ماوەیەکە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەو چەکدارانەی خۆی دەکوژێت کە لە بەرەی شهڕی قائیم هەڵدێن، دوایین بنکەی گروپەکە لە عێراق، چەکدارانی حەشدی خێڵەکی بە دیارونایان وت.
سوپای عێراق، بەپیشتیوانی هێزە خۆجێیەکان، دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ رزگارکردنی شارەکانی قائیم و راوە لەوپەڕی خۆرئاوای ئەنبار لە 26 تشرینی یەکەم.
فەرماندەی قەزای بەغدادیی حەشدی خێڵەکی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، وتی کاتێك هێرشەکە دەستیپێکرد، داعش گروپێك چەکداری نارد بۆ ناوچەی ئەلبوکەمال لە بەشی سوریای سەرسنوور.
وتی ئەو چەکدارانە كه بە "یەکەکانی سێدارە" بەناوبانگن، ئەرکی تەقەکردنیان پێدرابوو لەو چەکدارانەی داعش کە هەوڵیاندەدا لە شەڕ هەڵبێن.
سەمەرمەد یەکشەممە بە دیارونای وت: "لە سێ رۆژی رابردوودا، ئەم یەکانە 17 سەرکردەی بەناوبانگیان کوشتووە کە لە شەڕی قائیم هەڵاتن لەکاتی پێشڕەویی یەکە [عێراقیەکان]دا."
وتی سیانیان عێراقی بوون، یەکێکیان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێیدەوترا ئەبو یاسین حەردانی، كه سەرکردەی داعش لە گوندی رومانە بوو، ئەوانیدی بیانی بوون.
وتیشی: "زۆر حاڵهتی هەڵاتنی چەکدارانی داعش هەیە لە شەڕ بۆ بیابان و ناو خاكی سوریا."
پارچەپارچەبوون و بێورەیی
سەمەرمەد وتی چەکدارانی داعش پارچەپارچە و بێورە بوون لهگهڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق و هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان کە پێگەکانیان دەکهنه ئامانج.
وتیشی "ناکۆکی گەورە و جیاوازی هەیە لەنێوان تیرۆریستاندا،" کە وایکردووە ورەی گروپەکە بڕوخێت و بەشدارییکردووە لە هەڵاتنی چەکدارانیدا.
پێش ئەوەی هێرشی قائیم دەستپێبکات، هێزی ئاسمانی عێراق سەدان نامیلکەی بەردایەوە کە هۆشدارییان دەدا بە چەکدارانی داعش بەرامبەر ئاکامەکانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە عێراقیەکاندا.
هۆشدارییەکان لەڕێی بڵندگۆشەوە دهدرا و داوا لە چەکداران دەکرا یان خۆیان رادەستبکەن یان بمرن.
سەمەرمەد وتی هێزەکانی عێراق لە چەندین بەرەوە پێشڕەوی دەکەن و کۆنترۆڵی چەندین قەزایان کردووە و بەقوڵایی چوونەتەناو بیابانەكهوە.
وتیشی بەدوای چەکدارانی داعش دەکەون بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە، کە زانیاری هەواڵگرییان پێدەدەن.
فەرماندەیهكی چەکدارە خێڵەکییەکانی حەدیسە، نازم جوغەیفی، وتی: "زانیاریمان پێگەیشتوە لەو کەسانەوە کە نزیك شاری ئەلبوکەمال دەژین و پشتڕاستیدەکەنەوە کە ئەندامانی داعش لەسێدارەدراون لەلایەن ئەندامانی گروپەکەوە."
جوغەیفی بە دیارونای وت داعش ئەوانهی تۆمەتبارکردووە بەوەی هەوڵدەدەن لە بەرەی شهڕ هەڵبێن.
'کۆتایی لەهەرکات نزیکترە'
جوغەیفی وتی: "هەندێك له دانیشتوانه ئاوارەكان باس له ناكۆكیی توند دهكهن لەنێوان چەکدارانی داعشدا،" لهكاتێكدا راپۆرتهكان ئاماژهدهكهن به یاخیبوونی ئاشکرای ئهندامانی داعش دژی سەرکردەکانیان لە خۆرئاوای ئەنبار.
وتیشی هەندێك له چەکدارانی داعش لە قائیم جلی ژنانەیان لەبەرکردووە تا لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانانەوە نەکرێنە ئامانج و وتیشی "ئەمە بەڵگەیە بۆ هەستکردنیان بە شکست".
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار کەریم کەربولی وتی: "داعش بۆ پهتی رزگاربوون دەگەڕێت چونکە ئەندامانی، ئەوانەی لە دەوروبەری قائیم شەڕدەکەن، کشاونەتەوە بۆ ناو شارەکە و هەوڵدەدەن خۆیان لە ماڵەکان و نێو دانیشتوانهكهدا بشارنەوە."
کەربولی بە دیارونای وت ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی گروپەکە بەرەو سوریا هەڵاتوون، لەکاتێکدا هەندێکیان روویانکردۆتە بیابان.
وتیشی: "گروپەکە دوایین هەناسەی دەدات و کوشتارهكانی ئهم دواییهی لە ریزەکانیدا ئاماژەیە بەوەی کۆتایی لە هەمووکات نزیکترە."
ههروهها وتی: "هێزەکانمان زۆر شاریان لە بەشی خۆرئاوای ئەنبار رزگارکردووە."
"داعش وردهوورده دواههمین پێگهكانی لەدەستدەدات."
سوێند بەخودا، ئێوە پاڵەوانن!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت