هێزەکانی سوریای دیموکرات شاری رەققە ئامادەدەکەن بۆ قۆناغی دوای ئازادکردن لەڕێگەی گرتنهبهری رێوشوێنی درێژخایەنهوه کە دانراون بۆ پاراستنی ئاسایش، بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەدیارونایان وت.
لەنێویاندا راهێنان به هێزە ئەمنیە ناوخۆییەکان و تیمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆ هەن بۆ گرتنهدهستی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا لەگەڵ پاککردنەوەی شارەکە و دەوروبەری لە مینە چێنراوەکانی داعش و بۆمبه دەستكردهكان.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە 20 تشرینی یەکەم "سەرکەوتنێکی مێژوویان" راگەیاند بەسەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە شاری رەققە و بەڵێنیاندا دەسەڵات رادەستی ئیدارەیەکی مەدەنی بکەن.
بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات راوهستا لە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، چونکە رایگەیاند کاری زۆری لابردنی تەقەمەنی ماوە ئەنجامبدرێت پێشئەوەی بتوانرێت شارەکە بدرێتەدەست مەدەنییان.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تەلال سەلۆ، وتی: "دوای کۆتایهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە ... ئێمە شاری رەققە رادەستی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە دەکەین."
فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارێزگای رەققە، مەحمود ئیسماعیل، وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڵێنەکەیان بەرامبەر دانیشتوان بەجێدەهێنن بۆ راهێنان و پڕچەککردنی تیمە ئەمنیەکان کە بەتەواوی لە خەڵکی رەققە پێکدێن بۆ ئیدارەدانی ناوچە ئازادکراوەکان."
ئیسماعیل بە مەشاریقی وت ژمارەیەکی زۆی دانیشتوان دهستیانكردووه به پهیوهندیكردن به هێزەکانی سوریای دیموکرات و فەرمانگەی هاتوچۆ و بەشەکانی تری خزمەتگوزارییهوه.
وتیشی: "ئەوان دەیانەوێت چالاکانە بەشداری لە پڕۆسەی بنیاتنانەوە و گەڕاندنەوەی شتەکان بکەن بۆ دۆخی ئاسایی هەتا دەتوانن."
ئیسماعیل وتی گواستنەوەی ئەرکەکان بۆ هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ دوادەخرێت هەتا شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بەتەواوی پاکدەکرێنەوە لە مین و بۆمبی دەستكرد.
وتیشی: "ناوهنده ئەمنیەکان لەکاتی خۆیاندا ئامادەدەبن بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوان بۆ موڵكوماڵهكانیان." ئاماژەشی دا بەوەی هەندێك یەکەی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ بەمدواییانە لە دەروازەکاندا هاوشانی ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات جێگیرکراون.
ئاسایش 'لەدەستی خەڵکدا'
عەبدوڵا حەیدەر دانیشتوی عەین عیسا کە پەیوەندی بە هێزە ئەمنیە ناوخۆییەکانەوە کردووە دوای شەڕکردن لە ریزی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، وتی لەگەڵ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین، شارەکە دەگوازرێتەوە ژێردەستی هێزە ئەمنیە ناوخۆییهكان.
حەیدەر بە دیارونای وت: "ئەکادیمیا سەربازیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات راهێنانیان كردووه بە سەدان گەنج کە خۆبەخشانە کاردەکەن لە ریزەکانی هێزە ئەمنیە ناوخۆییهكاندا."
وتیشی چەند وەجبەیەك لەو ئەکادیمیانە دەرچوون کە دواینیان 253 دەرچوو بوون لە عەین عیسا.
حەیدەر وتی: "دەرچووە نوێكان پۆستی جۆراوجۆری ئەمنییان پێدەسپێردرێت لە شاری رەققە و ناوچەکانی دەوروبەری."
