هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

دانیشتوانی قائیم داعش تۆمەتباردەکەن بە 'ده‌ستگیركردنی زۆرەملێ'ی کوڕەکانیان

خالید تائی

شەڕکەرانی خێڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ یارمەتی پاراستنی ئاسایش دەدەن لە شارۆچکەی قائیم کە بەمدواییانە ئازادکراوە و دانیشتوانی دەڵێن سەدان کوڕیان بەزۆرەملێیانه‌ دەستبەسەرکراون لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ه‌وه‌ لەماوەی دەسەڵاتیدا. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی لیوای هۆزەکانی حەدیسە]

شەڕکەرانی خێڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ یارمەتی پاراستنی ئاسایش دەدەن لە شارۆچکەی قائیم کە بەمدواییانە ئازادکراوە و دانیشتوانی دەڵێن سەدان کوڕیان بەزۆرەملێیانه‌ دەستبەسەرکراون لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ه‌وه‌ لەماوەی دەسەڵاتیدا. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی لیوای هۆزەکانی حەدیسە]

لەدوای تێکشکانی گروپی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە قائیم دانیشتوانه‌ بێهیواكه‌ی دەڵێن داعش بەزۆر کوڕ و خزمەکانیانی دەستبەسەرکرد لە گرتوخانە نهێنیەکاندا و هێشتا چارەنوسیان نازانن.

هێزەکانی عێراق 3 تشرینی دووەم قائیمیان گرته‌وه‌ کە گەورەترین شارۆچکەی ژێردەستی داعش بوو لە عێراقدا.

فەرماندەی هێزه‌ خێڵه‌كیه‌كانی حەدیسە، شێخ عەواد سەعید جوغەیفی، بە دیارونای وت بەمدواییانە چاوی بە ژماەیەك له‌ دانیشتوان کەوتووە کە لەژێر دەستی گروپەکەدا ژیاون لە قائیم.

پیرەژنێك پێی وتووە ئەندامانی داعش کوڕەکەیان لە ماڵەوە بردووە نزیکەی ساڵێك لەمەوبەر و نازانێت ئاخۆ هێشتا لە ژیاندا ماوە یان نا.

دانیشتوویەکی تر وتی چارەنوسی براکەی دیارنیه‌ لەوکاتەوەی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە نۆ مانگ لەمەوبەر دەستگیرکرا.

جوغەیفی وتی: "زۆربەی ئەوانەی بێسەروشوێنن ئەندامی پێشوی هێزە ئەمنیەکان و کارمەندی حکومەت بوون."

وتیشی داعش ئەوانی تۆمەتبارکردووە بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بە پێدانی زانیاری لەبارەی گروپەکەوە.

سەدان بێسەروشوێن

جوغەیفی وتی دانیشتوانی قائیم "دیارنەمانی زیاتر لە 1,600 له‌ کوڕه‌كانیان" پشتڕاستدەکەنەوە لەوکاتەوەی داعش دەستیگرت بەسەر شارەکەیاندا لە ناوەڕاستی 2014.

بەگوێرەی دانیشتوان، گروپەکە بەزۆری دەستبەسەرکراوانی بۆ چەند رۆژێکی کەم دەهێشتەوە بۆ لێپرسینەوەیان لە قائیم.

وتیشی: "ئەوان دواتر دەنێردران بە کۆمەڵی 50 بۆ 150 پیاو و هەندێكجار زیاتریش بۆ ناوەندەکانی گروتوخانەکان یان گرتوخانەی نهێنی لە سوریا کە دوایئەوە هیچ هه‌واڵێكیان نه‌ما."

هەروەها وتی داعش توانای ئه‌وه‌ی نیە ژمارەیەکی زۆر له‌ دەستبەسەرکراوان بە زیندوویی بهێڵێتەوە لە گرتوخانەکان یان بارەگاکانیدا و ئاماژەشی دا بەوەی دانیشتوان لەنزیك ئەو شوێنانە رێیان پێنەدراوە پرسیار لەبارەی چارەنوسی کەسوکاریان بکەن.

وتی: "هێزەکانی عێراق حەشارگەیەکیان دۆزیەوە کە بۆ ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوان بەکارهاتووە لە گەڕەکی 7 نیسان لە قائیم کە کەلەپچە و زنجیر و ئامێری ئەشکەنجەدانی تێدابووە."

وتیشی حەشارگەکە بەڵگەنامە و لیستی ناوی حەوت کەسی تێدابوو کە کوژراون.

تائێستا هیچ شوێنەوارێکی ئەوانەی بێسه‌روشوێنكراون نەدۆزراوەتەوە لە قائیم یان لە سەرانسەری شارۆچکەکانی سەر سنوری سوریادا کە بەمدواییانە لە ده‌ست داعش سه‌ندراونه‌ته‌وه‌.

فەرماندەیی حەشدی عەشایەری ناوچەی بەغدادی، شێخ قەته‌ری سەمەرمەد، بە دیارونای وت تەنیا یەك بەندکراو دۆزراوەته‌وه‌ لەکاتی ئۆپەراسیۆنه‌كانی گەڕاندا لە قائیم.

وتیشی بەندکراوەکە کە محەمەد مەحالاوی، 12 ساڵ، بوو بەزۆر دەستبەسەرکرابوو لەلایەن داعشەوە 10 رۆژ پێش هێرشی هێزەکانی عێراق لە قائیم.

عێراقیە ئازادکراوەکان 'وردەکاری تۆقێنەر' ده‌رده‌خه‌ن

سەمەرمەد وتی دانیشتوانی ناوچه‌كان رایانگەیاند كه‌ داعش نزیکەی 400 لە کوڕە دەستگیرکراوەکانی لە گرتوخانەیەکی نهێنیدا راگرت لە سەعادە لە قائیم بەتۆمه‌تی هاوکاریکردن لەگەڵ هێزە عێراقیەکان و ناپاکی بەرامبەر گروپەکە.

وتیشی بەرلە پێشڕەویی هێزەکانی عێراق بەرەو قائیم، داعش ئەو دەستبەسەرکراوانەی گواستەوە بۆ شاری ئەلبو کەمال لە سوریا.

هەروەها وتی: "گرتوخانەکە بەتاڵبوو كاتێك دۆزرایەوە. ئێمە نازانین چی بەسەر ئەوانەدا هاتووه‌ کە لەوێبوون دوای گواستنەوەیان."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كه‌عود، بە دیارونای وت داعش تاوانی لەژمارەنەهاتووی ئەنجامداوە.

وتیشی: "لە هەر شارێکی ئازادکراودا دانیشتوان وردەکاری تۆقێنەری پێشێلکاری خەمناك، کوشتنی بەکۆمەڵ، دەستگیرکردن و شوێنبزرکردنی بەزۆرەملێ دەگێڕنەوە لەگەڵ هەڵمەتی ئەشکەنجەدان و جەوروستەم."

هەروەها وتی: "ئێمە چەندین قوربانیمان لەدەستدا لەسەر دەستی تیرۆرستان کە هەندێکیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزراونەته‌وە و ئەوانی تریش بێسەروشوێنکراون."

كه‌عود وتی داعش شکستی هێنا بەڵام دەرئەنجامە تراژیدیاکانی فەرمانڕەواییه‌كه‌ی دەمێننەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500