تێرۆریزم

هۆزەکانی ئەنبار ئامادەکاریدەکەن بۆ بەرگرتن بە هاتنی داعشی نوێ

خالید تائی

image

چەکدارانی هۆزەکان بەشداریدەکەن لە راهێنانی سەربازی بۆ خۆئامادەکردن بۆ شەڕ دژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش). [وێنەكه‌ لە پەیجی فەیسبوکی فەوجی حەشدی خێڵه‌كی حەدیسە وەرگیراوە]

سەرچاوە خێڵه‌كیه‌كان بە دیارونایان وت هێزەکانیان لە پارێزگای ئەنبار لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەك دوای ئەوەی راپۆرتەکان دەڵێن چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەرەو ناوچەکانیان دەچن.

بەگوێره‌ی ئه‌ندامانی خێڵه‌كان، هێزەکانی پشتیوانی داعش گەیشتونەتە ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکەدان لە ناوچە دووردەستەکانی رۆژئاوای ئەنبار.

دەڵێن ئەوانە "یەکەم قافڵەی" چەکدارن کە دەگەنە ئەو ناوچانە دوای ئەوەی ڕێکەوتنێك ئەنجامدرا لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و داعشدا.

رێکەوتنەکە، کە کاردانەوەی بەرپرسانی عێراقی لێکەوتەوە، ڕێگەی کردەوە بۆ گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە ناوچەکانی دەوروبەری عەرسال لە لوبنان بەرەو ناوچەکانی سوریا کە لەسەر سنووری عێراقن.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كه‌عود، وتی: "ئێمە زانیاری پشتڕاستکەرەوەمان هەیە کە هەندێك لە تیرۆریستەکان گەیشتونەتە ناوچەکانی عێراق"

وتی: "ئێمە ژمارەی تەواوەتییان نازانین."

كه‌عود بە دیارونای وت زانیویەتی چەکدارانی داعش هەوڵیانداوە بچنە حوسەیبە تەنیشت شارۆچکەی قائیم، بەڵام ئەو چەکدارانەی کە ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ دەکەن رێگەیان نەداون لەوێ لابدەن بۆ چەند هۆکارێکی نەزانراو.

وتی: "دواتر چوون بۆ ئەو ناوچانەی تەنیشتی کە لە ژێر دەستی داعشدان، وەك راوە، عه‌ننه‌ و عەکاشات و لەوێ نیشتەجێبوون."

كه‌عود وتی: "ئەم زانیارییە زەنگێك بوو بۆ ئێمە وەك پیاوانی خێڵه‌كان و خۆمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەگەری هەر چالاکیەکی تیرۆریستی بدەینەوە کە مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی پارێزگاکەمان."

وتی له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە "زۆر باش ئامادەن بۆ پاراستنی ناوچە رزگارکراوەکان."

كه‌عود وتی ئەو لەگەڵ رێکەوتنەکەی حیزبوڵڵا و داعشدا نییە.

رونیشیكرده‌وه‌: "عێراق چەندین قوربانی بە خوێنی رۆڵەکانی داوە بۆئەوەی مەترسی تیرۆریستی نەهێڵێت و بەربگرێت بە چوونیان بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان."

وتی: "به‌پێچه‌وانه‌وه‌، رێکەوتنەکە رێڕەوی ئه‌مین دەکاتەوە بۆ تیرۆریستەکان و دەیاننێرێت بۆ سنوورەکانی وڵاتەکەمان لە بری ئەوەی شەڕیان لەدژ بکەن و لەناویان بەرن."

رەوشی ئامادەباشیی بەردەوام

سەرۆکی خێڵی جەغایفە کە لە دژی داعش شەڕدەکات لە شاری حەدیسە، شێخ غازی نافی جوغەیفی، وتی: "هێزه‌ خێڵه‌كییه‌كان لە رەوشی ئامادەباشیی بەردەوامدان."

جوغەیفی بە دیارونای وت: "رەوشی ئەمنی لە پارێزگاکەدا بە دەستێكی پۆڵایینەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. هێزەکانی فەرماندەیی جەزیرە، فیرقەی حەوتی سوپا و پیاوانی خێڵه‌كان هەموو ئامادەن ده‌ستبه‌كاربن."

وتی: "ئێمە چەندین شەڕمان کردوە دژی تیرۆریستەکان و هەڵمەتی زۆرمان لە دژیان ئەنجامداوە کە تێیدا سەرکەوتوو بووین."

جوغەیفی وتی رەوشی چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی گروپەکەدایە لە ناوچە دوورەکانی رۆژئاوای ئەنبار "زۆر لەرزۆکە".

وتی: "لە ئەنجامی ئەو شکستانەی روبەروویان بۆتەوە، لەم دواییانەدا لە تەلەعفەر وەکو جاران توانایان نەماوە و ناتوانن ئۆپەراسیۆنی هێرشبه‌ری گەورە ئەنجامبدەن. ئەوان ناتوانن یەك سانتیمەتری ناوچە رزگارکراوەکان بگرن."

دەرئەنجامە خراپەکانی رێکەوتنەکەی حیزبوڵڵا

شرۆڤەکاری ئەمنی، جاسم حەنون، بە دیارونای وت رێکەوتنەکەی حیزبوڵڵا "رێگەی خۆشکرد بۆ گواستنەوەی لانیکەم 790 چەکداری داعش و خێزانەکانیان" لە ناوچە شاخاویەکانی سەر سنوورەکانی لوبنان.

وتی چەکدارەکان لوبنانیان بە سێ قافڵە بەجێهێشت.

وتیشی: "یەکەم قافڵە 300 چەکدار و خێزانەکانیان بوون کە له‌ڕێگای زەمینییه‌وه‌ رۆشتوون و ئێستا گەیشتونەتە سنووری نێوان سوریا و عێراق لە ئەنبار."

دوو قافڵەکەی دیکە ویستیان بگەنە هەمان شوێن، بەڵام فڕۆکەکانی هاوپەیمانان رێگرییان کرد لە چوونیان بۆ ئەو شوێنە و ناچاریانردن رێگا بگۆڕن بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش لە سوریا.

وتی رێکەوتنەکەی حیزبوڵڵا "جێگای شۆك بوو، چونکە مەترسی راستەوخۆی هەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان و ئەو یاسایانەی شکاند کە تایبەتن بە مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکانی وەکو داعش".

حەنون وتی: "عێراقیەکان سەرسوڕماون لەوەی هەندێك لایەن هەن مامەڵە لەگەڵ تیرۆریستەکاندا دەکەن و رێکەوتنیان لەگەڵ دەکەن، لەکاتێکدا [عێراقیەکان] گەمارۆیاندەدەن و دژی ئەو دوژمنانە شه‌ڕده‌كه‌ن و دانوستان لەگەڵیاندا شەرمەزار دەکەن."

وتیشی: "زۆر نیگەرانین به‌رامبه‌ر دەرەنجامی رێکەوتنەکە، بۆیە ئێستا خێڵه‌كان و هێزەکانی ئاسایش دەبێت هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسیە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)