حکومەتی عێراق هەوڵی کەمکردنەوەی نەخوێندەواری دەدات لە ناوچە رزگارکراوەکانی ژێردەستی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
بۆ ئەو مەبەستە، وەزارەتی پەروەردە ناوەندنی خوێندەواریی لە هەموو ناوچە رزگارکراوەکاندا کردەوە لە سەرەتای تشرینی یەکەمدا، هاوکات بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن.
وتەبێژی وەزارەت سەلامە حەسەن بە دیارونای وت دەستپێکردنەوەی کارکردن لەم ناوەندانەدا یەکێکە لە ئەولەویاتەکانی وەزارەت.
وتی داعش رێگەی دەدا نەزانی لەنێو خەڵکەکەدا پهرهبسێنێت و رووخاندنی خوێندنگەکان، زانکۆکان، کتێبخانە و بیناکانی تری خوێندن لەلایەن گروپەکەوە زهمینهیهكی لهباری رهخساند بۆ نەخوێندەواری.
داعش مەنهەجیشی گۆڕی و ناوەرۆکەکەی پاوانکرد تا ببێته رەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکەی خۆی، حەسەن وتی.
وتیشی: "ئەم گروپە توندڕەوە نایەوێت لە دۆخی کۆمەڵایەتی هۆشیاری و کلتور و روناکییدا بژی."
ههروهها وتی: "ئەمڕۆ دەمانەوێت سیستمی خوێندن بنیاتبنێینەوە و ئەو بۆشاییە پەروەردەییە نەهێڵین کە لەلایەن تیرۆریستانەوە جێهێڵراوە. دەستمانکرد بە کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندەواری، چاكردنهوهی خوێندنگە زیانلێکەوتوەکان و بەخشینی هەموو كهرهسهكانی خوێندن به خوێندکاران و هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت فێربن."
وتی زۆرێك له منداڵان لەکاتی داعشدا نەیانتوانی لە خوێندنگە ئامادەبن و وتیشی وەزارەتەکە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی خوێندکاران بۆ پۆلەکانیان و بۆ ئاستی خۆیان.
ناوەندەکانی خوێندن لە موسڵ دەکرێنەوە
ناوەندەکانی خوێندن لە موسڵ دەروازەکانیان کردۆتەوە بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی کە دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نوسین ببن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای نەینەوا, واحید فەرید عەبدولقادر, ئەم هەنگاوە دوای تەرخانکردنی ستاف بۆ ناوەندەکانی خوێندەواری و پهرتوك و مهنههجهكان و میتۆدی پێویستی فێربوون هات.
عەبدولقادر بە دیارونای وت: "ناوەندەکانمان کراوەن و هیچ بەربەستێك بۆ خۆتۆمارکردن نیە. هەرکەسێك بیەوێت فێربێت تەنیا ئەوەی لهسهره خۆی تۆماربکات و لەسەر کورسییەك دابنیشێت."
وتی: "پێش داگیرکردنی موسڵ [لە 2014]، ئەم ناوەندانە زۆر چالاکانە کاریاندەکرد و ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکانەیان رادەکێشا کە دەیانویست له نەخوێندەواری رزگاربن."
عەبدولقادر وتی: "ئێستا دەمانەوێت ئەم چالاکییە بۆ دۆخی پێشووی خۆی بگەڕێنینەوە و دووبارە واقیعی پەروەردەیی برەوپێبدەین لە پارێزگاکەمان دوای ئەوەی خۆمان لە بەڵای تیرۆریزم رزگارکرد."
وتیشی داوای لە کارگێڕیی خوێندنگەکان کردووە لە گەڕەکەکانی موسڵ تا دەستبکەنەوە بە وەرگرتنی هاوڵاتیه نەخوێندەوارهكان و هەماهەنگیكردن لەگەڵیان دەربارەی كاتژمێرهكانی ئامادەبوون تا خواستەکانیان دابینبکرێت لەکاتی پرۆسەی فێربووندا.
داعش خوێندن و خوێندەواریی خنکاند
هێشتا هیچ ئاماژەیەکی فەرمی نیە بۆ رێژەی نەخوێندەواری لەو شارانەی عێراقدا کە لەدەست تیرۆریزم رزگارکراون، بەڵام بەرپرسان دەڵێن نەخوێندەواری لەکاتی فەرمانڕەوایی سێ ساڵەی داعشدا زیادیکردووە.
عەبدولقادر وتی: "کاریگەریی تیرۆریستان لەسەر کەرتی پەروەردە زۆر گەورە بووە، نەزانی و نەخوێندەواری بڵاوبوونەتەوە و زۆر خوێندکار لە خوێندن وەستاون."
وتیشی: "دەمانەوێت دۆخەکە بۆ ئاستی پێشتری بگەڕێنینەوە و هەوڵبدەین بەربەستەکان لابدەین، لەگەڵ چاکسازی و گەشەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاریی گرنگ لەڕێی پلان و کاری کاریگەرەوە."
عەبدولقادر وتی جیا لەوەش، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە مەبەستیەتی ناوەندەکانی خوێندن بکاتەوە لە وێستگەکانی پۆلیس لە پارێزگاکەدا، وتیشی كه "هەندێك له ئەندامانی پۆلیس هەن دەرفەتی ئەوەیان نەبووە خوێندن تەواوبکەن".
ئەم هەنگاوە "یارمەتییان دەدات ئەرکە ئەمنیەکانیان جێبەجێبکەن و بە خەونەکانیان بگەن بە تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە".
خوێندەواری بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حەسەن شەبیب سەبعاوی وتی ئەنجومەنەکە "پشتگیری دهكات له دەستپێکردنەوەی هەنگاوەکان بۆ بنەبڕکردنی نەخوێندەواری لە پارێزگاکەدا".
سەبعاوی بە دیارونای وت: "لەگهڵ هەر هەنگاوێك کە بەشداری بکات لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و مەعریفی لەنێو کۆمەڵگەکانماندا، نزیکدەبین لەو هەوڵانە و دواناكهوین لە پشتگیریکردنیان."
سەبعاوی پێشنیازی ئهوهی کرد كه مەنهەجهكانی خوێندن ئەو وانانەیان تێدابێت کە داوا لە خەڵك دەکەن توندڕەوی رەتبکەنەوە و بەهای راستەقینەی ئایینی و کۆمەڵایەتی دیاریبکەن و جەختیشی کرد لەسەر پێویستی دامەزراندنی راوێژکاری پەروەردەیی و ئایینی کە تایبەتمەندبن لە تواناییه دەروونناسی و کۆمەڵایەتیەکاندا.