هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سوپای عێراق ستایش دەکرێت بۆ شکستهێنانی بە داعش

خالید تائی

هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق مەدالیای ستایشیان پێگەیشت لە فەرماندەیی سوپای کۆماری تورکیاوه‌ لەم وێنەیەدا کە 3 تشرینی دووەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە وەرگیراوە]

هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق مەدالیای ستایشیان پێگەیشت لە فەرماندەیی سوپای کۆماری تورکیاوه‌ لەم وێنەیەدا کە 3 تشرینی دووەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە وەرگیراوە]

سەرکردەکانی دونیا و دەزگا سەربازییەکان ستایشی نیشاندانی ورە و پابەندێتی هێزەکانی عێراقیان کرد لە شەڕی دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە شارەکانی ژێردەستیدا.

دوای راهێنانێكی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ تورکیا کە 30 تشرینی یەکەم کۆتایی هات، فەرماندەیی سوپای کۆماری تورکیا مەدالیای ستایشی پێشکەشكرد بە دەزگای دژەتیرۆری عێراق بۆ رێكوپێكی و پیشەوەرییان.

بەڕێوەبەری راگه‌یاندنی وەزارەتی دەرەوە، عەمید تەحسین خەفاجی، وتی راهێنانه‌كه‌ فەرماندەکانی سوپای تورکیای سەرسامکردووە، کە سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕیوە له‌ رۆحیه‌تی شەڕكردن و ورەی بەرز و ئەزمونی سەربازە عێراقیەکان.

خەفاجی بە دیارونای وت ستایشەکە یەکەم کاردانەوەی لەوشێوەیە نەبوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپا خەڵاتی لە زۆر سەرکردەی دەوڵەت و سەربازییەوە پێگەیشتووە لە هەموو جیهانه‌وه‌، بەتایبەتی ئه‌ندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وتی: "ئەمڕۆ سوپاکەمان زۆر رێزلێگیراوە بۆ كارامه‌یی نایابی له‌ شه‌ڕدا و ورەی بەرزی لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا، لەگەڵ مامەڵەی ئێتیکی لەگەڵ مەدەنی و قوربانییە زۆرەکانی بۆ پاراستنیان."

خەفاجی وتی: "شەڕی دوژمنێکی دڕندەمان کرد کە ددان بە هیچ یاسا و بەهایەکی مرۆییدا نانێت، گروپێکی کێوی کە هەموو شتێك بە رێگەپێدراو دەزانێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە توانیمان شەڕەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبهێنین."

وتیشی: "هێزەکانمان رێزیان لە پێوەرە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان گرت لەکاتی شەڕدا و رێگەیان بە تیرۆریستان نەدا خەڵکە گەمارۆدراوەکە ئازاربدەن یان پشێوی و کاولکاریی لەهەموو شوێنێك بڵاوبکەنەوە."

سوپایەکی بەهێزتر

خەفاجی سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی عێراق بە فێرکردنی شەڕی ناو شار و کارامەیی لۆجستی، چۆنێتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و بەخشینی ئەو ئەزمونە بەسودەی لەلایەن هێزه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ بەدەستهێنراوە.

وتی: "لەمڕۆدا سوپای عێراق ملکەچی هیچ سیستمێك یان حیزبێكی سیاسی نیە. تەنیا ملکەچی دەستور و یاساکانی دەوڵەتی عێراقە و رێزی نێودەوڵەتیشی بەدەستهێناوە."

وتیشی سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر داعشدا نزیکە و عێراق بەمزوانە ئازاد دەبێت لێی.

هه‌روه‌ها وتی: "ئاهەنگێکی گەورە سازدەکرێت و ئەو سەرکەوتنەش دەبێتە گەورەترین ستایش بۆ سوپاکەمان."

