هێزەکانی سوریای دیموکرات گەمارۆی سەر ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان چڕکردەوە یەکشەممە (1 تشرینی یەکەم) کە لە نەخۆشخانەی میللی دەورەدراون کە یەکێکە لەدوایین ناوچەکانی ژێردەستی داعش لە شارەکەدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ئهم هاوپەیمانێتییه عەرەبی کوردییه داعشی لە لهسەدا 90ی ئەو شارەی باکور وەدەرناوە بەڵام ئەندامانی گروپەکە هێشتا حەشارگەیەکیان بەدەستەوەیە لە ناوەڕاستی شارەکەدا.
کەمتر لە 150 مەتر لە رۆژئاوای نەخۆشخانەکەوە شەڕکەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکشەممە لە نهۆمی چوارەمی بینایەکی داڕوخاودا جێگیربوون کە بەسەر نەخۆشخانەکە و ناوچەیەکی چۆڵدا دەڕوانێت.
ناوناوە چەکی قورسیان دەتەقاند لەو باڵەخانە گەورەیەی دواتر بەوریاییەوە چاودێریکرا بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی تەقەی وەڵامدەرەوە.
فەرماندەیەکی نێوخۆ لە ئەنجومەنی سەربازیی سریانی سەربە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامانج سریانی، وتی: "ئێمە لە کۆتایی رەققەداین."
وتیشی دوو پێگه ماون: یاریگاكه و چەند بینایەکی کەم و نەخۆشخانەی میللی.
سریانی، 28 ساڵ، وتی شوێنی ئەو نزیکەی 120 مەتر لە نەخۆشخانەکەوە دووربوو کە نیشانگرهكانی داعشیش سەیریان دەکرد.
وتیشی: "قاچی یەکێك لە هاوڕێکانمان لەلایەن نیشانگرێكی داعشەوە پێکرا. ئێمە توانیمان ئەو شوێنە دەستنیشانبکەین کە تەقەکەی لێوەهات و خستمانە خوارەوە."
شەڕکەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و داعش بەدرێژایی رۆژی یەکشەممە رۆکێت و هاوەنیان لەیەکتر گرت و چەند هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانانیش لە سەرانسەری شارەکەدا بیسترا.
شەڕکەرانی کورد و عەرەب لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە جێگیرکراون لە چەند بینایەکی چەند نهۆمیدا کە زۆربەیان بریتین له چوارچێوهی کۆنکرێتیی پاشماوەی باڵەخانەكان.
منداڵ وەك قەڵغان بەکاردێن
بهگوێرهی شهڕكهرانی، ئامانجی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دابڕینی نەخۆشخانەكهی ژێردەستی داعش بوو لە یاریگاکە لە باکوری رۆژهەڵاتەوە بەڵام هێشتا دەبێت بچنەناو یەکێك لەو شوێنانەوه.
سریانی، کە دەڵێت ئەندامانی داعشی بینیوە منداڵیان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە لەنزیك باڵەخانەکە، وتی: "هۆکاری ئەوەی ئێمە هێشتا نەچووینەتە نەخۆشخانەکەوە ئەوەیە کە مەدەنی لێیە."
لە ناوچەیەکی نزیك شوێنەکە شەڕکەرێكی هێزەکانی سوریای دیموکرات، محەمەد سەلمۆ، وتی ئەو بەزۆری ئەرکی چاودێریکردنی نەخۆشخانەکەی پێسپێردراوە بەشەو و گوێی لە دەنگی گریانی منداڵان بووە.
ئەو شەڕکەرە لاوه بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە له چاودێریكردنداین و چاوەڕێی فەرمان دەکەین بۆ هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەکە. ئەگەر ببینین هەرکەسیك لەوێ بێتەدەرهوه، دهكوژرێت."
"ههركه نەخۆشخانەكهمان گرت، کۆتایی دێت. ئەمە گرنگە چونکە شەڕکەرانی زۆری داعش لەوێن."
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە خۆی و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە مەدەنیەکان لەناو نەخۆشخانەکەدا وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردێن.