لاوانی عێراقی لە پارێزگای نەینەوا کاردەکەن بۆ بنیاتنانەوەی ئەو کەنیسانەی ناوچەکە کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە زیانیان لێدراوە لەکاتێکدا لەو ناوچەیە لەدەسەڵاتدا بوون.
لەڕێگەی پرۆژەیەکی ناوخۆییەوە، سەدان خۆبەخش هەوڵدەدەن تیماری دووبەرەکیه کۆمەڵایەتیه‌كان بکەن بە هاندانی مەسیحیە عێراقییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان بە ژمارەیەکی زیاتر.
"موسڵی ئاشتی" كه یەکێکە لەو چوار تیمەی خۆبەخشانی موسڵ، بەمدواییانە "هه‌ڵمه‌تی نۆژەنکردنەوەی کەنیسەكان"ی دەستپێکرد بۆ چاککردنەوەی کەنیسە زیانبەرکەوتووەکان.
چالاکوانی كۆمه‌ڵگای مەدەنی و ئەندامی تیمی موسڵی ئاشتی، محەمەد قوسەی، وتی ژمارەیەكی زۆر لە پیاوان و ژنانی لاو لە پارێزگاکە بەشداریدەکەن.
قوسەی بە دیارونای وت: "سێ تیمی دیکە هەن: تیمی ئاشتیی نەینەوا، بەخشینی بێ‌سنوور و خانەی میدیای لاوانی نەینەوا، لەگەڵ خۆبەخش و چالاکوانی سەربەخۆ کە سەر بە هیچ حیزبێك نین."
وتی نزیکەی 300 خۆبەخش بەشداریدەکەن لە هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا، 45 کەسیان لە موسڵی ئاشتی و 180یان بەشداریکاری سەربەخۆن.
هاندانی کەمینەکان بۆ گەڕانەوە
قوسه‌ی وتی: "ئەم خۆبەخشانە نوینەرایەتی زۆر گروپی ئێتنی دەکەن کە لە موسڵ و پارێزگای نەینەوا دەژین." وتیشی کە ئەوان "پێکهاتەیەکی ته‌با و یەکگرتوو پێکدەهێنن کە رەنگدانەوەی بەهێزیی پەیوەندی نێوان عێراقیەکانە".
قوسەی وتی: "هه‌ڵمه‌ته‌كان تەرکیزیان لەسەر کاری هه‌روه‌زییه، هه‌موو پێكه‌وه، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو کەنیسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی تیرۆریستان و توندڕەوانەوە لە شارەکەمان، موسڵ و ناوچەی دەشتی نەینەوا."
وتیشی ئامانجی پرۆژەکە "هەوڵدانە بۆ ناردنی پەیامی دڵنیایی بۆ برایانی مەسیحیمان و تکالێکردنیانە بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە کەمپ و پەناگەکانەوە تا ئازادانە ئایینی خۆیان پێڕەوبکەن."
هه‌روه‌ها وتی: "دەمانەوێت بەسەر کاریگەریی داعشدا زاڵبین و جارێکی دیکە پێکەوە بژین لەسەر ئەم خاکە: موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و هەموو بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە."
وتی هەوڵەکان روویان لە بنیاتنانەوەی تەونی کۆمەڵایەتی و کۆتاییهێنانە بە قۆناغی تیرۆریزم و ئاماژەی به‌وه‌ش کرد کە پرۆژەکە بە گەرمی پێشوازیی لێکراوە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، لەگەڵ ئه‌و پەیامی هاوکارییانه‌ی کە لەلایەن عێراقیه‌كانی دەرەوەی وڵاتیش ده‌گه‌ن.
قوسەی وتی تیمەکان دەستیانكرد بە پاککردنەوە و چاککردنەوەی دوو کەنیسە، کەنیسەی مریەمی پاکیزە لەخۆرهەڵاتی موسڵ و کەنیسەی دڵی مەسیح لە شارۆچکەی تل کێف، باکوری موسڵ.
