هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پشتیوانیکردنی هەژاراندا

وەلید ئەبو خەیر لە قاهیرە

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە ئاسانکاری دەکات لە گەیشتنی خۆراك و هاوکاری بە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لە رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) ئازادکراون. [خاوەنی وینە: عەبدولسەلام حەمسۆرك]

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە ئاسانکاری دەکات لە گەیشتنی خۆراك و هاوکاری بە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لە رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) ئازادکراون. [خاوەنی وینە: عەبدولسەلام حەمسۆرك]

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە لە نیسانەوە کۆمەکی پێویستی دابینکردووە بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئازادکراون و ئەو ئاوارانەی لە ناوچەکانی شەڕ و مەترسی لەسەر هەڵهاتوون.

ئەنجومەنەکە لە 18 نیسان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراته‌وه‌ دامەزراوە لە شارۆچکەی عەین عیسا، بەدوری نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باکوری رەققەوه‌.

ئەنجومەنەکە کۆمەکی تەندروستی و فریاگوزاری دابیندەکات بەڵام هەر 14 لیژنە هەمیشەییەکەی روبەڕووی ئاستەنگ بوونەته‌وە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خەڵکی ئاوارەوه‌ بەهۆی شەڕی ئازادکردنی رەققەوە.

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە بە هاوسەرۆکیی پیاوێك و ژنێك بەڕێوەدەبرێت و سێ جێگریش لەخۆدەگرێت کە دەبێت یەکێکیان ژن بێت. سێ جێگرەکە ئاڵوگۆڕ بە پۆستەکانیان دەکرێت لە سکرتێرو بڕیاردەر و خه‌زنه‌دار.

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە کۆمەکی پێویست دابیندەکات بۆ ئەوانەی ئاوارەبوون لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ه‌وه‌ و بۆ دانیشتوانی ناوچە ئازادکراوەکان. [خاوەنی وێنە: عەبدولسەلام حەمسۆرك]

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە کۆمەکی پێویست دابیندەکات بۆ ئەوانەی ئاوارەبوون لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ه‌وه‌ و بۆ دانیشتوانی ناوچە ئازادکراوەکان. [خاوەنی وێنە: عەبدولسەلام حەمسۆرك]

خۆراك و کۆمەکی تەندروستی

بەڕێوەبەری ئۆفیسی رێکخراوە مرۆییەکانی ئەنجومەنەکە، عەبدولسەلام حەمسۆرك، بە دیارونای وت، ئۆفیسی رێکخراوە مرۆییەکانی ئەو ئەنجومەنە "بەرپرسە لە هەموو کێشەکانی پەیوەست بە ئاوارە و دانیشتوانی خۆجێیی لەو ناوچانەی لەلایەن ئەنجومەنەکەوە به‌ڕێوه‌ده‌برێن."

وتیشی خۆراکی سەرەتایی و چاودێری تەندروستی و پێداویستیەکانی تر دابیندەکات، ئاماژەشی بەوەدا کەمپ داده‌مه‌زرێنێت بۆ ئەو ئاوارانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش هەڵدێن.

هەروەها وتی هیچ ژمارەیەکی ورد نیە سەبارەت بە سودمەندبووانی خزمەتەکانی ئۆفیسەکە جگە لە کەمپی عەین عیسا کە لە لایەن ئەنجومەنەکەوە بەڕێوەدەبرێت کە لە ئێستادا 8,200 ئاوارە لەخۆدەگرێت.

وتیشی چێشتخانە کۆمەکبەخشەکە کە سەر بە ئەنجومەنەکەیە ژەمە خۆراکی رۆژانە پێشکەش دەکات لە کەمپەکە و 3,200 به‌سته‌ نان بەبەلاش دابەشدەکات.

وتی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کۆمەکەی لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکانەوە دابینکراوە بۆ کەمپەکانی تر بەش ناکات.

زۆربەی کۆمەکی بەردەست لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانەوە دێت کە بەزۆری بەدەم داواکاریی نوسینگەی رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە ئەنجومەنەکەوە دێن.

ئەو رێکخراوانە پێكدین لە فورات، مەوەددە، رێکخراوی پەرۆش و کۆمەکی نێودەوڵەتی و گەشەسەندن لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای ئاوارەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی کۆمەکی منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی منداڵپارێز و بیهار، لەگەڵ ئەوانی تر.

حەمسۆرك وتی: "لەڕووی تەندروستییەوە، هەمانهەنگیمان لەگەڵ رێکخراوی مانگی سوری کوردی و لقە فەڕەنسی و هۆڵه‌ندییه‌كانی دکتۆرانی بێسنوردا هەیە."

