لهگهڵ داڕوخانی بەناو خەلافەتەکەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، حکومەتەکانی ئەوروپا لە کێشەیەکی هاوبەشەوە تێوەگلاون: چی لهو چەکدارانه و خێزانەکانیان بكهن كه دهگهڕێنهوه؟
حکومەتەکان دوودڵیی خۆیان نهشاردۆتهوه له نابهدڵییان له پهسهندكردنهوهی ئەو هاوڵاتیانەی چوون بۆ شەڕ لە عێراق و سوریا، بەڵام ئێستا، لهگهڵ نزیكبوونهوهی شکست، بەرەو وڵاتەکانیان دەگەڕێنەوە.
ئەگەری وهرگرتنهوهی توندڕەوان هەڕەشەیەکی ئاشکرای ئەمنیە لە کیشوەرێکدا کە تووشی شەپۆلێك لە هێرشی تیرۆریستی بۆتەوە لەم چەند ساڵەی رابردوودا.
بەڵام دۆخەکە کێشەیەکی ئێتیکیشی تێدایە -- بەتایبەتی ئەوەی ئاخۆ واز لە ژن و منداڵه ئەوروپییهكانی توندڕەوانیش بهێنرێت و رادەستی چارەنوس بکرێن.
![ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە کۆنفرانسێکدا لە شاری کوەیت کۆدەبنەوە لە 15 ئازار، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەماهەنگی بۆ بنەبڕکردنی شەپۆلی چەکدارە بیانییەکان بۆ نێو عێراق و سوریا. [یاسر زەیعات / ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2017/11/01/10215-Anti-ISIS-coalition-600_384.jpg)
ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە کۆنفرانسێکدا لە شاری کوەیت کۆدەبنەوە لە 15 ئازار، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەماهەنگی بۆ بنەبڕکردنی شەپۆلی چەکدارە بیانییەکان بۆ نێو عێراق و سوریا. [یاسر زەیعات / ئاژانسی فرانس پرێس]
ژنێك کە خۆی وەك نەجا رەمەزانی 31 ساڵه دەناسێنێت و خەڵکی فرانکفۆرتە، لە ڤیدیۆیەکدا کە ئاراستەی سەرکردەی ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکڵ کراوە تکادەکات: "خاتونی راوێژکار، دەمەوێت لەگەڵ خێزانەکەمدا بێمەوە وڵات، یارمەتیمان بدە."
لەو ڤیدیۆیەدا کە لەلایەن رۆژنامەی دی تسایتەوە پەخشکرا و منداڵێکی لەباوەشدایە، ژنهكه دووپاتیدەکاتەوە: "من تیرۆریست نیم."
رەمەزان و سێ منداڵەکەی لە رەققەی بنکەی پێشووی داعش دەستبەسەر بوون، کە مانگی رابردوو لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە گیرایەوە. تائێستا، بەرلین رەتیکردۆتەوە یارمەتی بدات.
ئەو یەکێکە لەو ژمارە زۆرەی ئەوروپیهكان کە تکای یارمەتیدان دەکەن لە حکومەتەکانیان -- جا لەڕێی میدیاوە بێت یان لەڕێی خێزانەکانیانەوە.
هەفتەی رابردوو، نزیکەی 20 خێزان نامەیان بۆ سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن نوسی و تکایان لێکرد کچەکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات بۆ دادگاییکردن.
نووسییان كه "سەختە بەوە قایلبین کچەکانمان، کە شەڕیان نەکردووە، بەهەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت" كه لهگهڵ مێردەکانیان دهكرێت.
تکایان لە "فەرەنسا، وڵاتی مافەکانی مرۆڤ" کرد رێگە بەو ژنانە نەدات تووشی ئەگەری ئەشکەنجە و مەرگ ببنەوە لە سوریا و عێراق.
'بیانکوژن'
بەگوێرەی ناوهندی سوفان، کە رێکخراوێکی ناحکومیە و توێژینەوە لە ئاسایشی جیهان دەکات، لەو 5,000 توندڕەوە ئەوروپیەی رۆیشتوون بۆ شەڕ، نزیکەی سێیەکیان گەڕاونەتەوە بۆ وڵات.
رێكخراوهكه هۆشدارییدا لەوەی هەندێك لەمانە هێشتا پابەندن بە توندڕەویی توندوتیژانەوە و راشیگەیاند: "ئەوە روونە کە هەرکەسێك بیەوێت بەردەوامبێت لە شەڕەکە رێگەیەك دەدۆزێتەوە تا بەردەوامبێت."