لەئێستادا سوپای عێراق بە پلەی 59 دادەنرێت لەدونیادا لەلایەن گڵۆباڵ فایەرپاوەرەوە، کە پلەبەندی دەکات بۆ سوپاکان بەگوێرەی 50 پێوەر، لەنێویاندا بودجەی بەرگری، ژمارەی سه‌رجه‌می سه‌ربازان و جۆرەکانی چەك لە جبەخانەکانیاندا.

شەڕی ناهاوسەنگ

پسپۆڕی بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریف، بە دیارونای وت سوپای عێراق تووشی تاقیکردنەوەیەکی قورس بوو، به‌ڵام توانیی تیایدا سەرکەوتوو بێت.

روونیکردەوە: "ئەو شەڕەی لەلایەن سوپاوە ئەنجامدرا پۆلێندەکرێت بە نەوەی چوارەمی جۆری شەڕ، یان ئەوەی ناسراوە بە شەڕی ناهاوسەنگ."

وتی لەگەڵ هەوڵی مرۆییدا، ئەم جۆرە لە شەڕ لێزانینێکی بەهێزی تەکنەلۆژیا و توانای شەڕکردن لەگەڵ چەکدارانی دەوێت لە کۆڵانی تەسکدا لەگەڵ رێگرتنیان لەوەی خۆیان لەنێو مەدەنیەکاندا بشارنەوە.

وتیشی: "ئەوە تاقیکردنەوەی واقیعی کارامەیی و پسپۆڕیی هونەری بوو کە سەربازەکانمان فێربوون لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە. رووبەڕووی ئەو ئاستەنگە بوونەوە و سەرکەوتووش بوون."

شەریفی وتی سەرکەوتنەکە دەرکەوت لە توانای سەربازەکاندا بۆ شەڕکردن لە ژینگەیەکی زۆر هەستیاری شەڕدا، بە وریابوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەدەنیەکاندا و بەرگرتن بە خۆیان لە بەکارهێنانی فیشەکی زۆردا تا ژێرخان و ژیان بپارێزن.

وتیشی: "ئەوەی بەدەستهات دەستکەوتێکی مێژوویی بوو بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق."

قوربانیدانی بوێرانە

پەرلەمانتاری عێراقی، ئەسکەندەر ویتویت، کە ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی ئاسایش و بەرگرییە، وتی سوپای عێراق "شەڕی دژی تیرۆری لەجیاتی هەموو جیهان" کرد.

ویتویت بە دیارونای وت كه‌ سوپاكه‌ توانیی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت "بەهۆی قوربانیدانی چەندین سەربازەوە کە ژیانی خۆیان به‌خشی بۆ رزگارکردنی خەڵكی وڵاتەکەیان لە ستەمی داعش، گروپەکەیان تێکشکاند و رێیان لە بڵاوبوونه‌وه‌ی گرت".

وتیشی ئەمە یارمەتی لاوازکردنی هەڕەشەکە دەدات بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

وتی: "سوپاکەمان ناسراوە بە بوێری و راهێنانی نێودەوڵەتی نایابی پێکرا. لەئێستادا لە ناوەندی ویژدان و پاڵپشتی جیهاندایە."

هه‌روه‌ها وتی: "گەیشتووینەتە کۆتایی رێگەکە. بە ددانپێدانانی هەموان، چەکدارەکانمان داستانێکی مێژوویی بێوێنه‌یان تۆماركرد و شایەنی هەموو سوپاس و ستایشێکمانن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

بەڵام ئایا سوپای عێراق به‌ هەموو لقەکانیه‌وه‌ شایەنی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتی نین؟ کۆمەکەکە کۆتایی پێهێنراوە. ئەمە خەڵاتە بۆی؟ موچەکانیان دەبڕێت، ئەمەش خەڵاتێکی ترە؟ هیچ شایستەیەکی داراییان پێنەگەیشتووە و تائێستاش هیچ پلەبەرزکردنەوەکەیان نەبووە. بۆچی؟ ئەمە پاڵپشتییه‌كه‌ی ئێوەیە بۆ سوپای عێراق؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