هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش منداڵان بەکاردەهێنیت بۆ دوا هه‌ڵوه‌سته‌ لە ئەنبار

خالید تائی

مێردمنداڵێك، "ئەبو فەلاح عێراقی" بە چەکەوە خۆی نیشان دەدات بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکەی 1 تشرینی یەکەم لە شارۆچکەی هیت. [وێنەکە لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراوەتەوە]

مێردمنداڵێك، "ئەبو فەلاح عێراقی" بە چەکەوە خۆی نیشان دەدات بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکەی 1 تشرینی یەکەم لە شارۆچکەی هیت. [وێنەکە لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراوەتەوە]

بەرپرسە عێراقییەکان بە دیارونا دەڵێن نیگەرانن لەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەو منداڵانەی دەدات دەبێت لە قوتابخانە بن، ناچارده‌كات له‌گه‌ڵ هێزەکانی نچنه‌ شەڕه‌وه‌ له‌ دوا هه‌ڵوه‌سته‌یاندا لەو پارێزگایه‌ی دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژئاوای وڵاته‌وه‌.

چەندین راپۆرت دەڵێن گروپەکە فشاری خستۆتەسەر خێزانەکانی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای ئەنبار كه‌ لەژێردەستیدایە بۆئەوەی هەموو کوڕەکانیان رادەستبکەن بۆ شەڕکردن.

بەگوێرەی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، فەرحان محەمەد دولەیمی، چەکدارانی داعش هەڕەشەیان کردووە ئەو خێزانانە بکوژن کە پابەندنابن بە بڕیارەکەوە لە شارۆچکەکانی راوە و قائیم.

دولەیمی بە دیارونای وت: "زانیاریەکانی ئێمە پشتڕاستیانکردۆتەوە کە تیرۆریستەکان کار دەکەن بۆ بەزۆر بەشداریپێکردنی لانیکەم یەك منداڵ و یەك مێردمنداڵ لە هەر خێزانێك." وتیشی ئەم هەوڵە زیاتر بووە لەکاتێکدا گروپەکە روبەرووی شکستی زیاتر دەبێتەوە.

وتی داعش بە نهێنی ئەو گەنجانە دەگوازێتەوە کە لەژێر تەمەنی 16 ساڵیەوەن بۆ کەمپەکانی راهێنان لە سوریا بۆ ئامادەکردنیان بۆ شەڕ.

وتیشی به‌رنامه‌ی راهێنانەکە دەکرێت سێ مانگ بخایەنێت و تیایدا رووبەڕووی "مێشکشۆردنەوەیەکی توند" دەبنەوە و راهێنانی جەستەییان پێدەکرێت لەگەڵ چۆنێتی بەکارهێنانی چەك و دروستکردنی تەقەمەنیەکان.

دولەیمی نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی ئەو منداڵانەی "پێویستە لە قوتابخانە بن و فێرببن چۆن خزمەت بە گەشەسەندنی داهاتووی وڵاتەکەیان بکەن" و رونیشیکردوە كه‌ ئەمە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە لەسەر ئەنبار و تەواوی وڵاتەکە.

وتی هێزە عێراقیەکان کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەڕەشەیە.

دولەیمی وتی بەرپرسانی حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان راوێژدەکەن بۆ ئەوەی پلانێکی هاوتا پەرەپێبدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەو، بەتایبەتی لەناو منداڵان و خێزانە ئاوارەکاندا.

هێرشبەرە مێردمنداڵەکان

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار نەعیم که‌عود بە دیارونای وت مێردمنداڵەکان زۆربەی هێرشە تیرۆریستیەکانی ئەم دواییانەیان ئەنجامداوە.

وتی: "خۆکوژێك کە چاکەتی بۆمبڕێژكراوی لەبەردابوو لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و خێڵه‌كانه‌وه‌ لە کەسارە لە هیت کوژرا 10 تشرینی یەکەم."

وتی دەرکەوت خۆکوژەکە تەمەنی 13 ساڵان بوو.

وتیشی خێزانەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا فشاریان خراوەتەسەر بۆ ئەوەی کوڕەکانیان رادەستبکەن و له‌كاتێكدا هەندێکیان پابەندبوون بەڵام زۆربەیان رەتیانکردۆتەوە.

که‌عود وتی داعش هەر بۆچونێکی بوێت دەیخاتە مێشکی منداڵەکانەوە لە رێی فشار و دووبارەکردنەوەوه‌.

شێخ غازی نافع جوغەیفی، سەرۆکی خێڵی جوغەیفه‌ کە شەڕی داعش دەکات لە ئەنبار، وتی داعش دوا کارتی بەکاردەهێنێت بەم هەوڵەی بۆ بەکارهێنانی منداڵان.

جوغەیفی بە دیارونای وت: "بەڵام بە دڵنیاییەوە کارتی دۆڕاندنە."

وتی هێزەکانی عێراق بەپشتیوانیی چه‌كداره‌ خێڵه‌كیه‌كان سوورن لەسەر دەرکردنی داعش لە راوە و قائیم -- دواهه‌مین شارۆچکەكانی ژێرده‌ستی گروپەکە.

وتیشی: "دانیشتوانی ئەو دوو شارە دەزانن کاتی رزگاربوونیان لە دەسەڵاتی گروپەکە نزیكبۆتەوە، بۆیە سەریان دانانه‌وێنن بۆ فشارەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500