وتیشی زۆربەی دەرچوانی کۆرسەکانی راهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات خەڵکی پارێزگای رەققەن کە ئامادەن کارەکانیان ئەنجامبدەن.
هەروەها وتی: "ئاسایشی ناوچەکە دەدرێتە دەست خەڵکهكه خۆی."
فەهیم دهرویش، 20 ساڵ، کە خەڵکی دەوروبەری رەققەیە، وتی خۆبەخشانە کاری لەگەڵ هێزە ئەمنیە ناوخۆییهكاندا کردووە بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ناوچە ئازادکراوەکان لەدەست داعش.
دهرویش بە دیارونای وت شانبەشانی هاوڕێکانی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی دەبێت ناوچەکانیان بپارێزن بەدەستی خۆیان.
وتیشی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە قۆناغی ئازادکردن و دوای ئازادکردنەکەدا. ئەوان وازیان لە دانیشتوانی رەققە نەهێنا لە رابردوودا و ئێستاش ئەمە ناکەن. ئەوان و هێزەکانی ئاسایش مەشق بەئێمە دەکەن و چەکمان پێدەدەن بۆ پاراستنی ئاسایش لە ناوچە ئازادکراوەکاندا."
دهرویش، کە ناچارکراوە وازلە قوتابخانە بهێنێت بەهۆی شەڕی سوریاوە، وتی هیواخوازە رۆڵی ئەو لە یارمەتیدانی پاراستنی ئاسایش لە شارەکەیدا رێگە خۆشبکات بۆ منداڵانی سوری تا بخوێنن دور لە گروپە توندڕەوەکان و شەڕ.
رەققە بە مین تهنراوه
مستەفا جەیلان کە ئەندامی تیمێکی پوچەڵکردنەوەی مینە و سەربە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردە، وتی ژمارەی مین و تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو کە لەلایهن داعشهوه بەجێهێڵدراون لە رەققە زۆرترین ژمارەیە بەبەراورد بەهەر شارێك کە گروپەکە کۆنتڕۆڵیکردبێت.
جەیلان بە دیارونای وت: "ئەمە زیادەڕۆیی نیە کە بڵێین هەر دەروازەیەك بەرەو شارەکە و هەر یەکێك لە رێگا و گەڕەك و ماڵ و دوکانەکان مینڕێژکراون."
جەیلان وتی ئەو قەبارە گەورەیەی وێرانكاری له شارەکەدا گەڕان بەدوای میندا زۆر سەخت دەکات کە دەشێت لەژێر داروپهردووهكاندا بن.
وتیشی: "هەندێك شوێن ناوچەی کارەساتن وەك ئەو کارگانەی گروپەکە بەکاریهێناون بۆ دروستکردنی بۆمبی دهستكرد و مین."
هەروەها وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دوو کارگەی لەوجۆرەیان دۆزیوەتەوە -- کارگەیەکی بۆمبی دهستكرد و مین لە گەڕەکی تەیار و کارگەیەکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل لە گەڕەکی بادو."
جەیلان وتی مەدەنیهكان دەگەڕێنەوە تەنیا دوای گسكدانێكی تەواوی هەموو شارەکە و پاككردنهوهی لە تەقەمەنییهكان.
وتیشی: "کارکردن بەردەوامە لە دەروازەکان و کەمەرەی دەوری شارەکە لەگەڵ چەند بینایەکی سەرەکی خزمەتگوزاری کە لەکاتی شەڕدا تێكنهدراون." ئاماژەشی دا بەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پوچەڵکردنەوەی مین دوابەدوای ئەوە بەرەو ناوەندی شارەکە دەڕوات.
هەروەها وتی هەندێك مین و بۆمبی دەستكرد کە لەدوای گروپەکە بەجێماون ژێرگڵ خراون لەکاتێکدا هەندێکیان بەکارهێنراون بۆ مینڕێژکردنی خانوو، کەلوپەلی ناوماڵ، ئامێری جل شۆردن، سهلاجه و فڕن.
