هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

نه‌مانی ئارد له‌ شاری ره‌سته‌ن لە حومسی سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

کرێکارانی نانەواخانەکان لە شاری رەستەن، دەوروبەری حومس، نان ئامادەدەکەن تا بەسەر دانیشتواندا دابەشبکرێت بەبێ بەرامبەر. [خاوەنی وێنە: ئەنجومەنی مەدەنی رەستەن]

کرێکارانی نانەواخانەکان لە شاری رەستەن، دەوروبەری حومس، نان ئامادەدەکەن تا بەسەر دانیشتواندا دابەشبکرێت بەبێ بەرامبەر. [خاوەنی وێنە: ئەنجومەنی مەدەنی رەستەن]

ئەنجومەنی مەدەنی شاری رەستەنی سوریا لە باکوری پارێزگای حومس دەستی بە بانگەوازکردووە بۆ رێکخراوە کۆمەکبەخشە نێودەوڵەتیەکان دوایئەوەی شارەکە بێ ئارد بووە، کرێکارێکی کۆمەکبەخشی نێوخۆیی بە دیارونای وت.

کرێکاری ئەنجومەنەکە، ئەنوەر عیززەدین، وتی ئەنجومەنەکە لەوە زیاتر ناتوانێت نان بەبێ بەرامبەر دابەشبکات بۆ دانیشتوانە کەمدەرامەتەکانی شارەکە بەهۆی گەمارۆیەکی خنکێنەره‌وه‌ کە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریا بەسەریدا سەپاوە.

وتیشی ئەنجومەنە نێوخۆییەکە بانگەوازەکەی چوارشەممە (4 تشرینی یەکەم) بڵاوکردەوە دوایئەوەی پشتڕاستیکردەوە کە بڕی ئاردی شارەکە بەتەواوی کەمبۆتەوە و هیچی لێنەماوەتەوە بۆ نانەواخانەکان تا بەردەوامبن لە کارکردن.

عیززەدین بە دیارونای وت: "هێزەکانی رژێم رێگرییان كردووه‌ له‌ هەموو کۆمەکێکی خۆراکی، له‌وانه‌ ئارد، تا بهێندرێنە شارەکەوه‌، بۆ گوشارخستنە سەر دانیشتوان تا سازشبكه‌ن" و ریگەیان پێبده‌ن بێنە شارەکەوە.

ئاماژەشی دا بەوەی دوایین وەجبەی ئارد کە هاتە شارەکەوه‌ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سێ مانگ لەمەوبەر گەیشت.

وتیشی: "نانەواخانەکانی شارەکە راهاتوون له‌سەدا 80ی نانەکە بەبێ بەرامبەر بدەنە دانیشتوان و ئەوەی تریش بە نرخێکی کەم بفرۆشن كه‌ لەسەدا 25 کەمتر بوو لە نرخی نان لە ناوچەکانی تر."

هەروەها وتی نانی بەلاش به‌مەبەستی سوککردنی باری ئەو دانیشتوانە بوو کە رووبەڕووی سەختییەکی دارایی توند بوونەته‌وە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە لەپاڵ شەڕی به‌رده‌وامدا.

عیززەدین وتی: "هەروەها خۆراکەکانی تریش بەرەو نەمان دەچن لە بازاڕه‌كاندا و هیچ کۆمەکی خۆراك نەماوە بۆ دابەشکردن."

ژیان لە شارەکەدا بەردەوام روو له‌ خراپتربوونه‌

زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارە 60,000 کەسییە لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن کە تاڕاده‌یه‌ك بەتەواوی پەکخراوە.

چالاکوانی میدیایی حەڵەب، فەیسەڵ ئەحمەد، بە دیارونای وت: "بارودۆخی رەستەنە لە هەموو روویەکەوە خراپە، کە تاڕاده‌یه‌ك هەموو کارێك وەستاوە، بەتایبەتی بازرگانی و کشتوکاڵ."

وتی له‌پاڵ ئەوەشدا فەرمانبەرانی حکومەت موچەکانیان پێنەدراوە.

هەروەها وتی قوتابخانەکان لە شارەکەدا رووبەڕووی سەختی بوونەته‌وە و ئاماژەشی دا بەوەی لەوانەیە بوەستن بەهۆی نه‌بوونی کەلوپەل و سەرچاوە و پەرتوکەوە.

ئەحمەد وتی: "تەنانەت منداڵان لەسەر زەوی دادەنیشن لە قوتابخانەكاندا کە تەنیا هێنده‌ چاککراونەته‌وە تا بتوانن پێشوازی له‌ خوێندکاران بكه‌ن."

وتیشی سەرەڕای لەژێر گەمارۆدا بوون لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە، هەڵکەوتەی شوێنی رەستەنە کێشەکانی زیادترکردووە کە شارەکە دوورە لەو رێگایانەی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەکاریدەهێنن بۆ گەیاندنی هاوکاری.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500