هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پۆلیسی نەینەوا بوونی پته‌وترده‌كات لە موسڵ

خالید تائی

پۆلیسێکی عێراقی نێو هێزەکانی رزگاریی نەینەوا بەشداریده‌كات له‌ خولێکی راهێناندا لە بنکەی سەربازیی سپایکەر لە 9ی ئازاری 2016. بە گرتنەوەی موسڵ لە تەمموزی 2017، پۆلیس سەرنجیان خستۆتە سەر پاراستنی ئاسایشی شارەکە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسێکی عێراقی نێو هێزەکانی رزگاریی نەینەوا بەشداریده‌كات له‌ خولێکی راهێناندا لە بنکەی سەربازیی سپایکەر لە 9ی ئازاری 2016. بە گرتنەوەی موسڵ لە تەمموزی 2017، پۆلیس سەرنجیان خستۆتە سەر پاراستنی ئاسایشی شارەکە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسی پارێزگای نەینەوا هەینی (20 تشرینی یەکەم) دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ بۆ پاراستنی موسڵ لە دزەکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

پلانە ئەمنیەکە هێنانی پۆلیسی زیاتر بۆ شارەکە له‌خۆده‌گرێت لەگەڵ زیادكردنی ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی چەکدارە داواکراوەکان.

بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا عەمید واسق حەمدانی بە دیارونای وت: "هێزی شەڕکەرمان بڵاوكردۆته‌وه‌، کە پێکدێن لە یەکەی فریاگوزاریی کتوپڕ، لە هەموو گەڕەك و دەروازەکانی موسڵدا."

وتی ئەم هێزانە هەوڵی چڕوپڕ دەدەن بۆ شوێنپێهەڵگرتن و دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی داعش کە خۆیان شاردۆتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەفتەیە "25 تیرۆریست دەستگیرکراون کە لەگەڵ داعش تێوەگلابوون".

وتی دەستگیرکردنەکان بە فەرمانی دادگابوون و شایەتییه‌كانی شایەتحاڵان وبەڵگە هەبوون کە دەستبەسەرەکانی تۆمەتباردەکرد.

وێستگەکانی پۆلیس کراونەتەوە

حەمدانی وتی زۆربەی وێستگەکانی پۆلیس لە موسڵ دووباره‌ کراونەتەوە و "ئەمڕۆ کاردەکەن و ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن لە پاراستنی ئاسایش و شەڕکردن دژی تاوان و ئاسانکاری بۆ کاروباری هاوڵاتیان".

وتیشی لە هەوڵەکانیاندا هەماهەنگی دەکەن لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و یەکەکانی دیکەی سەربازی و هەواڵگریدا.

وتیشی: "هەوڵدەدەین بەبنبەست نەگەین، بەڵکو پلانەکانمان لە ئێستا و داهاتوودا بگۆڕین و نوێبکەینەوە، بەگوێرەی ئەو رووداوانەی لە دۆخی ئەمنیدا روودەدەن و ئەو دۆخە نوێیه‌ی بەهۆی پرۆسەی رزگارییەوە دروستبووە."

وتی "کارەکانمان بە بەهێزترین ئاستی کارامەیی و پیشەیبوون ئەنجامدەدەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەمڕۆ موسڵ لە دۆخێکی ئەمنیی باشدا دەژی".

وتیشی خەڵکی ناوچەکە بەشداریده‌كه‌ن له‌ پاراستنی ئاسایشی شارەکەدا، بە زانیاریدان لەسەر شوێنی خۆشاردنەوەی شانە تیرۆریستیەکان و ئۆتۆمبیله‌كان و گومانلێکراوان.

هه‌روه‌ها وتی: "بەهۆی هاریکاری و کاری ئەمنیی هاوبەشەوە، رێ بە بوونی تیرۆریستان نادەین لە ناوچەکانماندا یان هەر هەڕەشەیەکی دیکە له‌ ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیانمان."

هەوڵەکانی دامەزراندنی پۆلیس

حەمدانی وتی هەوڵی دامەزراندن لەئارادایە بۆ زیادکردنی پۆلیس لە موسڵدا و وتیشی هێزی پۆلیس بەمزوانە بانگێشتی خەڵك دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن.

هه‌روه‌ها وتی: "لەئێستادا نزیکەی 13,000 ئەندامی پۆلیسی پارێزگامان هەیە کە شەڕ و ئەرکەکانی پۆلیس ئەنجامدەدەن."

وتیشی: "بەهیواین ئەو ژمارەیە زیادبکەین بۆ 20,000، بەڵام ئێستا بەوەی لەبەردەستماندایە کاردەکەین و بە خۆگونجاندنێکی زۆرەوە تا بتوانین ئەرکە ئەمنیەکانمان بەجێبگەیەنین."

هێزەکانی عێراق لە 11ی تەمموزدا کۆنترۆڵی موسڵیان کردەوە دوای نۆ مانگ لە شەڕی سەخت لەگەڵ داعش.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500