حکومەتی عێراق بهسهختی كاردهكات بۆ بەدەستهێنانی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی شارە ئازادکراوەکان لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
کۆنفرانسێکی سەرەکی بۆ دابینکردنی بودجە بۆ بنیاتنانەوەی عێراق پلانی بۆ دانراوە بۆ سەرەتای 2018 لە کوێت هەرچەندە هێشتا بەروارەکەی دانەنراوە. بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت هیوادارن هەموو ئەو وڵاتانەی بەشێکن لە هاوپەیمانی دژی داعش بەشداری بکەن.
مستەفا هیتی کە سەرۆکی بودجەی بنیاتنانەوەیە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی، وتی بەرپرسانی عێراق داوایان لە وڵاتانی هاوپەیمان، بانکی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی تر کردووە بەشداربوونیان رابگهیهنن.
هیتی بە دیارونای وت: "ئێمە حەزدەکەین ئەو نزیکەی 60 وڵاتەی ناو هاوپەیمانێتیهكه کە یارمەتیمان دەدەن شەڕی دژی داعش بکەین بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بانك و دەزگاکان."
وتیشی: "داوا لەو دەزگایانە دەکەین کۆمەك پێشکەشبکەن لە دابینکردنی خەرجیی بنیاتنانەوە بۆ ئەو شارانەمان کە لەلایەن تیرۆریزمەوه تێکشکان." ئاماژەشیدا دا بەوەی پڕۆژەکانی بنیاتنانەوە جەختدەکەنەسەر خزمەتگوزاریی بنەڕەتی وەك پەروەردە و تەندروستی و وزە.
هیتی وتی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆمپانیا جیهانیە گەورەکانی وەبەرهێنان بانگهێشتدەکرێن بۆ بەشداریکردن لەو هەوڵی بنیاتنەنەوەیەدا و ئاماژەشیدا بهوهی دەرفەتی باشی وەبەرهێنان لە شارە ئازادکراوەکاندا هەیە.
هەروەها وتی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە کۆنفرانسەکە بکاتە چالاکییەکی گەورەی جیهانی و ئامانجی کۆکردنەوەی بودجەکە بەدەستبهێنێت.
نوێنەرانی بودجەی بنیاتنانەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بەشداربوون لە کۆبونەوەیەکی 10 تەمموز لە واشنتۆن لەگەڵ نوێنەرانی 25 وڵات و بانکی جیهانی و لەوێدا زیادکردنی بودجەی بنیاتنانەوە تاووتوێکرا.
بەشداربووان رازیبوون لهسهر بەرزکردنەوەی بڕی ئەو قەرزانەی بانکی جیهانی کە بۆ عێراق تەرخانکران لە 2015 کە خەریکە تەواودەبن لە 350 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 500 ملیۆن دۆلار کە دەبێت بۆ بنیاتنانەوەی شارە ئازادکراوەکانی عێراق بەکاربێت.
دهرچوون له سێبهری داعش
هیتی وتی: "حکومەتی عێراق لەئێستادا جەختدەکاتە سەر دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ شارە ئازادکراوەکان." ئاماژەشیدا بهوهی پلان دانراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی کاری تیرۆریزمەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
هەروەها وتی ئەو قەرەبووە لەوانەیە دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی هەرزان لەخۆبگرێت بۆ ئەوانەی ماڵەکانیان لەدەستچووە.
وتیشی: "وڵاتانی هاوپەیمان پشتیوانیی بێسنوری سەربازییان بۆ عێراق دابینکردووە لە شەڕی دژی داعشدا. بەڵام زۆربەی پلانهكانی [بنیاتنانەوەمان] پێویستی بە بودجە هەیە کە هیوادارین بەدەستی بهێنین لەو کۆنفرانسهدا كه بهڕێوهیه."
ئابوریناس، ماجید سوواری، بە دیارونای وت: "هیوادارین ئەو وڵاتانە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بهڵێنی نوێ بدهن بۆ بنیاتنانەوەی شارە وێرانكراوەکانمان دوای بەدەستهێنانی سەرکەوتن."
سوواری خەرجیی بنیاتنانەوەی بە 100 ملیار دۆلار خەمڵاند کە "نرخێکی گرانە بۆ عێراق و لەبەرئەوە پێویستمان بە جیهانە یارمەتیمان بدات."
پەرلەمانتاری عێراقی، نازم ساعدی، کە سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی پەرلەمانە، وتی کەمیی بودجە گەورەترین کۆسپە كه روبەڕووی حکومەت بۆتەوە.
ساعدی بە دیارونای وت: "ئەو بودجەیەی هەیە تەنیا دەتوانێت چەند پڕۆژەیەکی کەمی بنیاتنانەوە جێبەجێبکات، وەك پڕۆژەی ژێرخانی بەپەلە."
وتیشی پێویستە هەوڵێکی هەمەلایەنەی نەتەوەیی هەبێت بۆ داواکردن لە جیهان کە بەخشش و قەرزی نەرم و شارەزای پێویست دابینبکات بۆ یارمەتیدانی عێراق لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گێڕانەوەی دۆخی ئاسایی و بنیاتنانەوە و دەستکردن بە رزگاربوون له سێبهری داعش.