بارگرژی بەردەوامە لە چەند بەشێکی حەلەب و ئیدلیبی ژێر کۆنترۆڵی تەحریر شامدا، کە هاوپهیمانێتیەکی توندڕەوە و تیایدا بەرەی نوسرەی پێشوو باڵادهسته، ئەمەش دوابهدوای هەڵمەتی گرتنی سەرکردە و چەکدارانی قاعیدە لهلایهن هاوپهیمانێتیهكهوه.
چالاكوانان به دیارونایان وت ئەم پشێویانە گەیشتونەتە بازنە ناوەکییەکانی هاوپهیمانێتیەکە و وایکردووە چەندین سەرکردە رایبگەینن کە ئەوان ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنە رەتدەکەنەوە و لەبەر ئەوەش کارەکانیان هەڵدەپهسێرن.
هەندێکیان هەڕەشەیان کردووە کە هاوپهیمانێتیەکە بەجێبهێڵن و بەیعەتهكهیان بشکێنن ئەگەر ئەوانەی دەستگیرکراون ئازادنەکرێن.
چالاکوان موسعەب عەساف لە ئیدلیبەوە بە دیارونای وت كه چوارشەممە (29 تشرینی دووەم)، چەندین کەسایەتی باڵای تەحریر شام چەند بەیاننامەیەکیان بلاوکردەوە و تیایدا سهركۆنهی دهستگیركردنی چەندین سەرکردە و دادوەری قاعیدەیان کرد.
عەساف، کە ناوێکی خوازراوە و بۆ ئەمنیەتی ژیانی بەکاری دەهێنیت، وتی نزیکەی 60 سەرکردەی نەتەوە جیاوازەکان، لهنێویاندا فەرماندەی سەربازی و بەرپرسانی ئیداری و شەریعەت، دژ بەو هەڵمەتە وەستاون و کارەکانیان هەڵپەساردووە.
وتی ئەوەی جێگای سەرنجە، رەتکردنەوەی هێزە تایبەتەکانی هاوپهیمانێتیهكهیه.
لێكترازانی نێوخۆیی پشێوی دهخاتهناو تەحریر شامهوه
عەساف بە دیارونای وت لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاگادارە كه بارگرژی لەناو ریزەکانی تەحریر شامدا تادێت زۆرتردەبێت و پێشبینیدەکرێت جیابوونەوەیەکی گەورە بەم نزیکانە رابگەیەنرێت.
ناوبراو وتی دوای ئەو هەڵمەتی دهستگیركردنە لەلایەن تەحریر شامەوە، بەشەکانی باكور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی بیابانهكهی ژێردهستی لەگەڵ سوپای بیابان و ئیدارەی سەربازی رایانگەیاند کارەکانیان لهگهڵ هاوپهیمانێتیهكه هەڵدەپسێرن.
وتی لەو سەرکردە ناسراوانەی ناڕەزاییان دەربڕیوە ئەبو حەمامەیە، کە سەرۆکی ئۆتۆمبیلەکانی هاوپهیمانێتیەكهیە لەگەڵ دادوەر ئەبو ئەقابەی کوردی. هەروەها ئەبو مەریەم تونسی، ئەبو میقداد ئوردونی، ئەبو سەلمە ئوردونی، عەبدول غەنی مەقدیسی، ئەبو عەلی ئەنساری، مەهاجیر شامی و ئەبو حەسەن نوعەیمیش چوونەتە پاڵ ئەوان.
ئەفسەری خانەنەشینی میسری و شرۆڤەکاری ستراتیژی، عەقید یەحیا محەمەد عەلی، وتی دەستگیرکردنی خێرای ئەندامانی قاعیدە لەلایەن گروپەکەوە پەیوەندیی ههیه بە پێشڕەوییەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه بەرەو ئیدلیب.
وتیشی چەکدارانی قاعیدە لە ئیدلیب بەهێزدەبن ئەگەر پەیوەندیبکەن بە داعشهوه، چونکە دوو گروپەکە لە رووی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە لە ئێستادا نزیکن لە یەکەوە بەهۆی گەشەسەندنە سیاسییەکانهوه لە سوریادا.
ململانێ لهنێو لقەکانی قاعیدەدا
ناوبراو وتی: "ئهم ناكۆكییهی ئێستا دهشێت وەك ململانێی کۆنترۆڵ و بەرفراوانبوون پێناسەبکرێت لەناو لقەکانی قاعیدەدا."
وتیشی کەسایەتییە دێرینەکانی قاعیدە لە چەند ناوچەیەکی ئیدلیب کۆبوونەتەوە لەژێر ناوی "پشتیوانانی فورقان" (ئەنسار فورقان)دا و توانیویانە کۆنترۆڵی چەند شارۆچکەیەك بکەن.