تائێستا، فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا کەیسی گەڕاوەکانیان تاك بە تاك تاوتوێکردووە.
ئەفسەری باڵای دژەتیرۆر مارك راولی وتی لە بەریتانیا، کە 425 کەس گەڕاونەتەوە، ئامانجەکە "دادگاییکردنیانە تا بخرێنە زیندانهوه بۆ ماوەیەکی درێژ".
وتی بۆ ئەوانەی ناکرێت بخرێنە زیندانەوە، بەرپرسان دەبێت چاودێرییان بکەن و "هەنگاوی رێگرانە"ی دیکە بنێن تا وڵاتەکە سەلامەت بێت.
بەڵام هەندێك لە ئەوروپا بەئاشکرا هەوڵی گرتنەبەری رێگەیەکی سەختتر دەدەن بۆیان.
وەزیری هاوبەش بۆ وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کۆمۆنوێلس و بیانی، رۆری ستیوارت، هەفتەی رابردوو وتی تەنیا یەك رێگە هەیە بۆ کاریگەریی نەهێشتنی چەکدارە بەریتانیەکانی داعش.
ستیوارت بە رادیۆی بی بی سی وت: "ئەم کەسانە مەترسییەکی گەورەن بۆ ئێمە. بەداخەوە تەنیا رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان، تاڕادهیهك له ههموو حاڵهتهكاندا، کوشتنیانە."
وەزیری بەرگریش، مایكڵ فالۆن، وتی ئەو چەکدارانەی شانبەشانی داعش شەڕدەکەن "ئامانجێکی شەرعیین".
منداڵان وەك هەڕەشە
بەڕێوەبەری توێژینەوەی ئاسایشی جیهانی لە ناوهندی شارهزایانی بەریتانی ئاڕ یو ئێس ئای، رافایلۆ پانتوچی، وتی حکومەتەکان "پەلەیان نەکردووە" لە ههڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ ئەو کەسانەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون لە رەققە و شوێنەکانی دیکە.
وتی هەرچەندە چەکدارەکان و ژنەکانیان لە زۆربەی دۆخەکاندا بە ویستی خۆیان چوونەتە ناوچەی شەڕەوە، "ئێمە ئەو ئەرکەمان هەیە گرنگی بە هاوڵاتیانمان بدەین".
"گەر بێنهوه و ئێمەش بتوانین رووبهڕووی یاسایان بكهینهوه، دەبێت ئەوە بکەین."
وتیشی منداڵانی ئەوروپیە توندڕەوەکان سەختە تۆمەتباربکرێن بەو بڕیار و باوەڕانەی دایکوباوکانیان هەیانە.
بەڵام لانیکەم لە ئەڵمانیا، تەنانەت ئەم لاوانەش وەك هەڕەشەی ئەمنی حسابیان بۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەری هەواڵگری ئەڵمانیا، هانس-گیۆرگ ماسن، ئەم مانگە هۆشدارییدا: "ئێمە گەڕانەوەی منداڵی جیهادییەکان بۆ ئەڵمانیا، کە مێشکیان لە ناوچەكانی شهڕ شۆردراوەتەوە، بە مەترسیدار دەزانین. ئەمە دەکرێت رێگەخۆشکەر بێت بۆ نەوەیەکی نوێی جیهادییەکان لێرە گەورەببن."
لە فەرەنسا، کە 300 بۆ 1,700 هاوڵاتی گەڕاونەتەوە، بەرپرسان هەنگاوی توندیان ناوە بەرامبەر سکاڵای خێزانەکانیان بۆ رزگارکردنی خۆشەویستانیان کە لەو ناوچانەدا دەستبەسەرن کە لە داعش سەنراونەتەوە.
وەزیری بەرگری، فلۆرێنس پارلی، سێشەممە وتی ئەو هاوڵاتیە فەرەنسیانەی لە عێراق دەستبەسەرکراون دەکرێت لێرە رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.
وتیشی لە سوریا، ئەو هاوڵاتیە فەرەنسیانەی لەلایەن چەند گروپێکی جیاوازەوە دەستبەسەرکراون دەستنیشانکراون بۆ لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور.
وتی ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ وڵات لێپرسینەوەیان لێدەکرێت بەرامبەر کارەکانیان.
"ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا دەزانن خۆیان دهخهنه بهردهم لێپێچینهوهی یاسایی بهردهوامهوه."