هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سوپای عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی حەویجە

خالید تائی

لە وێنەیەکدا کە 9 ئازار بڵاوکرایه‌وە، پیاوە عەشایەرەکانی حەویجە دەبینرێن کە بەشداری لە خولێکی راهێناندا دەکەن. هێزه‌كانی عێراق و هێزه‌ خێڵه‌كیه‌كان ئێستا ئامادەکایده‌كه‌ن بۆ هێرشێك بۆ ئازادکردنی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنە: پەیجی فەیسبوکی فەرماندەی هێزە خێڵه‌كیه‌كانی حه‌ویجه‌، شێخ وەسفی عاسی]

لە وێنەیەکدا کە 9 ئازار بڵاوکرایه‌وە، پیاوە عەشایەرەکانی حەویجە دەبینرێن کە بەشداری لە خولێکی راهێناندا دەکەن. هێزه‌كانی عێراق و هێزه‌ خێڵه‌كیه‌كان ئێستا ئامادەکایده‌كه‌ن بۆ هێرشێك بۆ ئازادکردنی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنە: پەیجی فەیسبوکی فەرماندەی هێزە خێڵه‌كیه‌كانی حه‌ویجه‌، شێخ وەسفی عاسی]

هێزەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ شەڕی وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە دوایین قه‌ڵایدا لە شاره‌كانی عێراق، بەرپرسێکی ناوخۆ بە دیارونای وت.

حکومەتی عێراق هەینی (1 ئەیلول) پلانی ئەنجامدانی هێرشێکی رایگەیاند بۆ گرتنەوەی شاری حەویجە لە پارێزگای کەرکوك، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، رۆژێك دوایئەوەی هێزەکانی عێراق سەرکەوتوو بوون لە گرتنەوەی تەلەعفەر.

هێزەکانی عێراق ئێستا داعشیان لە تەواوی سنورەکانی عێراق وەدەرناوە جگە لە حەویجە و سێ حەشارگە لە پارێزگای ئەنبار لە نزیك سنوری سوریا.

لەگەڵ نزیکبونەوەی شەڕەکەدا هێزی ئاسمانی عێراق چەندین نامەی بەسەر حەویجەدا خستۆتەخوارەوە و دانیشتوانی ئاگادارکردۆتەوە کە سەرکەوتنی عێراق بەڕێوەیە و ئامۆژگارییان ده‌كات دووربکەونەوە لە گروپه‌كانی شەڕکەرانی داعش، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند.

نامەکان دوو بژاردە دەدەنە شەڕکەرانی داعش: خۆبەدەستەوەدان یان مردن.

هێرشی سەر حەویجە لەلایەن هێزە هاوبەشەکانه‌وه‌ ئەنجامدەدرێت کە پێكدێت لە هێزی سەربازی عێراق و خێڵه‌كان بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، بورهان عاسی، سێشەممە (5 ئەیلول) بە دیارونای وت: "ئێمە پێشبینیی شەڕێکی کورتخایەن دەکەین."

وتیشی: "راستە داعش ناوچەیەکی نزیکەی نیوەی پارێزگای کەرکوکی لەژێدەستدایە، کە حەویجە ناوەندەکەیەتی، بەڵام بەگشتی ناوچەیەکی گوندنشینه‌ کە ئاسان دەبێت بۆ ئازادکردن. دانیشتوانی ئەو ناوچانە، بەپێی سەرچاوەکانی ئێمە، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی شەڕەکە دەکەن بۆ ئازادکدنی ناوچەکانیان."

هەروەها وتی دانیشتوانه‌كه‌ "لەهەر دواکەوتنیك دەترسن کە ده‌شێت خۆشییه‌كه‌یان بکات بە نائومێدییه‌كی نوێ" و ئاماژەشیدا به‌وه‌ی كه‌ "ئەوان پێشتر بیستیان كه‌ هێرشێك به‌ڕێوه‌یه‌ بەڵام هەرگیز ئەنجامنەدرا."

وتیشی: "لەگەڵ تێپەڕینی هەر رۆژێك، ئازاری خەڵکه‌كه‌ زیاتر دەبێت. داعش تاوانی لە دژیان ئەنجامداوە بۆ زیاتر لە سێ ساڵ و دەستدێژیەکانیان بەردەوام له‌زیادبووندایه‌."

رێکارەکانی پاراستنی مەدەنیەکان

عاسی داوای لە هێزه‌ سەربازییه‌كان کرد راڕەوەی سەلامەتی پێویست دروستبکه‌ن بۆ رێگەدان بە خەڵکی گیرخواردوو تا هه‌ڵبێن پێشئەوەی شەڕەکە دەستپێبکات.

وتیشی: "خەڵکی مەدەنی زۆری لێیە، لانیکەم 100,000 کەس بە هەموو ئەگەره‌كان. هەموو رێکاریکی شیاو پێویستە بگیرێتە بەر بۆ پاراستنیان و رێگەنەدرێت وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنرێن لەلایەن تێرۆریستانەوە."

عاسی وتی: "هەندێك لەو خەڵکە ناچارکراون لە شارەکەدا بمێننەوە و دەستدرێژییان بكرێته‌سه‌ر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ چونکە کێڵگە و ئامێری بەنرخی کشتوکاڵی و کێڵگەی گەورەی بەخێوکردنی ئاژەڵیان هەیە."

وتیشی: "هیوادارین شه‌ڕه‌كان کارنەکه‌نه‌ سەر ژیان و سامانی دانیشتوان."

سەبارەت بە شەڕکەرانی داعش، عاسی وتی: "راپۆرتەکان دەریدەخەن کە ئەوان لە دۆخێکی دەروونیی خراپدان و وره‌یان شكاوه‌ لەئەنجامی ئەو هەموو دۆڕانەدا."

هەروەها وتی: "بەڵام ئەمە بە ئاشکرا پیشانی خەڵك نادەن" بەڵکو "واپیشاندەدەن هێشتا تەواو بەهێزن بۆ تیرۆرکردنیان."

وتیشی رزگاركردنی حەویجە گەورەترین سەرچاوەی مەترسی لەناودەبات بۆ شارەکانی دەوروبەری، كه‌ دیارترینیان کەرکوك و تکریت و سامەڕان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500