هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

دانیشتوانی دوما ناڕەزایی لە بەرزی نرخی خۆراك دەردەبڕن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دانیشتوانی شاری دومای سوریا خۆپیشاندان دەکەن و داوای وەستاندنی ئەو باجه‌ زیادەیە دەکەن كه‌ لەلایەن رژێمەوە خراوەتەسەر ئەو خۆراکەی دێتە ناوچەکەوە.

دانیشتوانی شاری دومای سوریا خۆپیشاندان دەکەن و داوای وەستاندنی ئەو باجه‌ زیادەیە دەکەن كه‌ لەلایەن رژێمەوە خراوەتەسەر ئەو خۆراکەی دێتە ناوچەکەوە.

ماوەیەکە دانیشتوانی دوما لە ناوچەی غۆتەی خۆرهەڵاتی دەرەوەی دیمەشق دەستیانکردووە بە خۆپیشاندان لەدژی نرخی زۆربەرزی خۆراك.

دوایین به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك پەیوەندیدارە بەو باجه‌ زیادەیەی رژێمی سوریا سەپاندویەتی بەسەر بازرگاناندا تا رێیان پێبدات شمەك ببەنە ناوچەكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، کە لەلایەن رژێم و هێزە هاوپەیمانەکانیەوە لەژێر ئابڵۆقەدایە.

چالاکوان محەمەد بەیك لە لیژنەی خۆجێی هەماهەنگیی غۆتەی خۆرهەڵات بە دیارونای وت غۆتەی خۆرهەڵات خراپترین بارودۆخی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌هۆی كه‌می و بەرزیی نرخی خۆراكه‌وه‌.

وتی دوای ئەوەی دانیشتوان خۆپیشاندانی یەک لەدوای یەکیان ئەنجامدا، رژێم رێی بە گەیشتنی خۆراك دا لە یەك دەروازەوە -- دەروازەی وافیدین لە بەشی خۆرهەڵاتی دوما.

وتی بەڵام ئەم سازشه‌ نرخێكی به‌رزی هەبوو، چونکە رژێم باجت 2,000 لیرەی سوری (3.87 دۆلار)ی سەپاند بەسەر هەر کیلۆیەك خۆراكدا کە بهێنرێتە ناوچەكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنەوە و هاوردەكردنیشی سنوردارکرد بۆ 5,000 تەن لە مانگێکدا.

وتیشی: "له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌دا هەر کیلۆیەك خۆراك بە 2,000 لیرەی سوری دەفرۆشرێت کە زیاترە لە نرخە بنەڕەتیەکەی، لەکاتێکدا کە نرخی خۆراك لە غۆتەی خۆرهەڵات خۆی سێ بۆ چوار جار بەرزتربوو لە ناوچەکانی دیکە."

خۆپیشاندان لە دوما دەکرێت

دوما، کە ناوەندی کارگێڕیی قەزایەکە بەهەمان ناوەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی له‌خۆگرتووه‌.

بەیك وتی لەم رۆژانەی دواییدا و به‌تایبه‌تی چوارشەممە و پێنجشەممە (18 و 19ی تشرینی یەکەم)، دانیشتوانی ناوچەکە و خەڵکی ئاوارە لە شارەکە گردبوونەوە بۆ خۆپیشاندان دژی باجه‌كه‌ و داوای وەستاندنیان کرد.

وتی رژێم رێ لە گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی دەگرێت بۆ ناوچەکە و زۆربەی خەڵکەکە ناتوانن خۆراك بکڕن بەو نرخه‌ بەرزه‌ی ئێستایه‌وه‌.

وتیشی: "دانیشتوانی غۆتەی خۆرهەڵات خۆیان لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپدا دەژین، چونکە زۆربەی چالاکی بازرگانی وەستاوە و کارمەندانی دەوڵەت موچەکانیان پێناگات."

وتی ئەمەش وادەکات شمەکە زۆر سەرەتاییەکان لە سەروو توانای کڕینی زۆر کەسەوە بن.

بەیك وتی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و ئابوری کە دەروازەکانی غۆتەی خۆرهەڵات بەڕێوەدەبات بیر لە بایکۆتکردنی شمەکی هاتوو دەکاتەوە لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێمەوە.

رونیکردەوە كه‌ ئەمە فشاردەخاتە سەر رژێم تا بڕیارەکەی پێچەوانە بکاتەوە.

جەختیشیکردەوە لەوەی ئەم شمەکانە خۆیان باجیان لەسەر بووە پێش ئەوەی باجی زیاتریان بخرێتەسەر، له‌كاتێكدا کرێی گواستنەوە و ئه‌مبارکردنیشیان دەکەوێتەسەر نرخی بنەڕەتییان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500