کۆمەڵگا

عێراقیەکان داوای دروستکردنی مۆزەخانەیەك دەکەن بۆ خستنەڕووی تاوانەکانی داعش

عەلا حسێن لە بەغدا

image

عێراقیەکان داوای دروستکردنی مۆزەخانەیەك دەکەن بۆ خستنەڕووی ئەو ئاستی وێرانکارییەی چەند ساڵێك فەرمانڕەوایی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) هێنایه‌كایه‌وه‌. لەم وێنەیەدا، هێزەکانی عێراق ئاڵای عێراق بەرزدەکەنەوە لەنێو داروپەردووی مزگەوتی نوری لە شاری موسڵدا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی فەرماندەیی دەزگای دژەتیرۆرەوە وەرگیراوە]

بەرپرسان و رۆشنبیرانی عێراق داوای دروستکردنی مۆزەخانەیەکیان کردووە بۆ نیشاندانی ئەو تاوانانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەنجامیداوە لەکاتی فەرمانڕەوایی سێ ساڵەیدا لە چەند بەشێکی عێراق.

وتیان مۆزەخانەکە دەبێتە شایەتێك لەسەر دڕەندەیی و تاوانەکانی ئەو گروپە، کە کاریکردۆتە سەر هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق.

توێژەری شوێنەوارناسی و چالاکوانی مافی مرۆڤ، عامر عەبدولڕەزاق، وتی: "گرنگە مۆزەخانەیەکی لەوشێوەیە لە عێراق هەبێت، کە لەوێوە گروپەکە سەریهەڵدا و دواتریش لەوێ شکستی پێهێنرا و نێژرا."

عەبدولڕەزاق بە دیارونای وت: "لێرەوە یارمەتی دونیا دەدەین دڕندەیی و تینوێتی گروپەکە بۆ خوێن ببینن کاتێك ده‌ستیگرت به‌سه‌ر چەند شارێکی وڵاتەکەدا."

'گەنجینەیەك لە زانیاری مێژوویی'

وتی مۆزەخانە ئامرازێکی کلتوریی گرنگە لە هەموو جیهاندا، "چونکە گەنجینەیەکی زانیاری مێژوویین کە دەرخەری بەشێکی ئه‌و مێژووه‌ن كه‌ وانەبوایە ره‌نگبوو بەهۆی تێپەڕبوونی کاتەوە بیربچوایەتەوە".

وتیشی بابه‌ته‌كانی نێو مۆزەخانەکە دەبێت وێنەی ئەو تاوانانەی تێدابێت کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون، وەك ئامرازەکانی ئەشکەنجە و شمشێری سەربڕین، هه‌روه‌ها پیشاندانی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و ئامرازی تەقەمەنی.

عەبدولڕەزاق وتی مۆزەخانەکە دەبێت وێنەی وێرانکاریی شوێنە مێژووییەکانیشی تێدابێت "چونکە هه‌ر تەنیا وێرانکردنی ئەو شوێنانە دەکرێت ببنە مۆزەخانەی زیندوو له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع".

هه‌روه‌ها وتی: "دەبێت برەوبده‌ین بە کلتوری بەبەڵگەنامە هێشتنەوە و نابێت هەموو ئەو بەڵگەنامە مێژووییانە لەناوببەین بە پاساوی ئەوەی هی چاخێکی تاریکن." عەبدولڕەزاق تکای هێشتنەوەی هەر شتێكی کرد کە داعش تاوانباربکات و لایەنە تۆقێنەرەکەی دەربخات.

وتیشی: "هێشتنەوەی بەڵگەکان مانای ئەوە نیە شکۆ دەدەینە ئەم جۆرە گروپانە، بەڵکو دەبێتە شایەتێکی زیندوو بۆ نەوەکانی داهاتوو، رێگەیەكیش بۆ تەواوی جیهان تا ئەم تاوانانەی بیربمێنێت."

عەبدولڕەزاق پێشنیاری کرد هەموو داهاتەکانی ئەم مۆزەخانەیە ببەخشرێت بە قوربانیەکانی ئەو گروپە تیرۆریستیە.

پەرلەمانتاری عێراقی و ئەندامی لیژنەی کلتوری له‌ پەرلەمان، عوهود فه‌زلی، بە دیارونای وت کە بیرۆکەی بنیاتنانی مۆزەخانەیەکی یادەوەری بۆ تاوانەکانی داعش پێشتر لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

فه‌زلی کە پاڵپشتێکی بەهێزی بیرۆکەکەیە و کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەت بۆ دەستپێکردن بە کارەکە، وتی پێشنیاره‌كه‌ پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و تیمێکی پسپۆڕه‌ له‌ كاروباری بەڵگەنامەدا.

دەرخستنی تاوانەکانی داعش

بەگوێرەی فه‌زلی یادکردنەوەی تاوانەکانی گروپەکە، پێویستە تەنیا لەڕێی بنیاتنانی مۆزەخانەیەکەوە نەبێت.

وتی دەبێت لە مەنهەجی خوێندنیشدا هەبێت و وتیشی لەئێستادا پەرلەمان کاردەکات لەسەر دەرکردنی یاسایەك بۆ بەتاوانبار ناساندنی ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایانە و دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی وەها کە رەتیان بکاتەوە.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمە تەنیا لەڕێی پەروەردە و سیستمی خوێندنەوە دەکرێت."

فه‌زلی وتی: "تاوانەکانی داعش دەبێت هەمیشە لە یادەوەرییدا بن و دژە-کلتورێك برەوپێبدرێت کە بە ئایدۆلۆژیایەك [ی پێچەوانە] رووبەڕووی ئەو ئایدۆلۆژیایە ببێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری عومران عوبێدی بە دیارونای وت وەزارەت چەندین پێشانگای رێکخستووە کە تاوانەکانی داعش نیشاندەدات.

وتی هەروەها خەریکی پرۆسەی رێکخستنی نمایشی گەورەیە لە موسڵ کە تاوانەکانی گروپەکە لە شارەکەدا نمایشدەکات، کە پێشتر پایتەختی بەناو دەوڵەتەکە بوو.

هه‌روه‌ها وتی عێراق پاڵپشتی نایابی لەمڕووەوە بەدەستگەیشتووە، بەتایبەتی لە یونسکۆوە، کە پێشەنگی چەندین بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان بووە بۆ بەتاوانکردنی ئایدۆلۆژیای داعش.

عوبێدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا کە فەرەنسا، بە هاوبەشی لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی و وڵاتانی دیکە، رەشنوسی بڕیارێکیان خستۆتەڕوو بۆ دامەزراندنی سندوقی کەلەپوری نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی پێگە شوێنەوارییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)