ههروهها وتی ئەمە نیشانیدەدات ناكۆكییهكه لەنێوان چەکدارە دێرینەکانی بەرەی نوسرە و هەوادارانی سەرۆکی بەرەی نوسرە ئەبو محەمەد جۆلانیدا دەمێکە هەیە، هەرچەندە بەرەی نوسرە هەوڵدەدات ئەو ملاملانێیە لەنێوانیاندا بە بێبایەخ نیشانبدات.
وتی: "دهشێت ژماریەکی زۆر له سەرکردەكانی داعش و چەکدارەکانیان توانیبێتیان بگەنە ئەو ناوچانەی لەلایەن (چەکدارە دێرینەکانی قاعیدەوە) کۆنترۆڵکراون، ئەمەش دوای هەڵهاتنیان لەو ناوچانەی کە داعش بەم دواییانە لەدەستی دان.
وتی بژاردەی چەکدارانی داعش بۆ ئەوەی ببنە یەك لەگەڵ گروپەکانی سەر بە قاعیدە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی تەنگەتاوی بەرەی نوسرە -- بە درووستکردنی تەحریری شامیشەوە -- تاوەکو وەك تیرۆریست نەناسێندرێت.
بە خۆدوورخستنەوە لە ناو و نازناوی قاعیدە، بەرەی نوسرە دەیەوێت نەبێتە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی لە قەڵاکەی کە ئیدلیبە و ههروهها پێیەکی لە پرۆسەی سیاسی سوریاشدا هەبێت.
بەیاننامەکەی زەواهیری ئاشكراکەرە
بهگوێرهی شرۆڤەکاری سەربازی میسری و شارەزای قاعیدە، ئەفسەری خانەنشینکراو، عەقید عەبدول کەریم ئەحمەد، بەیاننامەکەی ناڕازیانی تەحریر شام دوای بەیاننامەکەی سەرۆکی قاعیدە ئەیمەن زەواهیری هات.
ناوبراو بە دیارونای وت ئەمە یەکەمجارە زەواهیری بۆ رای گشتیی ئاشکرادەکات کە بەیعەتی بەرەی نوسرە بۆ قاعیدە پوچەڵ نەبۆتەوە، چونکە بەیاننامەکەی ئاماژەدەکات بهوهی كه بەرەی نوسرە پێویستی بە رازیبوونی ئەو هەیە بۆ کاری لەو شێوەیە.
ئاماژەشی بهوه دا كه وتەکانی زەواهیری بهوهی "هەرکەسێك بەیعەتی بە ئێمە داوە رێککەوتنێکی نەگۆڕە و نابێت پێشێلبکرێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت"، ئاماژەیەکی روون بوو بۆ ئهندامانی بەرەی نوسرە، بەتایبەتی چەکدارە دێرینەکان کە لە رووی ئایدۆلۆژییەوە دڵسۆزی قاعیدەن، كه هێشتا پابەندن بە بەیعەتیانهوه بە قاعیدە.
ئەحمەد وتی به بانگهشهی بۆ ئهو چەکدارانهی بهرهی نوسره كه دڵسۆزی قاعیدەن و دهستگیركردنی ئەم دواییانەی چەکدارانی قاعیدەیان رەتکردۆتەوە تا پەیوەندیبكهن بە سەکردەکانیانەوە، زەواهیری داوای رووبەڕووبوونەوەیهكی کراوە دەکات لەگەڵ بەرەی نوسرەدا.
روونیشیکردەوە: "ئەمە مانای ئەوەیە رەوشەکە گەیشتۆتە خاڵی نەگەڕانەوە لەنێوان هەردوولادا."
قاعیدە سوود لە لاوازبوونی داعش وەردەگرێت
ئەحمەد وتی لە کاتێکدا کاریگەریy داعش لە سوریا کەمدەبێتەوە، قاعیدە هەوڵدەدات چەکدارە توندڕەوەکان بۆلای خۆی رابکێشێت بۆ ئەوەی بچنەوە ناو ریزەکانیەوە و زەواهیرش زۆر باش ئاگادارە سەدان توندڕەو ههن لەگەڵ هەڵسوکەوتی بەرەی نوسرەی ئێستادا رازی نین.
وتیشی ئەو چەکدارانە هیچ بژاردەیەکیان نەماوە جگە لە گەڕانەوە بۆ رێکخراوی دایك.
ههروهها وتی رەوشەکە لە سوریا لە قازانجی ئەواندا نیە بەهۆی ئەو شەڕە نێودەوڵەتیەی دژ بە تیرۆریزم هەیە، کە گروپە تیرۆریستیەکانی خستۆتەبەردەم مەترسی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە.
وتی بەهۆی ههلومهرجهكانی ئێستاوه "زەواهیری رەوشی خراپی ئەو چەکدارانەی قۆستۆتەوە وەك هەوڵێك بۆ ژیاندنەوەی پێکهاتەی قاعیدە."