بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانی رژێمی سوریا لانیکەم 23 مەدەنی کوشت یەکشەممە (26 تشرینی دووەم) لە سەرانسەری ناوچەی غۆتەی خۆرهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی دیمەشقی پایتەخت، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
غۆتەی خۆرهەڵات پێشتر لە قەیرانیکی مرۆییدا بوو بەهۆی گەمارۆیەکی تێکشکێنەری رژێمهوه بۆ سەر ناوچەکە لە 2013ەوە کە بووەهۆی کەمبوونەوەی سەختی خۆراك و دەرمان.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند بۆردومانی ئاسمانی یەکشەممە بۆ سەر شارۆچکەی مەسراب و مادیرە 21 مەدەنی کوشت لەکاتێکدا تۆپبارانی سەر شارۆچکەی دۆما دوو کەسی تری کوشت.
چەند کەسێکیش بریندار بوون لەو بۆردومانە ئاسمانیانەدا.
لەنێو برینداراندا منداڵێكی ساوا هەبوو کە سەری بە باندجێکی خوێناوی پێچرابوو لەگەڵ پیاوێك و منداڵێك کە لەسەر زەوی دانیشتبوون و فریاگوزاری سەرەتاییان وەردەگرت.
کچێکی بچوك دهگریا کاتێك دکتۆرێك باندجێکی لەسەری دهبەست لهکاتێكدا پیاوێك لهنزیكیانهوه لەبن دیوارێكدا دانیشتبوو بەبێدەنگی هەنسکی هەڵدهكێشا و سەری خستبووە سەر دەستی.
بەرپرسی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "ژمارەکە لەوانەیە زیاتر بەرزبێتەوە چونکە ژمارەیەك بریندار لە بارودۆخێکی سەختدان."
روانگەکە رایگەیاند لەنێو کوژراواندا چوار منداڵ هەن.
بەگوێرەی روانگەکە تۆپبارانی رژێمیش لە غۆتەی خۆرهەڵات لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 100 کەسی کوشتووە.
پێدەچێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە
چالاکوان لە لیژنەی هەماهەنگی نێوخۆیی غۆتەی خۆرهەڵات، محەمەد بەیك، وتی: "غۆتەی خۆرهەڵات رووبەڕووی کۆمەڵکوژیەکی راستەقینە بووەتەوە کە چەندین مەدەنی کوژراون و بریندار بوون."
وتیشی تۆپبارانەکە دوای کاتژمێر 2 سەرلەبەیانی دەستیپێکرد کە تەرکیزیکردە سەر شاری دۆما و ئاماژەشی دا بەوەی تۆپبارانەکە هاوکات بوو لەگەڵ فڕینی چڕوپڕی فڕۆکەی چاودێری و جەنگی.
هەروەها وتی تۆپهاوێژەکان جێگیرکران و بۆردومانی چڕیان دەستپێکرد.
بەیك وتی: "دوای ئەوە بۆردومانی ئاسمانی کرا کە سەرەڕای دۆما شارۆچکەکانی مەسراب و مادیرەشی کردە ئامانج."
وتیشی لانیکەم 50 مەدەنی لە هێرشه ئاسمانیهكاندا کوژران و ئاماژەشی دا بەوەی پێدەچێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە کە ژمارەیەکی زۆری بریندار لە بارودۆخێکی سەختدان.
وتی: "هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی لابردنی داروپهردووهكان تەواونەبوون و ژمارەیەکی زۆر قوربانیش پێدەچێت لەژێر خاشاکدابن."
بەیك وتی تۆپبارانەکە "بەتەنیا ناوچە مەدەنیەکان و ماڵهكانی کردە ئامانج کە هیچ بنکەیەکی سەربازی لە سنورهكهیاندا نیە"
خۆرهەڵاتی غۆتە دەکەوێتە هەرێمێکی هێورکردنەوەوه بهپێی رێککەوتنێكی نێوان باڵە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا.