رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پشتگیریی جەماوەریی لەدەستداوە لە عێراق، دوای ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا پروپاگەندەی ساختەی گروپەکەی دەرخست و ژیانی دانیشتوانی وێرانکرد، بەرپرسانی ناوخۆیی بە دیارونایان وت.
ئەم گۆڕانکارییە ئاشکرایە لە پارێزگای ئەوپەڕی خۆرئاوا، ئەنبار، کە دانیشتوان جار لەدوای جار هەوڵەکانی داعشیان رەتکردۆتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان.
لە 27ی ئەیلولدا، دانیشتوان بەشدارییانکرد لە تێكشكاندنی هێرشێکی بهرفراوانی چەکدارانی داعش کە هەوڵیاندا سێ ناوچەی دەوروبەری رەمادی پایتەختی پارێزگاكه بگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه هەموو هێرشبەرەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژران، لەکاتێکدا لانیکەم دوو کارمەندی ئەمنی کوژران و 18 مەدەنی بریندار بوون.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی وتی رووداوەکە قوڵایی هاریکاریی نێوان خەڵکی ناوچەکە و هێزە ئەمنیەکانی دەرخست لەگەڵ رقی جەماوەر بەرامبەر داعش.
فەهداوی بە دیارونای وت: "نیگەران بووین لە بوونی هەندێك هاوسۆز و پشتگیریکاری داعش، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارەکان و لەنێو ئەوانەدا کە بەمدواییانە لەدەست گروپەکە رزگارمانکردبوون."
وتی بەڵام خەڵکەکە پێکدادانیان لەگەڵ داعش کرد تەنانەت پێش ئەوەی هێزە ئەمنیەکان بگەنە رووداوەکە، "نمونەیەکی روونی لەدەستدانی بەناوبانگترین سەرچاوەی هێزی گروپەکەیان" پیشاندا.
وتیشی داعش سێ ساڵ لەمەوبەر ئەنباری داگیرکرد بە پاساوی پاراستنی خەڵك و بەرگرییکردن لە مافەکانیان.
ههروهها وتی زۆرێك هەبوون، بەتایبەتی لەنێو لاواندا، کە هەڵخەڵەتابوون بەم دروشمە ساختانە و سەریانلێشێوابوو بە وشە و بەڵێنی ساختەی تیرۆریستان.
فەرمانڕەوایی داعش راستیەکەی دەرخست
فەهداوی وتی بەڵام کاتێك داعش کۆنترۆڵی ئەم ناوچانەی کرد، دانیشتوان درکیان بەوەکرد هەموو بانگەشەکانی گروپەکە "درۆی رووت و زانیاریی هەڵە بوون تا سەرچاوەکانیان بەدەستبهێنن".
وتی: "خەڵکەکە بوونە قوربانی قێزەونترین تاوانەکانی گروپەکە."
"ئەندامانی داعش ماف و ئازادی و موڵکەکانیان لێسەندن و تاڵاوی هەموو جۆرە ستەم و خراپەکارییەکیان پێچەشتن."
فەهداوی وتی: "ئەمڕۆ ئەم هاوڵاتیانە وانەکە باش فێربوون و نایانەوێت ئەو کارەساتە دووبارەبکەنەوە." ئاماژەشی كرد بەوەی ئێستا بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوچەکانیان بەهاوکاری هێزە ئەمنیەکان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان.
وتیشی چەندین بازگەی پاسەوانیی شەوانە هەیە کە خەڵکی ناوچەکە دەیکەن و ستایشی کاری هێزە ئەمنیەکان دەکەن.
ههروهها وتی: "دانیشتوان هیچ دوودڵییان نیە لە زانیاریدان بە هێزەکان لەسەر هەر جوڵەیەکی گومانلێكراو، کە ئاستێکی بەرزی متمانەی هاوبەش نیشاندەدات لەنێوان ئەوان و هەماهەنگیی هاوبەش لە پوچەڵکردنەوەی پیلانی تیرۆریستاندا."
سەرکردەیهكی خێڵەکی لە شاری حەدیسە و سەرۆکی ئەحرار فورات، شێخ عەبدوڵا جوغەیفی، وتی دیدی خەڵکەکە بۆ داعش بەتەواوی گۆڕاوە بەراورد بە رابردوو.
جوغەیفی بە دیارونای وت داعش پێش داگیرکردنی ئەنبار، سەرکەوتوو بوو لە دزەکردن و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرێك و ئاماژەی بەوەشکرد کەشی سیاسی و فەرامۆشکاریی حکومەت بۆ داواکانی جەماوەر لەوکاتەدا ئاسانکاریی بۆ دزەکردنەکە کرد.
وتی دوای ئەوەی چەند شارێك کەوتنهدەست گروپەکە، خەڵکەکە درکیان بەوەکرد هەڵخەڵەتێنراون بە پروپاگەندەی داعش "و گروپەکە جگە لە چەوساندنەوە و تێكشکاندن زیاتر هیچی بۆ شارەکانیان نەهێناوە".
وتیشی خەڵکەكه "هۆشیاربوونەوە بەوەی ئەو تیرۆریستانە لە کەسانی ئاستنزم زیاتر نەبوون کە هیچ ئایین و سنورێکی کۆمەڵایەتی یان بەهایەکی مرۆییان نیە".
'دروستکردنی مێژوویەکی نوێ بۆ ئەنبار'
جوغەیفی داوای لە دانیشتوان کرد رۆڵی زیاتریان هەبێت لە پاراستنی ناوچەکانیاندا.
وتی: "خەڵکی ئەنبار ... مێژوویەکی نوێ بۆ پارێزگاکەیان دەنوسنەوە."
رۆژنامەنوسێکی خەڵکی ئەنبار، سولەیمان کوبەیسی، بە دیارونای وت خەڵکی ئەنبار یەکەمین بوون کە شەڕی هەموو گروپە تیرۆریستیەکانیان کرد.
وتی: "پارێزگاکەمان لە یەکەمین ئەو پارێزگایانە بوو کە وەستایەوە بەرامبەر قاعیدە و ئایدۆلۆژیای توندڕەوی." وتیشی بزووتنەوەی خێڵەکیی سەحوە رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شەڕکردن و دەرکردنی گروپە تیرۆریستیەکاندا لە ئەنبار.
کوبەیسی وتی داعش هەندێك لە لاوانی ئەنباری هەڵخەڵەتاند تا پەیوەندیبکەن بە ریزەکانیەوە، بەڵام دواجار دانیشتوان یەکیانگرت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێکەوە گروپەکەیان تێكشکاند.
وتی: "لەئێستادا خەڵك و هێزە ئەمنیەکان یەكڕیزن. تیرۆریستان هیچ پشتگیرییان نیە، بیرۆکەکانیان پهسهندناكرێت و هیچ شوێنێکی سەلامەت لە ئەنبار نیە بۆیان."
تێرۆریزم جێگای نابێتهوه لەنێوماندا.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت