هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

بە نەمانی خاك لەدەست داعشدا، گەڕان بۆ ئێزدییە ونبووەکان به‌رفراوانتردەبێت

خالید تائی

ژنێکی ئێزدی باوکی لەئامێزدەگرێت دوای ئەوەی رزگارکرا لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لەم وێنەیەدا کە 7 تشرینی دووەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەته‌وە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی حسێن قائیدییەوە وەرگیراوە]

ژنێکی ئێزدی باوکی لەئامێزدەگرێت دوای ئەوەی رزگارکرا لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لەم وێنەیەدا کە 7 تشرینی دووەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەته‌وە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی حسێن قائیدییەوە وەرگیراوە]

لە ئاکامی شکستی گروپی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە عێراق، ئۆپەراسیۆنی گەڕان چڕبۆتەوە بۆ دۆزینەوەی ئێزدییە ونبووه‌كان کە لەلایەن گروپەکەوە دەستبەسەربوون.

ماوەیەکە بەرپرسانی عێراق هەوڵدەدەن شوێنپێی رفێنراوانی سێ ساڵی رابردوو هەڵگرن لە عێراق و سوریا و تائێستا توانیویانە شوێنی هەزاران دەستنیشانبکەن و لەدەست رفێنەرەکانی داعش رزگاریان بکەن.

بەڵام بەگوێرەی نوسینگەی ئێزدییە رفێنراوەکان لە دهۆك نزیکەی 3,000ی دیکە هێشتا ونن، کە نیوەیان ژن و کچی منداڵن.

لەنێوان سەرەتای تشرینی یەکەم و ناوەندی تشرینی دووەمدا، تیمەکانی گەڕانی نوسینگەکە نزیکەی 22 ئێزدییان رزگارکردووە، لەنێویاندا ئەو ژنانەی کە لەلایەن داعشەوە لە سوریا رفێنرابوون لە 2014وە.

سەرۆکی نوسینگەی کاروباری ئێزدییە رفێنراوەکان، حسێن قائیدی، وتی: "ئەمە گروپێکی دیکەن لەو قوربانیانەی توانیویانە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان بەیارمەتی بەرپرسانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان."

قائیدی بە دیارونای وت: "ئەوان لە دۆخێکی زۆر خراپی دەروونی و جەستەییدا بوون، بەڵام ئێستا سەلامەتن."

لەکاتی دەستبەسەریی بەزۆریاندا، ئێزدییەکان رووبەڕووی توندوتیژی و ستەمی توند کرابوونەوەوەك ژنانیش فرۆشرابوون وەك موڵك لەنێو ئەندامانی داعشدا و لاقەکرابوون.

قائیدی وتی: "لەئێستادا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای دهۆك کاردەکەین بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری کتوپڕی تەندروستی بۆ ئەوانەی ئازادکراون."

بە دوایین هەوڵی رزگارکردن، ژمارەی ئەو ئێزدییانەی کە لەدەست داعش رزگارکراون گەیشتە 3,191 کەس، لەنێویاندا 1,100 ژن و 335 پیاو.

وتیشی ئەوانیدی کوڕ و کچی منداڵ بوون.

نیگەرانی دەربارەی چارەنوسی ئێزدییەکان

قائیدی وتی نوسینگەکە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێزدییانەی هێشتا ونن.

"راپۆرتەکانمان ئاماژەدەکەن بە ژمارەیەکی زۆری ئێزدی رفێنراو کە لە موسڵ دەستبەسەرن، بەڵام ئێمە تەنیا هەندێکیانمان دۆزیوەتەوە دوای ئەوەی شارەکە رزگارکرا،" وتی.

ئەمە بۆ رەققەش راستە، کە لە 18 تشرینی یەکەمدا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لەدەست داعش رزگارکرا.

قائیدی وتی "هیوامان لەدەستنەداوە" و وتیشی کە رفێنراوەکان رەنگە لە هەندێك ناوچەدا مابن کە هێشتا لەژێردەستی داعشدان.

وتی: "لەکۆتاییدا، شوێنەکانیان دەدۆزینەوە و ئازادیان دەکەین."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەرەکات شەمو، نیگەرانی دەربڕی دەربارەی شوێنی ئەو ئێزدییە ونبووانەی هێشتا نەدۆزراونەتەوە.

وتیشی: "داعش کەوتووە و چەندین ناوچەش رزگارکراون، بەڵام تائێستا شوێنپێی هەزاران کەس دیارنیە کە هێشتا رفێنراون." بانگه‌شه‌ی كرد بۆ "چڕکردنەوەی هەوڵەکانی گەڕان".

شەمو بە دیارونای وت ئەنجومەنی پارێزگا بە هاوکاریی هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان وەك بەشێك لە لیژنەیەکی هاوبەش کاردەکات کە ئەرکی گەڕان بەدوای ئێزدییە ونبووەکانی هەیە.

وتی: "هەوڵەکانمان بەردەوامن و هەوڵی هاوشێوەش لە سوریا هەیە." جەختیشی کردەوە لەوەی "هەر رۆژێك کە تێپەڕدەبێت مانای ئازاری زیاتر بۆ ئەوانەی رفێنراون و بۆ خێزانەکانیشیان".

هەوڵه‌كانی گەڕان بەردەوامدەبێت

پەرلەمانتاری عێراقی سەر بە پارێزگای نەینەوا، حاجی قەندور شێخ، وتی هەوڵەکانی گەڕان بەدوای ئێزدییە ونبووەکاندا بەردەوامدەبێت و بگره‌ به‌ هەنگاوی خێراتریش، دوای ئەوەی داعش زۆربەی ناوچەکانی ژێردەستی لەدەستچوو.

ناوبراو بە دیارونای وت: "هێشتا لە موسڵ و تەلەعفەر و ناوچە رزگارکراوەکانی دیکە بۆیان دەگەڕێین."

وتیشی: "زۆرمان دۆزیوەتەوە و هێشتا زۆری تر ونن و چیمان لەدەستبێت دەیکەین بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنیان."

قەندور وتی ژن و پیاوی ئێزدی کە رزگارکراون باسی دڕندەیی ئەو مامەڵەیە دەکەن کە چەشتوویانە بەدەستی ئەو گروپە تیرۆریستییە.

وتیشی باسی چیرۆکی تۆقێنەری ژنان دەکەن کە فرۆشراون و لاقەکراون، پیاوان و منداڵانیش کە بەکۆیلەکراون و ئەشکەنجەدراون.

تکای لە حکومەت کرد کە یارمەتی کۆمەڵگەی ئێزدی بدات، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە کەمپی ئاوارەکان دەمێننەوە و بەدەست "دۆخی مرۆیی ناهەموار"ەوە دەناڵێنن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500