هێزە خێڵەکیەكانی عێراق دووشەممە (27 تشرینی دووەم) ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی بیابانی خۆرئاوای ئەنبار لە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
فەرماندەی حەشدی خێڵەکی له بەغدادی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، وتی هێزێك کە زیاتر لە پیاوە خێڵەکیەکانی ئەلبوعوبێد پێکهاتووە، ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد بۆ شوێنپێهەڵگرتنی چەکدارانی داعش لە بیابانهكهی باشوری رووباری فورات لە بەری قەزای بەغدادی.
سەمەرمەد بە دیارونای وت ئەو هێزە خێڵەکییە لە سەدان چەکدار پێکهاتووە کە چەکی سووك و مامناوەندیان پێیە.
وتی تائێستا توانیویانە 86 کیلۆمەتر قووڵببنەوە بۆ نێو بیابانهكه و چەندین گوندی ئەو ناوە گەڕاون، وتیشی کە چەردەی گەورەیان لە چەك دۆزیوەتەوە.
ههروهها وتی ژمارەیەك لە بۆمبی دەستکردیشیان پوچەڵکردۆتەوە کە لەو ناوە چێنرابوون.
سەمەرمەد وتی ئۆپەراسیۆنەکە، کە لەژێر چاودێریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەدا ئەنجامدرا، بەردەوامدەبێت تا بیابانهكه بەتەواوی لە ئەندامانی داعش پاکدەکرێتەوە.
هاوکات، هێزە عێراقییەکان پاڵپشت بە چەکدارە خێڵەکیەکان خەریکه ئەو ئۆپەراسیۆنە تەواودەکەن کە هەفتەی رابردوو دەستیانپێکرد بۆ دواکەوتنی ئەو ئەندامانەی داعش کە بەرەو راوە و فوراتی باڵا هەڵاتن.
رۆڵێکی سهرهكی
سەمەرمەد وتی: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە چوار کەتیبەی لە خێڵەکیەکان تەرخانکردووە بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی بیابانی خۆرئاوای ئەنبار."
کەتیبەکان نزیکەی 2,000 چەکدارن لە چەندین خێڵەوە، بەرچاوترینیان ئەلبوعوبێد، ئەلبومەحەل، جهغایفە، ئەلبونەمر و کەرابلە.
وتی: "چەکداران بەردەوام خولی راهێنان دەبینن لە کەمپی عەین ئەسەد لە بەغدادی."
وتیشی ئەمە یارمەتی باشترکردنی ئامادەیی شەڕیان دەدات بۆ بەشداریکردن لە شوێنکەوتنی ئەندامانی داعش و پاراستنی ناوچە رزگارکراوەکان.
ههروهها وتی بەشداری خێڵەکیەکان لە بهدوکەوتنی ئەو ئەندامانەی داعش کە لە بیاباندا خۆیان شاردۆتەوە زۆر گرنگە.
وتیشی: "ئەم چەکدارانە تەنیا لە شەڕدا باش نین بەڵکو شارەزای ناوچە و رێگەکانی بیابانن و خەڵکەکەی باش دەناسن."
سەمەرمەد داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە ژمارەی چەکدارە خێڵەکیەکانی خۆرئاوای ئەنبار زیاد بکات.
وتی قەزاکانی خۆرئاوای ئەنبار خاکێکی فراوان لەخۆدەگرن، بە بیابانێكی گەورەوە و وتیشی کە چەند کەتیبەیەك لە چەکدارانی ناوخۆیی ناتوانێت ئەو هەموو ناوچەیە بپارێزێت.
وتی بە سەدان ئەندامی خێڵەکان کە بە خێڵەکانی خۆرئاوا ناسراون خۆبەخشانه هاتوونەتە پێشەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش و پاراستنی شارەکانیان بەبێ هیچ بەرامبەرێکی ماددی یان قەرەبوویەك.
گروپێکی گەورە لەوان -- كه یەکسانە بە نزیکەی دوو کەتیبە -- لەئێستادا ناوچەکانی بەروانە، زاویە، سەکرە و مەعازید دەپارێزن.