وتیشی هەندێك تەقەمەنی بە تەقێنەری تەکنەلۆژیای باڵا ئامادهكراون کە بە دەستلێدان و لەرەیهكی کەم دەتەقنەوە و هەندێکیشیان بە وایەر بەو مادە کیمیاییانەوە بەستراون کە بە گۆڕانی پلهی گهرما کاردانەوەیان دەبێت.
هەندێك مەدەنی گەڕاونەتهوە
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکی ئەلیکترۆنیدا یەکشەممە (5 تشرینی دووەم) رایگەیاند سەدان خێزان گەڕاونەتهوە بۆ مەشلەب کە گەڕەکێکی سەر بە رەققەیە.
نوسینگەی رۆژنامەوانی هێزەکە رایگەیاند: "هێزەکانی سوریای دیموکرات مەدەنیانی مەشلەبی ئاگادارکردەوە کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان دوایئەوەی تیمەکانی لابردنی مین پاککردنەوەی تەواوی گەڕەکەکەیان تەواوکرد لەو تەقەمەنیانەی بەبێ جیاوازی لە ماڵی مەدەنیاندا لەلایەن داعشەوە بەجێهێڵدرابوون."
راشیگەیاند گەڕەکەکە یەکەم شوێنە کە مەدەنیهكانی بۆ گەڕابنەوە لەوكاتهوهی شارهكه "رزگارکراوه لەدهست داعش"، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
لەگەڵ ئەوەشدا فەرماندەی یەکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، غەسان ئیبراهیم، وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئامادەباشیی ئاستی باڵادا دەمێننەوە لە دەوروبەری رەققە بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی مەدەنییان بۆ شارەکە و خستنەبەر مەترسی ژیانیان.
ئیبراهیم بە دیارونای وت: "بەداخەوە هەندێك لە مەدەنیهكان رێنماییەکانیان پێشێلکرد و هەوڵیاندا بچنەناو ماڵەکانیان و ئەنجامیش ئەوە بوو نۆ کەسیان کوژران هەر کە چوونەناو خانوەکانیانهوه لە تەقینەوەیەکی گەورەی میندا."
وتیشی دانیشتوانی شارەکە بەتەواوی ئاگاداری پێویستیی پابەندبوونی ئەو رێنماییانەن کە پێیان دراوە لەلایەن ئەو تیمانەی لە سەرانسەری شارەکەدا جێگیرکراون.
ئیبراهیم وتی دانیشتوان پێزانینیان هەیە بۆ ئەو کاره جددیهی هێزەکانی سوریای دیموکرات و "رازیبوون کە دواکەوتنی گەڕانەوەیان بۆ موڵكوماڵەکانیان بەتەواوی پێویستە."
وتی هەروەها مینەکان ژمارەیەك شەڕکەری هێزەکانی سوریای دیموکراتیشیان كوشت کە بەشدارییانکرد لە ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەدا.
وتیشی: "مینەکان لە رەققە بەتەواوی حەشاردراون و پێشبینیکردنی شوێنهكانیان سەختە."
سوفیان هیلانی خەڵکی رەققە کە دوکانێکی هەبوو لە شارەکە و بەمدواییانە لە عەین عیسایە، وتی ناگەڕێتەوە پێشئەوەی شارەکە رانەگەیەنرێت خاڵییە لە تەقەمەنی.
هیلانی بە دیارونای وت: "ئەو هەواڵانهی لە شارەکان و ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعشەوە دەهاتن ئەوەیان دهردهخست كه چۆن گروپەکە هەموو شتێكیان بۆمبڕێژکردووە تهنها بهمەبەستی زیانگەیاندن."
وتیشی: "هیچ مەعقول نیە لە گروپەکە نەجاتمان بوبێت و گەیشتبینە ناوچە ئهمینهكان و ئێستا گەوجانە ژیانی خۆمان بخەینە مەترسیەوە."