هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ئاوارەکان دەپشکنێت تا داعشە دزەکردووەکان بدۆزێتەوە

خالید تائی

ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق وەستاون بۆ پاسەوانیی ئەندامانی دەستگیرکراوی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی میدیای شەڕی سه‌ربه‌ ئۆپەراسیۆنی نەینەواوە وەرگیراوە]

ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق وەستاون بۆ پاسەوانیی ئەندامانی دەستگیرکراوی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی میدیای شەڕی سه‌ربه‌ ئۆپەراسیۆنی نەینەواوە وەرگیراوە]

ماوەیەکە بەرپرسانی عێراق کاردەکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ئەو ئاوارانەی لە موسڵەوە دێن تا بەربگرن بە هەر ئەندامێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە دەکرێت لەنێوانیاندا بێت.

ماوەیەکە لیژنەی هاوبەش پێکهاتووه‌ لە وەزارەتی ناوخۆ و ستافی ئەمنی بۆ کارکردن لەسەر هەموو کەمپی ئاوارەکان و پشکنینی ناسنامەی ئاوارەکان لە داتابەیسێکدا بۆ ئەندامانی ناسراوی داعش.

راوێژکاری رۆژنامەنووسیی وەزارەت، وەهاب تائی، وتی ئەو داتابەیسە پێکهاتووە لە سەرچاوەی ئەمنی و هەواڵگری، لەگەڵ راپۆرتی پۆلیس کە لەلایەن خەڵکەوە گەیشتووە.

تائی بە دیارونای وت: "ناو و وێنەی تیرۆریستان و وردەکاریی چالاکییەکان و رۆڵی سەرکردایەتیه‌كانیانمان لایە لە پەیکەربەندی داعشدا و دەزانین ئەوانە کێن پشتگیری و پاڵپشتی دارایی تیرۆریزم دەکەن."

وتی: "زۆربەی ئەو زانیاریانە بە هەوڵی پێشکەوتووی هەواڵگری پێمانگەیشتووە لەکاتی فەرمانڕەوایی داعشدا لە موسڵ."

تائی وتی ستافی ئەمنی بەجلی مەدەنییەوە کاریاندەکرد بەنهێنی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەندامانی گروپەکە و چالاکیەکانیان و وێنەگرتنیان هەرکات توانیان.

وتیشی ئەو وێنانەی کۆکراونەتەوە بەکاردەهێنرێن بۆ ناساندنی ئەندامانی داعش و رادەستکردنیان بۆ به‌رده‌م دادگا.

هه‌روه‌ها وتی: "لێکۆڵینەوەکان پشت بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئەلیکترۆنی دەبەستن بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاری تاکەکەسی و بەڵگەنامەکان لەگەڵ ئەوانەی لەناو داتابەیسەکەدا دەربارەی چەکدارەکان هەن، لەگەڵ ناسینەوەی تیرۆریستان بەهۆی وێنەکانیانەوە."

وتیشی ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی زۆر ئەندامی داعش کە خۆیان لەنێو خێزانە هەڵاتوەکاندا شاردبووه‌وە، بۆیە رێگیرا لە دروستبوونی شانەی نوستوو لە ناوچە ئازادکراوەکاندا.

هەروەها بەشداربوون لە پێشکەشکردنی کەشێکی سەلامەت بۆ خەڵکە گەڕاوەکە.

رێگرتن لە دروستبوونی شانەی نوستوو

تائی وتی هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ داعش نیە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو چەکدارانەی توانیویانە لە موسڵەوە هەڵبێن بۆ تەلەعفەر "ئامادەکاری دەکەن بۆ هەڵاتن لە وڵات، بەگوێرەی سەرچاوەکانمان".

پسپۆڕی ستراتیژی و ئەفسەری سوپای عێراق، ئەحمەد شەریفی، بە دیارونای وت پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ئاوارەکان یارمەتیدەربووە لە پلانی رێکخستنەوەدا دوای کەوتنی موسڵ.

وتی: "دوای ئەوەی تیرۆیستان لە شەڕدا شکستیان پێهێنرا، هەوڵیاندا دزەبکەنە ناو خێزانە هەڵاتووەکانەوە لە هەوڵیاندا بۆ خۆڕێکخستنەوە و دەستکردن بە ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستیی شاراوە."

وتیشی بەڵام بەهۆی ره‌وشه‌ ئەمنیەکانەوە، هێزە ئەمنیەکان توانیویانە ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی داعش بگرن لەنێو کەمپی ئاوارەکاندا و شکست بە پلانەکانیان بهێنن بۆ خستنەوەی پشێویی لە ناوچە ئازادکراوەکاندا.

شەریفی جەختیکردەوە لە پێویستی به‌ فراوانکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکانی دژەتیرۆریزم.

وتی: "ئەو داتابەیسەی هەمانە سەرچاوەی دەوڵەمەندی زانیاری تێدایە دەربارەی چەکداران، بەڵام هەموویان نا، بەدڵنیاییەوە، بەتایبەتی ئەو چەکدارە بیانیانەی ناسنامە و پێشینەیان رەنگە زانراو نەبێت."

وتیشی: "دەبێت هەوڵەکانمان دووقات بکەین بۆ گرتن و چاودێریکردنی سەرچاوەکانی تیرۆریزم لەکاتێکدا هانی خەڵکی ناوچەکە بدەین هەر زانیارییەکان هەیە بیدەن."

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەدین عه‌بار، وتی دانیشتوانی موسڵ و ئاوارەکان یارمەتی هێزە ئەمنیەکان دەدەن بە پێدانی زانیاری دەربارەی ئەندامانی داعش و شوێنەکانیان.

وتیشی: "بەمدواییانە چەندین حاڵەت هه‌بووه‌ كه‌ خەڵکی موسڵ ئه‌و ئەندامانه‌ی داعشیان گرتووە کە خۆیان شاردۆتەوە و رادەستی بەرپرسانیان کردوون، کە دەیسەلمێنێت خەڵك تەنیا دەیانەوێت لە ئاشتی و سەلامەتییدا بژین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500