لە رۆژانی داهاتودا پۆلیسی نەینەوا بەخێرهاتنی ژنانی زیاتر دەکات لە ریزەکانیدا.
بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقیەوە پهسهندكراوه و بەشێکە لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ سهپاندنی ئاسایش لە پارێزگاکە لە دوای شکستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
سەرۆکی پۆلیسی نەینەوا عەمید وەسیق حەمدانی بە دیارونای وت کە هاندانی ژنان بۆ ئەوەی بێنە ریزەکانی پۆلیسەوە بیرۆکەیەکی نوێ نییە.
وتی: "بهڵام ئێمە ئەمڕۆ دەمانەوێت جێبەجێی بکەین بە کردەوە بە پێكهێنانی بەرنامەیەکی تایبەت کە یارمەتی ژنانی دەرچوانی پۆلیسی بە توانا بدات."
وتیشی پۆلیسی نەینەوا ئهمه رێکدەخات و خولی راهێنانی پێشکەوو بۆ ژنه بهشداربووهكان بەشێك دەبێت لە بهرنامهكه كه تیایدا شارەزایانی بیانی و عێراقی وانه دهڵێنهوه.
چەندین رۆڵ بۆ ژنانی پۆلیس
حەمدانی وتی هێزەکانی پۆلیس دهناڵێنن بهدهست نهبوونی ژنانهوه له ریزهكانیاندا.
وتیشی: "ئێمە ئێستا 24 ژنمان هەیە لە هێزەکانی پۆلیسدا." ههروهها وتی: "پێویستمان بە 100 ژنی پۆلیس هەیە."
وتی: "ئێمە زۆر پێویستمان بە ژنی پۆلیسی راهێنراو هەیە بۆ ئەوەی ژنان بپشكنن كاتێك سهردانی دەزگاکانی حکومەت دهكهن."
وتیشی ژنان دەتوانن راهێنانیان پێبکرێت بۆ چاودێریکردنی تۆڕی تاوانبارە ژنەکان و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و هاوکاری دەستگیرکردنیان بن.
وتی ژنان پێویستە بەشدار بن لە زۆربەی بەشەکانی دیکەی هێزەکانی پۆلیسدا، وەکو ناسنامە، پاسپۆرت و بەشەکانی هاوتوچۆ، هەروەها لە بەڕێوەبردنی بەندیخانە و چاودێریکردنی چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤدا.
ئەندامی کۆمیتەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب، وتی: "بەڕاستی ئێمە بەشداری ژنانمان كهمه بۆ راگرتنی ئاسایش."
شهبیب بە دیارونای وت: "هەر جوڵەیەك کە بەشدارییان زیاتربکات ئەرێنیە و بەخێرهاتنی دەکەین، چونکە بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاسایشی شارەکانمان و پاراستنی هاوڵاتیانمان."
بەر لەوهی داعش دهستبگرێت بهسهر موسڵدا، ژنان لە خزمەتگوزاریی پاراستنی دامودهزگاكاندا خزمەتیان دەکرد، کە ئەرکیان پاراستنی بینا حکومیهكانی عێراق و كهلوپهل و كارمهندانیان بوو.
شەبیب وتی: "ئێستا، دوای رزگارکردنی موسڵ، دەبێت ژمارەیان زیاتر ببێت و بەشدارییان لە خزمەتکردنی وڵاتەکەیاندا بەرفراوان بکرێت."
قهڵاچۆكردنی ئایدۆلۆژیای داعش
شەبیب وتی گرنرگە ئاستی هۆشیاری بەرزبکرێتەوە لەسەر گرنگیی هەبوونی ژنان لەناو پۆلیسدا و بەشدارییان لە فهراههمكردنی ئاسایش و راگرتنیدا.
شارەزای بواری ئاسایش، جاسم حەنون، بە دیارونای وت: "ژنان تواناکانی خۆیان سهلماندووه لە زۆر بوار و پیشەدا."
وتی ئەوان ئێستا بەشێكی سەرەکین لە خزمەتگوزاریەکانی ئاسایش و پۆلیس لە زۆر دامودهزگای حکومیدا، لهوانه هەواڵگری و کاروباری مەدەنی و فهرمانگاكانی پەیوەندیكردن.
وتیشی: "لەبەرئەوەش پێویستیی زۆر هەیە بهوهی ژمارەی ستافی ژنان زیاتربکرێت لە پۆلیسی نەینەوا و پشت بەستن بە تواناکانیان."
ههروهها وتی:" بەشداریی بەرچاوی ئەوان، بەتایبەتی ئێستا کە پارێزگاکە هاتۆتە دەرەوە لە قۆناغی تاریکی تیرۆریزم، زۆر گرنگە پاڵپشتی ئاسایش بکرێت بۆ کەمکردنەوەی چالاکیە تیرۆریستیەکان."
حهنون وتی ئهم بەشداربوونه دەتوانێت هاوکاربێت له "بەدواداچون و دهستگیركردنی ژنانی تیرۆریست، چاودێریكردنی ئهو ژنانهی دهشێت كهوتبنه ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیای داعش و هەروەها شەڕی تاوانە کۆمەڵایەتیەکان و توندوتیژی دژ بە ژنان بكهن."