وتیشی مەبەستیانە زیاد لە 30 کەنیسە بنیاتبنێنەوە لەناوه‌وه و دەوروبەری موسڵدا، داوایان لە حکومەت و بەرپرسانی پەیوەستکردووە کە پاڵپشتی پرۆژەکە بن.
هه‌روه‌ها وتی: "کاولکارییەکی فراوان هەیە و پێویستمان بە یارمەتی هەمووانە تا بتوانین زاڵبین بەسەر ئاستەنگەکاندا."
'ئێمە یەك گەلین'
ئەندامی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حەسەن شەبیب وتی: "ئەمە دەستپێشخەرییەکی باشە لەلایەن ئەو لاوانه‌وه کە هۆشیارییان هەیە و دڵسۆزن بۆ وڵاتەکەیان و ئامانجیانە ئەو کەلێنانە پڕبکەنەوە کە داعش لەنێو کۆمەڵگەی نەینەوادا دروستیکرد."
شەبیب بە دیارونای وت نەینەوا مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه له دۆستایەتی نێوان گروپە ئێتنی و ئایینیه جۆراوجۆرەکاندا.
کاتێك داعش موسڵی گرت لە ناوەڕاستی 2014دا، هەزاران مەسیحی و كه‌مایه‌تیی تر لە پارێزگاکە هەڵاتن، دوای ئەوەی گروپەکە دەستیگرت بەسەر ماڵەکانیاندا و شوێنه‌كانی خواپهرستنیانی سوتاند و رووخاند.
شەبیب وتی هەرچەندە پارێزگاکە بەتەواوی لەدەست داعش سەنراوەتەوە، "هێشتا رێژەی گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحیەکان زۆر سنورداره".
وتیشی: "دەبێت دڵنیاییان پێبدرێت کە قۆناغی داعش تەواوبووە و مەترسییەکە نەماوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە. ئەم هه‌ڵمه‌ته‌ی لاوان هەنگاوێکی گرنگە بەو ئاراستەیەدا."
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سیدۆ تاتانی بە دیارونای وت: "ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه رەنگدانەوەی قوڵایی ته‌بایی کۆمەڵایەتی و خواستی بنیاتنانی پردی متمانەیە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی."
وتی: "تیرۆریستان هەوڵیاندا لە یەکێتیمان بدەن، بەڵام نائومێدبوون و ئێستا خەڵکی ناوچەکە لێرەن و لاوان شتەکان دەخەنەوە سەر ره‌وتی خۆی."
تاتانی وتیشی: "سوپاسی رێکخەرانی ئەم هه‌ڵمه‌ته دەکەین و سڵاو بۆ هەوڵەکانیان دەنێرین و داوا لە هەمووان دەکەین کاربکەن بۆ بڵاوکردنەوەی گونجان و خۆشەویستی، چونکە ئێمە یەك گەلین و تەنیا کاتێك دەتوانین بژین کە پێکەوە بین."
ره‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌تی خوا له گه‌نجانی عێراق بێت، به سوننی و شیعه‌وه، كه ئاوا دڵسۆز و به‌وه‌فان. ئه‌وان پشتگیری هاونیشتیمانییه به‌شه‌ره‌ف و خه‌ڵكه خانهدانهكهی خۆیان ده‌كه‌ن، بێئه‌وه‌ی گوێبده‌نه جیاوازی بیروباوه‌ڕی ئایینی‌یان. خه‌ڵكی عێراق گشتیان خه‌ڵكێكی یه‌كگرتوو، به‌شه‌ره‌ف و زۆر ئازاران، خۆیان فیدای نیشتیمانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن. له نێویشیاندا هێزی پاڵه‌وانی وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه، كه تاوانبار و بكوژانی وه‌ك داعشیان تێك‌شكاند. [بڵێن] ته‌كبیر: خودا مه‌زنه! ئێوه هه‌ر سه‌ركه‌تو و سه‌رفراز بن و هیوادارم هه‌مووتان پێكه‌وه له خۆشی و شادی‌دا بژین.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه1 كۆمێنت