خۆبەخشان بێوچان کاردەکەن

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنەکە، شادان هوەیدی، بە دیارونای وت لیژنەکەیان سەرتاپا لە خۆبەخشان پێکهاتووە.

وتیشی: "ئێمە ئەو خۆبەخشانەین کە بێوچان کاردەکەین بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی ناوچە ئازادکراوەکان و ئەو ناوچانەی هێشتا ئازادنەکراون."

هەروەها وتی لیژنەکە سەرپەرشتی کەلوپەلی تەندروستی دەکات لە ناوچە ئازادکراوەکانی دەوروبەری رەققە و لە شەش کەسی پسپۆڕی جیاواز پێكدێت لەنێویاندا پزیشك و دەرمانساز و کارگێڕ.

وتیشی لیژنەکە هەماهەنگی دەکات لەگەڵ رێکخراوە تەندروستی و ناتەندروستیە نێودەوڵەتیه‌كاندا بۆ خزمەتکردنی دانیشتوانی رەققە.

هوەیدی وتی: "ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیمان پێدان سەبارەت بە بارودۆخی دەوروبەری رەققە، لەنێویاندا ئەگەری چاککردنەوەی زیانی ناوه‌نده‌ [تەندروستیەکان] و بنکەی گرنگی چاودێری فریاگوزاری سەرەتایی."

وتی ده‌بوو له‌ هه‌له‌كانی مەشقپێکردنی کادێری تەندروستی بكۆڵێته‌وه‌، لەنێویاندا پزیشك و یاریدەر و برینپێچ، بۆ دابینکردنی کارمەند بۆ ئەو بنکانە.

هەروەها وتی بەداخەوە پشتیوانیی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیانە سنوردار کراوە.

وتیشی لەبەر ئەوە لیژنەکە، لەگەڵ ستافی پزیشك و یاریدەدەری زۆر بە ئەزمون، زۆربەی بنکەی تەندروستی و فریاگوزاری سەرەتایی به‌ خۆبەخشانە کردەوە بۆ دابینکردنی داواکاری بە پەلەی ئەو ناوچانە.

هوەیدی وتی: "لیژنەکە لە 17 ئاب کۆتاییهێنا بە هەڵمەتێکی كوتانی ئیفلیجیی منداڵان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی کۆمەکی منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە نزیکەی 105,000 منداڵ كوتران."

هەروەها وتی هه‌ندێك نه‌خۆشیش بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ دەردی لایشمانیا و گرانەتا و مێکوتە و وتیشی كه‌ "هۆشداری دەدات و داوادەکات جیهان بەرپرسیارێتیی سەرشانی هەڵبگرێت سەبارەت بە خەڵکی ئێمە".

وتی: "لیژنەکە کێشەی کەمی بنکەی چاودێری فریاگوزاری سەرەتایی هەیە کە لە نزیك ناوەندی بنکەی چاودێری بێت و پێویستی بەپەلەی بە نەخۆشخانەیەکی مەیدانی هەیە."

لێشاوی گەورەی ئاوارە مەدەنیه‌كان

ئەیاد عیسای تەمەن 50 ساڵ، دانیشتوی پێشووی دەوروبەری رەققە کە ئێستا لە کەمپی عەین عیسا دادەنیشێت، وتی کاتێك شەڕەکە توندبوو ئەو ناچاربوو هەڵبێت لەگەڵ خێزانەکەی بۆ ناوچە سەلامەتەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

عیسا بە دیارونای وت: "ئەنجومەنی مەدەنی رەققە هەماهەنگیی كرد بۆ گەشیتنی ئێمه‌ و بردیانین بۆ کەمپیك کە لەوێ خێمەیەکمان پێدرا تا لەناویدا بمێنینەوە، ژەمە خواردنی گەرمی رۆژانە و هەندێك هاوکاری کە جاره‌جاره‌ دابەشده‌کرا لەلایەن هەندێك رێکخراوەوە" بەسەرپەرشتی ئەنجومەنەکە.

وتیشی: "ئەو گوشارەی لەئەنجامی زیادبوونی ژمارەی ئاواەکان کە دەگەنە کەمپەکە هەندێكجار دەبێتە هۆی خاوبونەوەی دابینكردنی کۆمەك."

هەروەها وتی هەندیك لە ئاوارەکان کە خزموکەسیان لە ناوچەکەدا هەیە یارمەتی خێزانە هەژارەکان دەدەن بە تەواوکردنی هەوڵەکانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500