تونێل و خەندەقەکانە، کە لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە یان بۆ مەودایەکی زۆر دوور درێژ دەبنەوە، هەندێکیان دەگەنە بیابانەکە."
وتی چەکدارانی داعش هەڵیانکەندبوون بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی شەڕ رابکەن یان پێشڕەیی هێزەکان دوابخەن.
جهختی لهسهر ئەوەش کرد كه ههڵمهتهكانی پشکنین درێژدەکرێنەوە بۆ ناوچەیهكی جوگرافیی گهورهتر بۆ نەهێشتنی مهترسیی پاشماوەکانی داعش.