هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

عێراق دەستدەکاتەوە بە قەرزدان به‌ كاسبكارانی نەینەوا

خاڵید تائی

ئاوارەیەکی عێراقی ریشی تاشیوە لە کەمپی حەمام عه‌لیلی باشوری موسڵ لە 25 ئایار. هەرکە دانیشتوانی ئاوارە دەست بە گەڕانەوە بکەن بۆ موسڵ، ئەوانەی دەیانەوێت بزنسی بچوك دابمەزرێنن یان گەشەی پێبدەن وەك دوکانی دەلاکی دەتوانن جارێکی تر داواکاری پێشکەشبکەن بۆ قەرزەکانی حکومەت. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئاوارەیەکی عێراقی ریشی تاشیوە لە کەمپی حەمام عه‌لیلی باشوری موسڵ لە 25 ئایار. هەرکە دانیشتوانی ئاوارە دەست بە گەڕانەوە بکەن بۆ موسڵ، ئەوانەی دەیانەوێت بزنسی بچوك دابمەزرێنن یان گەشەی پێبدەن وەك دوکانی دەلاکی دەتوانن جارێکی تر داواکاری پێشکەشبکەن بۆ قەرزەکانی حکومەت. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

حکومەتی عێراق له‌ 1 ئاب بەرنامەیەکی قەرزی بۆ بزنسه‌ بچوکه‌كان چالاککردەوە لە نەینەوا دوای وچانێکی سێ ساڵە کاتێك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) روبەرێکی فراوانی پارێزگاکەی لەژێردەستدابوو.

پێشبینی دەکرێت نزیکەی 3,000 دانیشتوو سود لە بەرنامەکە وەربگرن.

یەکێك لەو کەسانەی لەوانەیە سودمەند بێت، حارس حەماد، 42 ساڵه‌ کە دانیشتوی گەڕەکی موسەننای موسڵە و بە دیارونای وت هیواخوازە قەرزەکە مسۆگەربکات بۆ کردنەوەی سه‌رتاشخانه‌یه‌كی پیاوان لەنزیك شوێنی نیشتەجێبونی خۆی.

وتی ئەو پێشتر وەك سەرتاش کاریکردووە بەڵام نەیتوانی لە کارەکەی بەردەوام بێت کاتێك داعش فەرمانڕەوا بوو کە گروپەکە ئەمەی قەدەغەکرد.

وتیشی: "ئەمڕۆ هیوادەخوازم دوکانێكی بچوك بکەمەوە. کاتێك پڕۆژەکە فراواندەبێت دەتوانم سەرتاشی تر بەکرێبگرم بۆ کارکردن لەگەڵ من و دەتوانرێت ببێتە سەرچاوەی ژیانمان."

وتەبێژی وەزارەتی کار، عەمار مونعیم، وتی دوایئەوەی داعش باکوری عێراقی داگیرکرد لە حوزەیرانی 2014، وەزارەتی کار دابەشکردنی قەرزی نەرمی راگرت بۆ دانیشتوانی موسڵ و شارەکانی تری پارێزگاکە.

وتیشی لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەو سه‌رده‌مه‌، خەڵك دەتوانێت جارێکی تر داواکاری پێشکەشبکات بۆ قەرزەکان.

بودجە تەرخانکراوە بۆ قەرزەکان

مونعیم بە دیارونای وت لە ئێستادا 24 ملیار دینار (21 ملیۆن دۆلار) تەرخانکراوە بۆ بەرنامەی قەرزی بزنسی بچوك.

وەزارەتەکە قەرزی تاكه‌کەسیی سێ بۆ هەشت ملیۆن دیناری (2,577 بۆ 6,872 دۆلاری) دابەشدەکات بۆ دابینكردنی دارایی پرۆژەی بزنسه‌ بچوكه‌كان.

مونعیم وتی: "پارە قەرزکردن پەیوەندیی بە چەند مەرج و رێنماییەکەوە هەیە." ئاماژەشیدا به‌وه‌ی پڕۆسەکە ئاسان دەبێت بۆ ئەو دانیشتوانەی نەینەوا کە دەیانگرێتەوە.

وتیشی: "مه‌رجی سیستەمه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئەو بڕە قەرزە بە دوو قیست بدەین بە سودمەندان بەڵام ئێمە بڕەکە بە یەكجار دەدەینە سودمەندانی نەینەوا."

دانیشوانی نەینەوا دەتوانن لەڕێی ئەم پێگەیەوە داواکاریەکان پێشکەشبکەن: /http://www.molsa.gov.iq

بەرپرسی فەرمانگەی پشتیوانیی بزنسه‌ بچوكه‌كان لە وەزارەتی کار، عاتف ئەحمەد عەبدولئەمیر، وتی قەرزەکان دابەشدەکرێن بەسەر 3,000 سودمەندی نەینەوادا، لەنێویاندا 800 دانیشتوی موسڵ.

وتیشی ئه‌وله‌ویه‌ت دەدرێت بەو داواکارانەی زوو داواکارییان پێشکەشکردووە لە بەرنامەی قەرزەکەدا و بەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە. ئاماژەشیدا دا بەوەی كه‌ داواکاریەکان لەبەرچاودەگیرێن لەسەر بنەمای لێهاتوویی ئەکادیمی و رێتێچونی پڕۆژەکە.

هاندانی بوژانەوەی ئابوری

عەبدولئەمیر وتی: "دەمانەوێت ئەو بەرنامەیە یارمەتی دانیشتوان بدات کاربکەن و بەشداربن لە بنیاتنانەوەی شارە ئازادکراوەکان."

وتیشی قەرزەکان دەبێت بە قیستی مانگانە بدرێنەوە لەماوەی پێنج ساڵدا کە یەك ساڵ دوای وەرگرتنی پارەکە دەستپێدەکات.

پێشکەشکردنی داواکاری کراوەیە تا 1 تشرینی یەکەم

عەبدولئەمیر وتی: "ئێمە بودجەمان هەیە کە تەرخانکراوە بۆ بەرنامەی قەرزدانی نەینەوا و ئەگەر بودجەی زیاتر هەبێت ژمارەی قەرزوەرگران زیاد دەکەین."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولڕەحمان وەکاع، وتی راگەیاندنی بەرنامەی قەرزپێدان "هەنگاوێکی راستە لەکاتێکی گونجاودا."

وەکاع بە دیارونای وت: "راگەیاندنەوەی قەرزەکان رێژەی بێکاری کەمدەکاتەوە" کە زۆربەی دانیشتوان کاریان لەدەستدا بەهۆی توندوتیژییەوە.

وتیشی قەرزەکان وەك ئامرازێکی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان خزمەتدەکەن و جەختیشی لە پێویستیی خێرایی بنیاتنانەوە و کردنەوەی هەموو فەرمانگە حکومیه‌كان و بانکەکان لە پارێزگاکەدا کردەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500