رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە شکستێکەوە بەسەر شکستێکی تردا دەکەوێت هەرکە هێزەکانی عێراق لە دوایین پێگەکانی لە ئەنبار نزیكدەبنەوە.
لە 31 ئابەوە، کاتێك هێزەکانی عێراق ئازادکردنی تەواوی تەلەعفەریان راگەیاند کە پێگەی سەرەکیی شارنشینی گروپەکە بوو لە باکوری عێراق، هەموو چاوەکان كهوتنهسەر ئەنبار کە شەڕ ئەنجامدەدرێت بۆ ئازادکردنی قائیم و راوە و عهننە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، لیوا قاسم محەمەدی، وتی: "داعش لە لێواری روخاندایە لەدوایین ئهو پێگه بههێزانهی لهژێردهستیدا ماوە لە قەزای قائیم، راوه، عهننە و عەکەشات" لە روتبە.
محەمەدی بە دیارونای وت: "شەڕی کۆتایی بەڕێوەیە و ئێمە تەنیا چاوەڕوانی گڵۆپی سەوز دەکەین لەلایەن سەرەکوەزیرانهوه، حەیدەر عەبادی."
![هێزەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی ناوچە ماوەکانی ئەنبار لە دەستی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا. [سەیف ئەحمەد/دیارونا]](/cnmi_di/images/2017/09/13/9456-iraq-anbar-battles-600_384.jpg)
هێزەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی ناوچە ماوەکانی ئەنبار لە دەستی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا. [سەیف ئەحمەد/دیارونا]
وتیشی یەکە سەربازیەکانی سوپا، پۆلیسی ئەنبار و هێزه خێڵهكیهكان بەشداردەبن لە شەڕەکەدا لەگەڵ پشتیوانی ئاسمانی لەلایەن هاوپەیمانان و هێزی ئاسمانی عێراقهوه.
هەروەها وتی: "هەموو شتێك گۆڕاوە بۆ داعش." ئاماژەشی دا بە سەرکەوتنەکانی سوپا لە موسڵ و تەلەعفەر و ئەو ژمارە زۆرەی سەرکردەی داعش کە کوژراون یان بۆ سوریا هەڵهاتوون.
دابینکردنی ئاسایش بهدرێژایی سنور
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، لیوا محەمەد فەلاحی وتی: "سەرکردە سەربازیەکانی عێراق بەشدارییان لە شەڕه سەرەکیهكاندا کردووە بۆ ئازادکردنی موسڵ، فەلوجە، تەلەعفەر و شارەکانی تر لە پارێزگای ئەنبار و ئامادەکارییان کردووه بۆ شەڕی ئازادکردنی حەویجە و شارە ماوەکانی تری فوراتی سەروو.
فەلاحی بە دیارونای وت: "شەڕی داهاتوو جەختدەکاتە سەر ئازادکردن و پاککردنەوەی رۆژئاوای ئەنبار و دابینکردنی ئاسایش بهدرێژایی سنور لەگەڵ سوریا."
وتیشی یەکە سەربازیەکان بەرەوە قائیم و راوە و عهننە پێشڕەویدەکەن لەکاتێکدا خەڵکی مەدەنی دەگوازنەوە و بەرەو کەمپەکانیان دەبەن، کە لهوێ خۆراك و دەرمانیان بۆ دابینکراوە.
هەروەها وتی: "داعش سەدان خێزانی مەدەنی دەستبەسەر کردووە لە رۆژئاوای ئەنبار و وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریهێناون بۆ نزیکەی سێ ساڵ."
وتیشی سوپا راڕەوی سەلامەت بۆ ئەو خێزانانە دابیندەکات بۆئەوەی ماڵەکانیان بەجێبهێڵن لەپێش شەڕەکەدا.
بەشادریکردنی خێڵەکان
فەرماندەی حەشدی عەشایەری لە قەزای بەغدادی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، وتی: "شەش لیوای پڕ کەلوپەل و مەشقپێکراو و پڕ چەککراو کە لە شەڕکەره خێڵهكیهكان پێكهاتوون، بەشداریدهكهن له شەڕی ئازادکردنی رۆژئاوای ئەنبار و پاراستنی خاکەکەیدا."
سەمەرمەد بە دیارونای وت: "شەڕکەره خێڵهكیهكان لە بەرەکانی پێشەوە دەبن، شەڕدەکەن و شانە تیرۆریستیەکان تێکدەشکێنن و پشتیوانی هێزە زەمینیەکان دەکەن كه پێشڕەویدەکەن بەرەو سنوری سوریا."
وتیشی ئەو هێزە ئەمنیانەی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن هەروەها پشتیوانی دەکرێن بە هێزی تایبەت کە بینا بۆمڕێژکراوەکان و موشەك و ئامێری تەقەمەنی پوچەڵدهکەنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی یەکە سەربازیەکان بتوانن بە سەلامەتی و خێرایی پێشڕەویبکەن.
فەرماندەی هەڵۆکانی بیابان لە ئەنبار، عەقید شاکر ریشاوی، وتی هێزە هاوبەشەکان لە قەزای روتبەو دەروازەی وەلیدەوە پێشڕەویدەکەن بەرەو قائیم، لهكاتێكدا هێزی تر لە هیتەوە بەرەو راوە پێشڕەویدەکەن.
وتیشی: "هێزەکانی عێراق لیوا سەربازیەکانیان لە حەدیسە و کوبەیسەوە بەرەو ناو دڵی عهننە و قائیم دەجوڵێنن کە ستراتیژییەکی سەربازیی سەرکەوتوو دەبێت بۆ دەورەدان و تێکشکاندنی داعش کە هەوڵدەدات بەرەو بیابان هەڵبێت."
هەروەها وتی دوابەدوای ئەنجامدانی شەڕی ئازادکردنەکە، هێزی پاسەوانی سنور، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە و شەڕکەره خێڵهكیهكان بەرپرسدەبن لە دابینکردنی ئاسایشی دۆڵهكان، ناوچە بیابانیەکان، ئەشکەوت و دەشتاییەکان کە دهشێت ببنە حەشارگە بۆ شەڕکەرانی داعش.
وتی: "سەرکەوتنەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی عێراق دژی تیرۆریستان یارمەتیدەردەبن بۆ بردنەوەی شەڕەکە بۆ پاککردنەوەی بەشە ماوەکانی رۆژئاوای ئەنبار و لاوازکردنی توانای شەڕکردنی داعش و بەتەواوی تێکشکاندنیان."