هەرچەندە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە ئاشکرا شەڕکەرانی قەدەغەدەکات لە بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە ماده هۆشبهرهكانهوه، بەڵگەی زۆر هەن بەکارهێنانی مادەی هۆشبهر زۆر باوە لەنێویاندا، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.
وتیان هێزەکانی عێراق دەستیانگرتووە بەسەر بڕێكی زۆری مادەی هۆشبەردا کە لە حەشارگەکانی داعشدا دۆزیویانەتهوە یان لە جلوبەرگی شەڕکەرە مردووەکاندا شاردرابوونهوه.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم کەعود، بە دیارونای وت: "شتێکی نامۆیە بۆ ئێمە ئەگەر مادەی هۆشبەر لە گیرفانی شەڕکەرە کوژراوەکانی داعشدا نەدۆزینەوە."
وتی لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك شەرکەری زیندووی داعش کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە گیراون وادەرکەوتوون لە ژێر کاریگەری مادەی هۆشبەردا بن.
کەعود وتی یەکێك لەو کەیسانە شەڕکەرێکی داعشی سوری بوو كه لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دهستگیركرا لە بهروانه له رۆژئاوای ئەنبار و دەرکەوت لەژێر کاریگەری مادەی هۆشبەردا بوو.
وتیشی: "ئەو چەکدارە کە تەمەنی لە 13 ساڵ زیاتر نەبوو بێهۆشکرابوو، ئاگای لە دەوروبەری نەبوو یان بزانێت چی دەڵێت."
هەروەها وتی کاتێك کاریگەری مادە هۆشبهرهكه لهسهری کەمبووهوە، ئەو مێردمنداڵە وتی سەکردەکانی داعش ئاوی دهرمانتێكراویان داوه بەو و ئەوانی تر تا بیخۆنهوه و پێیان وتوون ئەوە هێزیان پێدەبەخشێت.
وتیشی: "بەدڵنیاییەوە ئاوەکە مادەی هۆشبهری تێدابووە و ئامانجەکەش ئەوە بووە ئەو شەڕکەرانە سەرشێت بکەن کە کوێرانە شەڕبکەن و هەرچییەکی پێیان بوترێت ئەنجامی بدەن بەبێ پرسیارکردن."
بەباشی تۆمارکردنی بەکارهێنانی مادەی هۆشبهر
كهعود وتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبهر لەلایەن داعشەوە بەباشی تۆمارکراوە و ئەمەش یەکێکە لەو رێگایانەی گروپەکە شەڕکەرانی پێدەکاتە هێرشبەری خۆکوژ، کە بتوانن خۆیان و خهڵكی تر بکوژن بەبێ بیرکردنەوە بۆ یەك چرکە.
وتیشی پەنابردنە بەر ئەو شێوازە بنەچەی دوڕوویی داعش دەردەخات کە گروپەکە وا پیشاندهدات بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری قەدەغەکردووە لە کاتێکدا بەنهێنی چاوپۆشی لە بەکارهێنانی مادە نایاساییەکان دەکات بهمەبەستی گهیشتن به ئامانجهكانی خۆی.
ههروهها وتی: "ئەمە نائاسایی نیه، چونكه داعش رێگە بەخۆی دەدات بۆ ئهنجامدانی ههر شتێك."
وتەبێژی پۆلیس، عەقید عەبدولئەمیر رەحمان خەزعەلی، بە دیارونای وت: "ئێمە حەشارگەی گەورەی هێرۆین و حەبی هۆشبهرمان لە شوێنەکانی داعشدا دۆزیەوە لەکاتی ئازادکردنی بێجی و موسڵ و تەلەعفەردا."
وتی: "ئێمە هەروەها مادەی هۆشبەرمان لە گیرفانی شەڕکەرە مردووەکاندا دۆزیەوە."
وتیشی ئەندامانی داعش لەو ناوچانەدا چەندین ئهمباری دەرمانیان تاڵانکردووە و حەبی ئارامکردنەوە و سڕکردن و ئازارشکێنیان دزیوە.
هەروەها وتی سەرەڕای دزینی دەرمانی پزیشکی بۆ بەکارهێنانی ناپزیشکی، دەرمانی نایاساییش دۆزراونەتەوە لەکاتی هێرشەکانی عێراقدا بۆسەر حەشارگەکانی داعش و ئاماژەشی دا بەوەی باوەڕی وایە زۆربەی شەڕکەران مادەی هۆشبەریان لە سوریاوە دەستکەوتووە.