هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەنابەران

نەینەوا خۆی ئامادەدەکات بۆ ئاواره‌كانی تەلەعفەر

خالید تائی

کوڕێکی عێراقی ئاوارە قەفەسێکی کۆتری هەڵگرتووە لەوکاتەدا کە خەڵك دەگەنە کەمپێکی کاتی لە موسڵ لە 16 حوزەیراندا. بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا لەئێستادا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ شەپۆلێکی نوێی ئاوارە لە تەلەعفەرەوە. [محەمەد شەهید / ئاژانسی فرانس پرێس]

کوڕێکی عێراقی ئاوارە قەفەسێکی کۆتری هەڵگرتووە لەوکاتەدا کە خەڵك دەگەنە کەمپێکی کاتی لە موسڵ لە 16 حوزەیراندا. بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا لەئێستادا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ شەپۆلێکی نوێی ئاوارە لە تەلەعفەرەوە. [محەمەد شەهید / ئاژانسی فرانس پرێس]

بەرپرسێکی نەینەوا هەینی (11 ئاب) پشتڕاستیکردەوە کە پارێزگاکە ئامادەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شەپۆلێکی چاوەڕوانکراوی ئاوارەکان لە تەلەعفەرەوە له‌کاتێكدا هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێك دەستپێدەکەن بۆ دەرپه‌ڕاندنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

بەرپرسی بەڕێوبەرێتی کۆچ و کۆچبەرانی نەینەوا محەمەد ئیحسان بە دیارونای وت: "بەڕێوەبەرێتیەکەمان بەتەواوی ئامادەیە بۆ لەخۆگرتن و دابینکردنی شوێن بۆ ئەو خێزانانەی چاوەڕواندەکرێت لە تەلەعفەرەوە ئاوارە ببن له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شەڕه‌كه‌."

وتی: "نوسینگەیەکمان کردۆتەوە لە بادوش لەسەر شاڕێگەی موسڵ-تەلەعفەر. نوسینگەکە نزیکترین وێستگەیە بۆ وەرگرتنی هاوڵاتیانی هەڵاتوو."

وتیشی تیمێکی فریاگوزاری لە بەڕێوبەرێتیەکەوە لەوێیە بۆ ئامادەکردنی خۆراك و کۆمەکی تەندروستی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لەو شارە هەڵدێن، کە کەوتۆتە 70 کیلۆمەتر باکوری خۆرئاوای موسڵ.

ستافی بەڕێوبەرێتی کۆچ و کۆچبەرانی نەینەوا پاکێجی کۆمەك ئامادەدەکەن بۆ کەمپی ئاوارەکانی دەوروبەری نەینەوا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە وەرگیراوە]

ستافی بەڕێوبەرێتی کۆچ و کۆچبەرانی نەینەوا پاکێجی کۆمەك ئامادەدەکەن بۆ کەمپی ئاوارەکانی دەوروبەری نەینەوا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە وەرگیراوە]

وتی: "ژمارەیەکی پێویستی خێوەتگەی داڵدەدان دابینکراون لە کەمپەکان لە نزیك موسڵ -- سەلامیە، حەسەن شام، خازر و دیبەگە." وتیشی کەمپەکان بڕە خۆراك بۆ دۆخی کتوپڕ و شمەکی دیکەیان پێدراوە.

هه‌روه‌ها وتی: "بەهاوکاریی دەزگا فریاگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، سه‌به‌ته‌ی خۆراك، ئاو، راخەر و دۆشەکمان ئامادەکردووە، لەگەڵ كه‌ره‌سه‌ی چێشتلێنان."

ئیحسان پشتڕاستیکردەوە بەڕێوبەرێتیەکە دەتوانێت هەموو خەڵکە ئاوارەکە لەخۆبگرێت و خزمەتگوزاریی دۆخی کتوپڕ و پێوستیان بۆ دابینبکات.

دانیشتوان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکە

پێشئەوەی داعش لە هاوینی 2014 شارەکە بگرێت، دانیشتوانی تەلەعفەر نزیکەی 200,000 کەس بوو. لەئێستادا روون نیە چەند مەدەنی لە شارەکەدا ماونەتەوە.

ئیحسان وتی بە سەدان دانیشتووی موسڵ کەمپی ئاوارەکانیان جێهێشتووە لە چەند مانگی رابردوودا و بەبڕیاری خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دوای ئەوەی ئاسایش و خزمەرتگوزاریی پێویست دابینکرا.

وتیشی: "دەتوانین بڵێین زیاد لەسه‌دا 90ی دانیشتوانی خۆرهەڵاتی موسڵ گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و ئێستا دەستیان کردۆتەوە بە ژیانی ئاسایی خۆیان."

هه‌روه‌ها وتی ژمارەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بۆ خۆرئاوای موسڵ سنوردارە، "لەبەرئەوەی زۆرێك لە خانو و ژێرخانی گەڕەکەکان، بەتایبەتی لە ناوچەی موسڵی کۆن، روخێنراون".

وتیشی تائێستا، تەنیا دانیشتوانی گەڕەکە کەمتر زیان بەرکەوتووەکان توانیویانە بگەڕێنەوە.

ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەمساڵدا تائێستا، زیاد لە 250,000 کەسی ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە موسڵ و نەینەوا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500