به بانگەوازکردن بۆ ئافرەتان بۆ پەیوەندیکردن بە شەڕەوە لەو ناوچە کەمانەی لهژێردەستیدا ماوه لە عێراق و سوریا، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) نائومێدبوونی کەڵەکەبووی خۆی پیشاندهدات، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.
رۆژنامەی بەریتانی زە ئیندیپێندێنت لە راپۆرتێکی 6 تشرینی یەکەمدا رایگەیاند ههڵمهتێك بەردەوامە لە ماڵپەڕەکانی سەر بە داعش و ئهكاونتهكانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کە داوا لە ژنان دەکات چەك هەڵبگرن و "خۆیان بکەنە قوربانی" بۆ گروپەکە.
پسپۆڕی بواری گروپە تیرۆریستیەکان و لیوای خانەنشینی سوپای میسر یەحیا محەمەد عەلی بە دیارونای وت بانگەواز بۆ ژنان "بەڵگەی بەهێز دەدات بەدەستەوە كە گروپەکە ژمارەی پێویستی نەماوە بەهۆی شکستە یەکلەدوای یەکەکانەوە".
ناوبراو وتی بەهۆی شکستەکانیەوە لە سوریا و عێراق، بە سەدان چەکداری داعش مردوون و زۆریان هەڵاتوون، تەنیا چەکداری ئافرەت ماوە وەك دوایین هێزی یەدەگ کە بەکاربهێنرێت.
وتیشی: "لە سەرەتای 2014، گروپەکە شانازیی دهكرد بە ژمارە بهرزهكانیهوه و ماشێنه میدیاییهكهی هەوڵی راکێشانی ئەندامانی دەدا بە بەڵێنی خەڵاتی دارایی و ئەخلاقی و سێکسی."
وتی بە بەهێزبوونی هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ بنەبڕکردنی داعش، گروپەکە ئەزمونی زیانێكی سهختی کرد و دەستیکرد بە راکێشانی منداڵان و فڕێیدەدانە شەڕەوە و بەکاریدەهێنان بۆ ئەنجامدانی کردەی خۆکوژی.
ههروهها وتی: "ئێستا، تەرکیزی سەرەکی لەسەر ئەو ژنانەیە كه لەسەرەتاوە پەیوەندیانکردووە بە گروپەکەوە، بەڵام رۆڵیان سنورداربووە بۆ بەرهەمهێنانی نەوە، پاڵپشتی لۆجستی و چاودێریکردنی ژنانی دیکە لە خەلافەتەکەدا."
بانگهواز بۆ ژنان
ژنان هێرشی خۆکوژییان ئەنجامداوە کە داعش لەئەستۆی گرتووەلە چەندین بۆنەدا، بەڕێوەبەری بەشی میدیای نوێ لە سەنتەری ئیبن وەلید بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینهوهی مەیدانی له میسر، مازن زەکی، وتی.
زهكی بە دیارونای وت لەکاتێکدا گروپەکە ئەمەی لە پروپاگەندەی راکێشاندا بەکارهێناوە، بهڵام بانگەوازی ئاشکرا بۆ ژنان تا پەیوەندیبكهن بە ریزەکانی شەڕکردنی داعشەوە، شتێكی نوێیه.
وتی لە شیکارییەکی ئەیلولدا، ناوهندی ئای ئێچ ئێس مارکیت بۆ چاودێریی پێکدادان ئاماژەی بەوە كردووه کە داعش داوا لە ژنان دەکات تا چالاکانە بەشداربن لە شەڕەکاندا، "لە جوڵەیەکی ئایدۆلۆژی بەرچاودا" کە هەوڵەکانی دەردەخات بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی.
شیکاروانی باڵای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای ئای ئێچ ئێس مارکیت بۆ چاودێریی پێکدادان، لودیڤیچیۆ کارلینۆ، وتی: "لەکاتێکدا داعش لە رابردوودا خۆکوژی ئافرەتی بەکارهێناەو، بەو راده چڕهی لە موسڵ كردی رووینهداوه، کە بهگوێرهی خەمڵاندنه نوێكان کردە خۆکوژییەکانی ژنان زیاترە لە 40 رووداو."
وتیشی: "هێشتا روون نیە ئاخۆ بەرزبوونەوە لە تەقینەوەکانی ژناندا زۆر بهسادهیی ئاکامی دواههمین شانهكانی بەرگریی داعشە یان ژنان ناچارکراون لەلایەن گروپەکەوە تا ئەو هێرشانە ئەنجامبدەن، وهیان سەرەتای رهوشێكی نوێ پیشاندهدات كه تیایدا ژنانی چەکدار ئامادەن بەشداریبکەن لە شەڕەکانی گروپەکەدا."