هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش چنگی گیردەکات بەسەر چەند بەشێکی کەمپی یەرموکدا

وەلید ئەبو خەیر لە قاهیرە

گروپێك لە دانیشتوانی پیر لە کەمپی ئاوارەکانی یەرموکی دیمەشق دەگوازرێنەوە لەلایەن خاچی سوورەوە. [خاوەندارێتی وێنە: بەها سەهلی]

گروپێك لە دانیشتوانی پیر لە کەمپی ئاوارەکانی یەرموکی دیمەشق دەگوازرێنەوە لەلایەن خاچی سوورەوە. [خاوەندارێتی وێنە: بەها سەهلی]

دانیشتوانی گەڕەکەکانی خۆرئاوای یەرموك، کە کەمپێکی ئاوارەکانی فەلەستینە لە قەراغ دیمەشق، توشی ئازار چەشتن بوون لەژێر ئەو گەمارۆیوی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سەپێنراوە، چالاکوانان بە دیارونایان وت.

چالاکوان و دانیشتوی یەرموك، بەها سەهلی، وتی گروپەکە لە 14 ئەیلولەوە نیمچە گەمارۆیەکی سەپاند بە پاساوی وەدەرنانی تەحریر شامی رکابەری، هاوپەیمانێتیەك کە بەرەی نوسرەی پێشوو تیایدا زاڵە.

سەهلی بە دیارونای وت: "نیمچە گەمارۆکە دوو هەفتە لەمەوبەر بووە گەمارۆی تەواوەتی."

گەمارۆکە سەپێندرا دوای ئەوەی دانیشتوان رەتیانکردەوە ملکەچی ئەو فەرمانانە بن کە داعش دەریکردن دەربارەی سەربازیکردنی زۆرەملێی پیاوان و گەنجان لە ریزەکانیاندا، لەگەڵ پەیڕەونەکردنی شێوازی پۆشینی جل و گۆڕانکاریی بەرنامەی خوێندن.

رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) گەمارۆی خستۆتە سەر ناوچە نیشتەجێکان لە خۆرئاوای کەمپی یەرموك. [خاوەندارێتی وێنە: بەها سەهلی]

رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) گەمارۆی خستۆتە سەر ناوچە نیشتەجێکان لە خۆرئاوای کەمپی یەرموك. [خاوەندارێتی وێنە: بەها سەهلی]

وتیشی نزیکەی 40,000 کەس کاریگەریی گەمارۆکەیان لەسەرە، لەنێویاندا ناوچەکانی شەقامی 15، شەقامی 30، شەقامی عەین غەزال، ناوچەی ریجە، شەقامی حەیفا و شەقامی سەفوریە.

هەروەها وتی "ئەندامانی داعش جێگیربوون لە دەوروبەری ئەم گەڕەکانە و هەموو جموجۆڵێك قەدەغە دەکەن،" ئاماژەشی دا بەوەی نزیکەی 50 کەس دەستبەسەرکراون لەسەر هەوڵدان بۆ هێنانی ئاو، خۆراك و دەرمان لە شارۆچکەی یەڵدای نزیکیەوە.

خوێندن لەژێر هەڕەشەدایە

سەهلی وتی گەمارۆکە رێگەی لە منداڵان گرتووە بچن بۆ قوتابخانە لە یەڵدا.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی میدیای ناوخۆ، ئەندامانی داعش هەڕەشەیان لە خوێندکاران و مامۆستایان کردووە بە سزادان گەر بچنە خوێندنگەکانی دەرەوەی کەمپەکە.

سەهلی وتی: "ماوەیەك لەمەوبەر دوو خوێندنگە کە ئامادەبوون بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە ناوچە گەمارۆدراوەکەدا داخران بەهۆی نەبوونی مامۆستاوە، کە لە بەشەکانی دیکەی کەمپەکەوە دەهاتن."

ناجی عامر کە وەك پەرستار لە نەخۆشخانەی باسل کاریدەکرد لە کەمپی یەرموك پێش ئەوەی داعش بیگرێت وتی: "دۆخی تەندروستی لە ناوچە گەمارۆدراوەکەدا زۆر لاوازە بەهۆی نەبوونی خۆراكی سەرەتایی و دەرمان و ڤاکسینی پێویست."

عامر بە دیارونای وت زیاد لە 200 کەس مردوون بەهۆی کەمی چاودێری تەندروستیەوە، وتیشی کە پیشەوەری تەندروستی زۆر کەم ماون دوای ئەوەی نەخۆشخانە و بنکە پزیشکییەکان بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە تێکشکان.

وتیشی: "دوایین قوربانی کەمی چاودێری تەندروستی شەحادە محەمەد راجیح بوو کە لە 4 تشرینی دووەم مرد،" تەنیا رۆژێك دوای ئەوەی منداڵێکی تازەلەدایکبوو مرد بەهۆی کەمی ئۆکسجینەوە.

عامر وتی لە 1 تشرینی دووەم، کچێكی 1 ساڵان مرد بەهۆی جەڵتەی دڵەوە دوای ئەوەی تووشی گرژبونی دەمارەکان و کەمی ئۆکسجین بوو.

داواکاری بۆ یارمەتی

عامر وتی داواکاری پێشکەشی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کراوە، لەنێویاندا خاچی سوری سوری عەرەب و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، بۆ دابینکردنی پێداویستی تەندروستی یان گواستنەوەی حاڵەتە کتوپڕەکان.

وتیشی: "بەڵام [داعش] بەردەوام بە کەلـلەرەقی و رەتکرنەوە وەڵامی داوەتەوە بۆ رێگەدان بە هاتنەناوەوەی هەر دەرمانێکی نێردراو."

وتی دوای دانوستانی دورودرێژ، هیلالی سور توانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا 23 کەسی پیر و ئافرەتی دوگیان بگوازێتەوە لە ناوچەی گەمارۆدراوەکە کە پێویستیان بە دەستێوەردانی تەندروستی کتوپڕ هەبوو.

ماجید حومسی کە مامۆستایەکی خانەنشینی خەڵکی شاری رەقەیە و لە کەمپەکە دەژی بە دیارونای وت کە دۆخی کەمپەکە بەرگەنەگرە.

وتیشی: "کارەبا نیە، ئاو نیە، خۆراك نیە و منداڵان رێگەیان لێدەگیرێت لە سەرەتاییترین مافی خۆیان بۆ خوێندن."

وتی ناوچەکە لە وێراندایە بەهۆی شەڕ و بۆمبارانی بێکۆتاوە، ئاماژەشی دا بەوەی کە قەناس بەدەستانی داعش لە دەوری کەمپەکە جێگیرکراون.

حومسی وتی زۆرێك لە دانیشتوانی کەمپەکە دیارنەماون لەکاتی هەوڵیان داوە دزە بکەنە دەرەوەی ناوچەکە بۆ هێنانی خواردن و ئاو و دەرمان.

وتیشی: "ئەندامانی گروپەکە زۆرجار دەستگیریان دەکەن یان راستەوخۆ تەقەیان لێدەکەن و لاشەیان هێشتا لە دەوری کەمپەکە کەوتوون،" ئاماژەشی دا بەوەی هەندێك کەس بەو مینانەی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە چێنراون کوژران کاتێك هەوڵیاندا هەڵبێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500