ئهو شارە عێراقیانهی لە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون ئاستێکی دیکە لە ئاسایش بەخۆوە دەبینن کە وایکردوە دانیشتوانەکە بگەڕێنەوە و بنیاتنانەوە دەستپێبکاتەوە.
لە موسڵدا، کە گەورەترین قەڵای گروپەکە بوو لە عێراق، دانیشتوانی شارەکە خەریکن دەگەرێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان و ئاوارەکان دەستیانکردووە بە گەڕانهوه.
ویسام عەمار، دانیشتوویهكی گەڕەکی ئهلعەرەبی لە رۆژهەڵاتی موسڵ، وتی باشتربوونی ئاسایش و خزمەتگوزاریەکان ئەمەی رەخساندوە.
عهمار بە دیارونای وت: "بونیادنانهوهی شارەکە وەکو پێشتر کارێکی ئاسان نییە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه بنیاتنانەوە بابەتی سەرەکیە بۆ دانیشتوانەکە به رهچاوگرتنی ئهم ئاستە لە ئاسایش كه لەم شارەی پارێزگای نەینەوا ههیه.
وتی: "بهم ئاستەوه له سهقامگیری دهكرێت هەرشتێك چاكبکرێتهوه."
کەناڵە کراوەکانی پەیوەندیکردن
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسوڵ وتی پلانیان هەیە بۆ هێشتنەوەی باری ئەمنی و تهركیزدهكهنهسەر هێنانهكایهی سیستەمێکی هەواڵگریی کاریگەر و بنیاتنانی متمانە لەگەڵ دانیشتوانەكهدا.
وتیشی: "دوای رزگارکردنی شارەکان و پاککردنەوەیان لە تەقەمەنی و پاشماوەکانی شهڕ، ئێستا تهركیزمان لەسەر چۆنیەتی راگرتنی خاکەکە و پاراستنی خەڵكەکەیەتی. ئێمە دەستمان کردوە بە زیاترکردنی هەواڵگری و کاردەکەین بۆ گرتنهبهری میتۆدی نوێ."
ههروهها وتی ئۆپەرایسۆنەكانی خۆپاراستن بهردهوامن بۆ ههڵمهتبردنهسهر شانە نوستووەکانی داعش و هێزە عێراقیەکانیش "چەندینیان لهو شانانه هەڵوەشاندۆتەوە و لەناوبردووه".
رەسوڵ ئاماژەشی کرد بهوهی کەناڵی باشی پەیوەندیکردن لەنێوان خەڵك و هێزەکانی ئاسایشدا لە هەمووشتێکی دیکە گرنگترە بۆ هەر هەوڵێك بۆ راگرتنی ئاسایش.
وتی دوای شەڕەکان ئەوەی درووستبووە "متمانەیەکی بەهێزە لەنێوان لایەنەکاندا. ئێمە دەمانەوێت جەخت بکەینەوە لەسەر ئەم پەیوەندیە بۆ ئەوەی بتوانین رەوشێك درووست بکەین تیایدا خەڵك کار بکات لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش بۆ هێشتنەوەی ئارامی".
وتیشی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لەم دواییانەدا به پشتبهستن بوو بهو زانیارییه هەوڵگریانه کە لەلایەن دانیشتوانهوه گەیەندرابوون و ئاماژهشی كرد به هێرشێكی ئاسمانی لە 7 تشرینی یەکەم بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی داعش لە قائیم وهك نوێترین نمونەی ئەو جۆرە لە هەماهەنگی.
ههروهها وتی: "تیرۆریستەکان پلانیان کردبوو کە هێرش بکەنهسەر بەغدای پایتەخت و پارێزگای نەجەف." وتیشی سەرکردەیەکی باڵا کە زۆر نزیك بووە لە ئەبو بەکر بەغدادی لەوانە بوو کە لە هێرشە ئاسمانیەکەدا کوژران.
"کولتورێك كه خۆی له تیرۆریزم بهدووردهگرێت"
لێكۆڵەر هیشام هاشمی، شارەزا لە توێژنینهوه لهسهر بزووتنەوە توندرەوەکان، وتی: "ئارامی لە شارە رزگارکراوەکاندا زۆر پێویستە بۆ بنیاتنانەوە و گەشەکردنیان."
هاشمی به دیارونای وت بهڵام ئارامی پێویستی بە قۆناغی گواستنەوەیە له دادوەریدا و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و گهشهپێدانی کولتورێك كه خۆی له تیرۆریزم بهدووردهگرێت.
وتی بۆ گەڕاندنەوە و راگرتنی سهقامگیری، پێویستە حکومەت پشتگیری دارایی بكات له بهرنامه گشتگیرهكان دژی تیرۆریزم تاكو دهستیان بگات به زۆرترین ژمارەی خەڵك.
وتیشی: "ئێمە دەبێت خەڵك هانبدەین لە مزگەوتەکان و قوتابخانەکان و لە رێگای ئینتەرنێت و هەموو کەناڵەکانی پەیوەندییەوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش."
هاشمی هۆشداریدا لە ئەگەری نەبوونی ئەو بەرپرسیارێتیە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد نەکردنی ئەو کارە بێڕێزیە بە هەموو ئهو قوربانیانهی دراون لەگەڵ ئەو سەرکەوتنە سەربازیانەی بەدەستهاتوون.
پێشڕهویی بەردەوام لە پارێزگای نەینەوا
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولرەحمان وەکاع، بە دیارونای وت هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە پارێزگای نەینەوا بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندان لە دوای رزگارکردنەوەی لە کۆتایی مانگی ئابدا.
وتی: "بەرەپێشەوە دەچین، هەرچەندە بە هێواشی بەهۆی لاوازیی دهستهبهركردنی داراییهوه."
وەکاع وتی لە رۆژهەڵاتی موسڵ ئاو و کارەبا و ههموو شارەوانیەکان كهوتوونهتهوه گهڕ.
بەڵام رۆژئاوای موسڵ "هێشتا بەدەست کەمی خزمەتگوزاریەکانەوە دەناڵێنێت". ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه دانیشتوانەکە "زۆیان دوکانەکانیان کردۆتەوە و شەقام و کۆڵانەکانیان پاککردۆتەوە".
دوو پرد كه رۆژهەڵات و رۆژئاوای موسڵ پێكەوە دەبەستنەوەكاراكراونهتهوه و پردی سێیەم لە گەیارەی باشوری موسڵ لەلایەن یەکەی ئەندازیاریی سەربازییهوه چاککراوەتەوە.
وتیشی: "ئێمە هێشتا زۆرمان لە پێش ماوە، بەڵام لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوام دەبین."