هێزەکانی عێراق پێنجشەممە (26 تشرینی یەکەم) دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ ئازادکردنی شارەکانی راوە و قائیم لەوپەڕی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار.
سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی پێنجشەممە راگەیاند هێرشێك دهستیپێكردووه بۆ لەڕەگەوە هەڵتەکاندنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە دوایین پێگەی گروپەکە لە عێراق و کۆنتڕۆڵکردنی سنور لەگەڵ سوریا.
عەبادی لە بەیاننامەیەکدا وتی: "لێرەوە لەشکری پاڵەوانێتی و قوربانیدان جوڵەدەکات بۆ لەناوبردنی دوایین پێگەی بەهێزی تیرۆریزم لە عێراق و بۆ ئازادکردنی قائیم و راوە و گوند و شارۆچکەکانی رۆژئاوای ئەنبار."
وتیشی: "ئێمە ئەوەی پێشتر وتمان دووبارەیدەکەینەوە کە شەڕەکانمان بوونە بنەمای سەرکەوتن و تێکشکاندنی داعش و تاکە هەڵبژاردەی ئەندامانی داعش ئەوەیە یان بمرن یان خۆیان بەدەستەوە بدەن."
هێرش له چەند بەرەیەكهوه
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرە و پۆلیسی فیدراڵی و نێوخۆ و حەشدی خێڵهكان و حهشدی شەعبی بەشدارن لە شەڕەکەدا.
رەسوڵ وتی هێرشە نوێکە "دوای ئەوەدێت کە هەموو ئامادەکاریە سەربازی و لۆجیستیەکان تەواوبوون".
وتیشی: "هێرشەکە لە چەند ئاراستەیەکەوە ئەنجامدرا. یەکەکان ئهركی پڕاوپڕیان پێدراوه بۆئەوەی ریزەکانی دوژمن لاوازبکەن و توانای جوڵەکردن و مانۆڕ و خۆشاردنهوهی پەکبخهن."
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، لیوا قاسم محەمەدی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هێزەکانی عێراق پێشڕەویدەکەن لە رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵات و باکور و باشورەوە.
رەسوڵ بە دیارونای وت سەرەڕای راوە و قائیم ئۆپەراسیۆنەکە دەیەوێت ناوچە و گوندەکانی دەوروبەریش ئازادبکات، لەنێویاندا عوبەیدی، سەعادە، کەرهبلا و ناوچەیەك کە بە تی یەك ناسراوە لەگەڵ کارگەکانی فۆسفات و چیمەنتۆی ناوچەکە.
وتیشی: "هێزەکانمان ئەمڕۆ ئەزمون و ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ شەڕکردن لە سەختترین بارودۆخدا."
هەروەها وتی: "ئێمە رێگە بە ئهندامانی تیرۆریستهكان نادەین سود لە ژینگەی بیابانی ناوچەی شەڕەکە وەربگرن. پلانەکانمان رهچاوی هەموو بەربەست و کۆسپە سروشتیەکان دهكات."
"سەرکەوتن بۆ ئێمه دهبێت."
هێرشی ئاسمانی عێراق و هاوپەیمانان
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاكه، فەریقی یەکەم مەحمود فەلاحی، وتی فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق و هاوپەیمانان هێرشی ئاسمانی قورسیان ئەنجامدەدا.
رەسوڵ بە دیارونای وت هێزی ئاسمانی عێراق رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەو شەڕە بەردەوامەدا بە شوێنپێهەڵگرتن و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر حەشارگە و بنکەکانی داعش.
وتیشی لەپێش ئۆپەراسیۆنهكهدا فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق لە 21 تشرینی یەکەم هێرشی ئاسمانی چڕیان ئەنجامدا لە بیابانی رۆژئاوا لە نزیك سنوری سوریا.
هەروەها وتی هێرشە ئاسمانیەکان 25 شەڕکەری داعشیان کوشت و دوو کەمپی گروپەکە و 13 بارهەڵگریان تێکشکاند، لەنێویاندا بارهەڵگرێك کە کەلوپەلی هەڵگرتبوو.
پێش هێرشەکە هەزاران ئاگاداری بەسەر ئەو ناوچانەدا بهردراونهتهوه کە کراونەتە ئامانج.
رەسوڵ وتی لە ئاگادارییهكاندا رێنمایی بۆ مەدەنیان تێدابوو لهگهڵ داواكاری له ئەندامە چەکدارەکانی داعش تا خۆیانبدهن بەدەستەوە.