تەحریر شام پێشێلکاری مافی مرۆڤی ئەنجامداوە لە ناوچەکانی ژێردەستیدا لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا، تۆڕی مافی مرۆڤی سوری یەکشەممە (21 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.
لە راپۆرتێکی نوێدا تۆڕەکە ئەو پێشێلکاریانە تۆماردەکات کە لەلایەن هاوپەیمانێتیە توندڕەوەکەوە ئەنجامدراون، کە هەژمونی بەرەی نوسرەی پێشووی بەسەردا زاڵە، لە نێوان ناوەڕاستی حوزەیران و کۆتایی ئابدا.
تۆڕەکە رایگەیاند پێشێلکاریەکان بریتین لە کاریگەر خستنەسەر ئەنجومەنە نێوخۆییەکان، ئەنجامدانی رەشبگیری و رێگەگرتن لە پرۆفێشناڵان و چالاکوانانی میدیایی لە ئەنجامدانی کارهكانیان بە ئازادی.
ئەم راپۆڕتە 13 لاپەرەییە بەناوی "تەحریر شام پێشێلکاری فراوان ئەنجامدەدات لە پارێزگای ئیدلیب" داوایکرد ئەنجومەنە نێوخۆییەکان بپارێزرێن لە دەستبەسەرداگرتن و هەڵوەشاندنەوە.
راپۆرتەکە ئەو شایەتیانەی تێدابوو کە پەردە لەسەر قێزەونترین پێشیلکاریەکان لادەدهن بەتایبەتی ئەوانەی مافی مرۆڤ، ئازادی کەسی، کاری میدیا و کاری رێکخراوە مرۆییەکان زەوتدەکەن.
چالاکوانی بواری میدیای نێوخۆ کە بەشداربوو له دەرکردنی راپۆرتەکەدا، موسعەب عەساف، بە دیارونای وت: "راپۆرتەکە هەوڵیداوه وێنەی راستەقینەی کارەکانی بەرەی نوسرە پیشانبدات لە پارێزگای ئیدلیب."
عەساف کە نازناوەکەی بەکارهێنا لەبەر هۆکاری ئەمنی وتی ئەوانە بەتایبەتی بریتیبوون لە کۆسپ و رێگەنەدانی کاری رێکخراوە مەدەنییهكان و ئەنجومەنە نێوخۆییەکان.
وتیشی راپۆرتەکە باس لە رهشبگیری بەرهەڵستکاران دەکات و کوژرانی لانیکەم 10 کەسی مەدەنی تۆمارکرد کە دووانیان منداڵ بوون و یەکێکیان چالاکوانێکی بواری میدیا بوو و دووانی تریش ئەشکەنجە دراون.
تەحریر شام 'شۆڕشهكهی رفاند'
عەساف وتی: "راپۆرتەكه پشتی بە گێڕانەوەی شایەتحاڵان بەستووە."
ئاماژەشی دا بەوەی گێڕانەوەی زیاتریش دەبوون سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی گروپەکە "ئەگەر لەبەر ترسی تۆڵەسەندنەوە لە شایەتحاڵان نەبوایە لەلایەن تەحریر شامهوه کە هێشتا لە ناوچەکانی ژێردەستی ئەواندا دەژن."
وتیشی راپۆرتەکە لە تشرینی یەکەمدا بڵاوکرایهوە بەڵام کاری کۆکردنەوە و تۆمارکردنی زانیاری مانگێك لەمەوبەر وەستا.
ههروهها وتی: "لەوکاتەوە چەندین پێشێلکاری تەحریر شام تۆمارکراوە لە ئیدلیب، بەتایبەتی سەبارەت بە کاری میدیا و راوەدونانی تەحریر شام بۆ ئەندامانی سوپای ئازادی سوری و ئەو باڵانەی جیابوونەوەیان لە هاوپەیمانێتیەکە راگەیاند.
وتی ئەو بەڵگانەی لە راپۆرتەکەدا خرانەونهتهڕوو ئەوە پیشاندەدەن کە هاوپەیمانێتییە توندڕەوەکە "شۆڕشهكهی سوریای رفاندوە و خەڵکی سوریا دەچەوسێنێتەوە." ئاماژەشی دا بەوەی گروپەکە هیچ مامەڵەیهكی باشتری لە رژێم لەگەڵ سوریەکاندا نەکردووە.