بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی زیادبوونی هێرشە تیرۆریستیەکان لە شاری هیتی پارێزگای ئەنبار، بەرپرسانی ئەمنی دووشەممە (16 تشرینی یەکەم) دەستیانکرد بە جێبەجێکردنی سیستمێکی توندتری پشکنینی ناسنامە، بەرپرسێکی خۆجێی بە دیارونای راگەیاند.
وتی ئەمە یارمەتیی هێزە ئەمنیەکان دەدات شوێنپێی شانە ماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەڵبگرن، کە ساڵێك لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە رزگارکرا.
ئەم هەنگاوە نوێیانە لەدەمی هەڵکشانی هێرشە تیرۆریستییەکاندا لە شارەکە دروستبوون.
چوارشەممە (11 تشرینی یەکەم) خۆکوژێك پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی تەقاندەوە لە کافێیەکی بەناوبانگدا کە لاوان سەردانیان دەکرد و دەیان كهسی کوشت یان بریندارکرد.
قائیمقامی قەزای هیت موهەنەد زوبار عوبێدی بە دیارونای وت: "خەڵکی ئەم شارە لەئێستادا ناچارکراون بە پشکنینی فراوان بۆ ناو و زانیاریی کەسییان."
وتی ئەمە بۆ ئەوەی پشتڕاستبکرێتەوە کە لەسەر تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆرەوە داوانەکراون و "تا بشزانرێت ئاخۆ منداڵیان هەیە کە لەگەڵ داعشدا بووە یان کاریان لەگەڵدا دەکەن".
وتی پۆلیس و سوپا کاردەکەن لەگەڵ موختاری گەڕەکەکانتا داتابەیسێکی چڕوپڕ بۆ خەڵکی شارەکە دروستبکەن، بەتایبەتی ئەوانەی تازەهاتوون.
شوێنپێهەڵگرتنی شانە نوستووەکان
عوبێدی وتی ئامانجی پشکنینە نوێکان شوێنپێهەڵگرتنی شانە نوستووەكان، تۆڕهكان، حەشارگە نهێنیهكان و ههوادارانیانه و رێگرتنیشە لەو گروپانە لە هەڕەشەکردن لە سەلامەتی و ئاسایشی مەدەنیەکان.
وتیشی هێرشه تیرۆریستیهكهی ئەمدواییە ئاماژەی ئەوە بوو كه داعش هەوڵدەدات بوونی خۆی بسەلمێنێت لە شارەکە و ورەی رووخاوی چەکدارانی بەرزبکاتەوە، کە تووشی شکستی سهخت بوون لە زۆر ناوچەدا.
وتیشی ئەو "کردە تیرۆریستیە ترسنۆکانەیە" ئامانجی لاوازکردنی متمانەی هێزە ئەمنیەکان بوو لە دەمی ئامادەکارییاندا بۆ دەرکردنی گروپەکە لە راوە و قائیم، دوایین بنکەکانی لە عێراقدا.
وتی هەنگاوە ئەمنیە نوێکان هێشتا هیچ ئەندامێکی شانەکانی داعشیان بەگرتن نەداوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەردەوامبن لە 10 رۆژی داهاتوودا.
عوبێدی وتی: "نیگەرانی ئەوە نیین کە رەنگە ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی شاراوە هەبن لە شارەکەدا. پێمانوایە تەنیا ژمارەیەكی کەم تیرۆریست لەنێو خەڵکدا ماون و پشتگیرییان پێدەگات."
وتیشی: "بۆیان دەگەڕێین و دواجار دەیاندۆزینەوە و دەستگیریاندەکەین."
لە ناوەڕاستی نیسانی 2016دا هێزەکانی عێراق دهستیانگرتهوه بهسهر هیتدا دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ داعش، کە شارەکەی لە هاوینی 2014دا گرتبوو.
عوبێدی وتی دانیشتوانی هیت ژمارەیان نزیکەی 164,000 کەسە.